=KTML_Bold=نیاندرتاڵی شانەدەر ناسنامەیەکی کوردستانی پیرۆزە=KTML_End=
نووسەر: #سامان سۆرانی#
دەوترێ، ئەوەی ڕابردووی نەبێ، ئێستا و ئایندەی نابێ. پێویستە ئێمە لە ڕابردوو فێربین
گرینگیدان بە میراتی فەرهەنگی، کە پشکدارە لە گەڵاڵەکردنی کەسایەتی تاکەکانی کۆمەڵگە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییان بەو ژینگەیەی، کە تێیدا دەژین و گرێدانی تاک بە ناوەڕۆکی ئەو شارستانییەتە، کە لەسەر خاکی کوردستان بە درێژایی هەزاران ساڵ دامەزراوە و ئاشناکردنیان بەو ئەزموونە کەڵەکەبووانە، دەزوویەکی باریکە، کە ڕابردوو لە ئێستا جیا دەکاتەوە و ئەوەش ئاشکرا دەکات، کەوا هەموو ڕووداوێکی مێژوویی گرنگی خۆیی هەیە بۆ نەخشاندنی هێماکانی ئایندەمان.
کاتێ مێژوو دەبێتە لە پێشینەکانی تاک، سۆزداری بۆ ئاسەوار دەبێتە واقیع، چونکە ئەوەی زانراوە، سروشتی مرۆڤ ناگۆڕێت، بەڵام ئاسەوارەکان لەوانەیە سەرساممان بکەن، کاتێ گەواهی لە ڕابردوو دەکەن و چەمکێکی نوێی مرۆڤایەتیمان پێ دەبەخشن.
لێرەدایە ویست و ئارەزوو بۆ کنە و پشکنین و شرۆڤەکردنی میراتی باوباپیرانمان درووست دەبێت، وەکو تاکە ڕێگەیەک بۆ دۆزینەوەی ئەوەی، کە ئێمە کێین و چۆن چیڕۆکمان بگێڕینەوە و بە چ شێوەیەک چوارچێوەی کات بۆ بنیاتنانەوەی مێژوو دیاری بکەین.
چونکە ئەو میکانیزمە تێگەیشتنمان لە ڕابردوو و لە مێژوو و ڕێڕەومان بەرەوە پێشکەوتن بۆ ئاسان دەکات و ئێمە بە خاک و ڕەگ و ڕیشەمانەوە گرێ دەدات و بەڵگەی پێویست دەخاتە بەردەستمان بۆ داڕشتنەوەی مێژوو و مرۆڤایەتیمان.
گەلان و نەتەوەکان میرات و کەلەپوور و ئاسەواری خۆیان بە پیرۆز دەزانن و بە سەرچاوەیەکی نێشتمانی دادەنێن، کە پێویستە بپارێزرێن و گرینگییەکی لە ڕادەبەردەریان پێ بدرێ، چونکە ئاسەوار و میرات مێژووی بوونی نەتەوە تۆمار دەکات.
بۆیە پێویستە کار لەسەر ئامادەکردنی ستراتیژێکی گشتگیر بکرێت، نەتەنها بە زیندووکردنەوەی میراتی کوردستان و پاراستنی، بەڵکو بە پێدانی بەهایەکی مەعنەوی بەو میراتە، تا لە ڕێگەیەوە گەل ڕوحی نیشتمانی و هەستی کوردستانی بوونی پێ بگات و لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە بوونی خۆی بسەلمێنێ.
جێبەجێکردنی ستراتیژێکی لەو شێوەیە تەنیا لە چوارچێوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەوار قەتیس نابێت، بەڵکو پێویستی بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی حکوومەت و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانە.
نابێت ڕۆڵی میدیا کوردستانییەکان و دامەزراوە میدیاییەکانی تر لە یاد بکەین، کە دەتوانن لە ڕێگەی ئیمکانیاتی بینراو و بیستراو و نووسراوەوە گرنگی ئەو ستراتیژە بەرجەستە بکەن و بەردەوام ڕێکلام بۆ فەرهەنگی پاراستنی شوێنەوار بکەن، وەکو سەرچاوەیەکی نیشتمانی، کە پێویستە بپارێزرێن.
