کۆسار عوسمان
#دەوڵەت باخچەلی# ، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ڕایگەیاند، یەکدی خۆشەویستنی کورد و تورک لە ڕووی ئایینی و سیاسییەوە پێویستە.
لە سەمپوزیۆمی سەدەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی زیا گۆکاڵپ، مێژووناس و زمانزان، دەوڵەت باخچەلی وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە پێکەوەژیانی کورد و تورک کرد.
باخچەلی کە لەم ماوەیەدا بووەتە ڕۆژەڤ لەسەر هەڵوێستی ئەرێنییانەی بۆ نزیکبوونەوەی کورد و تورک، وتی: خۆشویستنی تورک و کورد بۆ یەکدی ئەرکێکی ئایینی و سیاسییە.
سەبارەت بە پێکەوەژیانی کورد و تورک باخچەلی چەند وتەیەکی زیا گۆکاڵپی وەبیرهێنایەوە و وتی ئەمە وتەی بیرمەندی خوالێخۆشبوومانە؛ کورد و تورک لە ئەنجامی ئایینی هاوبەش، مێژووی هاوبەش و جوگرافیای هاوبەش لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە یەکیدیان گرتووە. ئەمڕۆش ڕووبەڕووی دوژمن و مەترسیی هاوبەش بوونەتەوە. تەنیا لە ڕێی پێداگرییەکی هاوبەشەوە دەتوانن خۆیان لەو مەترسییە ڕزگار بکەن. کەواتە بە باوەڕێکی زۆرەوە دەتوانین بڵێین؛ یەکدی خۆشویستنی تورک و کورد، بۆ هەردوولایان فەرزێکی ئایینی و سیاسییە. ئەگەر تورکێک هەیە کوردی خۆشنەوێت، تورک نییە. ئەگەر کوردێکیش هەیە کە تورکی خۆشنەوێت، کورد نییە.
باخچەلی هەروەها ئاماژەی بە هێرشی سەر کۆمپانیای هاوبەشی پیشەسازی بۆشایی ئاسمان و بۆشایی ئاسمانی تورکیا (توساش) کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد هێرشەکە دەریخست کە پەکەکە و یەپەگە دوژمنی تورک و کوردن.
زیا گۆکاڵپ (1876-1924) لە ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە. کۆمەڵناس، مێژوونووس، زمانزانێکی بە ڕەچەڵەک کوردە، بەڵام خزمەتی مێژوو و زمانی تورکیی کردووە و بە باوکی نەتەوەی تورک دەناسرێت.[1]