زاناکان گرنگییەکی زۆریان بە هەڵۆی گوڵەکان نەدا، کە لەگەڵ ئێسک و پروسکەکانی نیاندرتاڵەکان دەردەکەوت، کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە ئەشکەوتی شانەدەر لەگەڵ 10 سکلێتی ئێسک دۆزرایەوە، بەڵام دۆزینەوەی ئەم دواییەی ئێسکەبەندییەکی نوێ چەند مانگێک لەمەوبەر ئەو دڵنیاییەی قووڵتر کردەوە کە بوونی هەڵۆی گوڵەکان ڕێکەوت نەبووە، هەروەها سەرلێشێواوی دەربارەی جۆری هۆشیاری نیاندرتاڵ ڕەوێنرایەوە و بە پێویست زانرا دووبارە پێداچوونەوە بە کێوی بوون یان کێوی نەبوونی نیاندرتاڵ بکرێتەوە.
ئەم ئەشکەوتە یەکەمین هەڵکۆڵینەکانی نیاندرتاڵەکانی لە پەنجاکان تا شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیوە، کە لەلایەن شوێنەوارناسی ئەمریکی ڕاڵف سلۆکی و تیمەکەی، کە سەر بە زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمریکایە، ئەنجامدرا.
لەم دواییەدا ژمارەیەک لە زانایانی زانکۆی کامبریج ئێسکە سکلێتێکی نوێی مرۆڤی نیاندرتاڵیان لە ئەشکەوتی شانەدەر لە دەڤەری بارزان دۆزییەوە و مێژووەکەیان بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا گەڕاندەوە و ناویان نا (شانەدەر زێد).
کەواتە ئەو کەللەسەرەی ژنە نیاندەرتاڵ، کە ساڵی 2018 لە لایەن تیمێکی زانکۆی کامبریجی بەریتانی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، بووە سەرچاوەی تێگەیشتنی نوێی جیهان بۆ ژیانی نیاندەرتاڵەکان.
بە خۆشحاڵییەوە بۆ ئێمەی کوردستانی ئەمساڵ بە هاوکاری نێتفلێکس بەڵگە فیلمێ لەسەر ئەو ژنە نیاندرتاڵە بڵاوکرایەوە لە ژێر ناونیشانی نهێنییەکانی نیاندەرتاڵەکان Secrets of the Neanderthals “ ، کە بووە هۆکاری ناساندنی زیاتر کوردستان لەسەر ئاستی جیهان.
=KTML_Bold=بۆیە پیویستە ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕەچاو بکەین:=KTML_End=
1- گرنگیدان بە هەڵمەتی هۆشیاری کولتووری و ڕێنماییکردن، کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بێ لە پاراستنی شوێنەوارە کۆنەکانی تایبەت بە هەرێم.
2- گرینگیدانی حکوومەت بە چاککردنەوە و نوێکردنەوەی ئاسەوار لە هەرێمی کوردستان.
3- بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری منداڵان و گەنجان لە ڕێگەی دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە کە پاراستنی چۆنێتی ئاسەوارەکان نیشان دەدات.
4- ڕێگەنەدان بە زیان گەیاندن و وێرانکردنی هیچ شوێنەوارێکی کۆن لە هەرێم، بە تایبەتی لە کاتی سەردانی گەشتیاران بۆ ئەو شوێنانە.
5- پێویستە لایەنەکانی پەیوەندار بە شوێنەوار چەندین کۆنفرانس و کۆڕبەند ئەنجام بدەن، کە هاندەر بن لە پاراستنی شوێنەوارە کۆنەکان.
6- پێویستە چاندنی خۆشەویستی مێژوو و شارستانیەت لە دڵی خەڵکدا گەشەی پێ بدرێت، کە دواجار دەبێتە هۆی پاراستنی شوێنەوارە کۆنەکان.
7- پێویستە شوێنەوارناسان بەرنامەی هۆشیاری ئامادە بکەن بۆ یارمەتیدانی پەروەردەکردنی خەڵک و هاندانیان لە پاراستنی شوێنەوار.
گرینگە لە شوێنێکی گرینگی وەکو شانەدەر موزەخانەیەکی سەردەمیانە درووست بکرێ و سەرجەم بەرهەمی کنە و پشکنینەکان لەو مۆزەخانەیە نمایش بکرێ و لە ڕێگەی پسپۆڕانی ئەو بوارە بەڕێوە بچێت.
لە کۆتاییدا شوێنەوارەکان بەشێکی دانەبڕاون لە ئاسایشی نیشتمانی و بەبێ پاراستنیان ناتوانن بمێننەوە و بەرجەستە بن، بۆیە پێویستە حکوومەتی هەرێم تێڕوانینێکی ئایندەیی هەبێ بۆ سیاسەتی پاراستنی شوێنەوار و زامنکردنی بەردەوامبوون لەسەر گرینگیدان بە مێژووی کوردستان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=