کوردەکانی سوودان
نووسینی: #قوتەیبە فازڵ#
$پێشەکی$
دوای بڵاوکردنەوەی چەند بەشێک لە زنجیرەی (کوردانی دوور لە نیشتمان) لە سایتی (ناوەندی چاوی کورد) بەهۆی خوێندنەوە لە خوێنەرانی ئەو زنجیرە باسە دابڕام، پشت بە خوا و بەداوای لێبووردن لە خوێنەران جارێکی دی دەست دەکەینەوە بە دووبارە نووسینەوەی ئەو زنجیرەیە، بە هیوای کەڵک گەیاندن بە کەلێنێکی ون و پشت گوێخراوی مێژووی نەتەوەکەمان، لەم بەشەدا کورتەیەک لە مێژوو ژیانی (کورد لە سوودان) یاخود (کوردەکانی سوودان) دەخەینە ڕوو، سوودان یەکێکە لە وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا، ئەم کیشوەرە بە یەکێک لە سەرسووڕهێنەرترین جێگەکانی سەر گۆی زەوی دادەنرێت کە خاوەنی کولتوورێکی دەوڵەمەند و دەگمەنە لە هەموو بوارەکاندا.
ڕەنگە ئەم ناونیشانە بەلای زۆربەمانەوە جێی سەرنج بێت، سوودان لە کوێ و کورد لە کوێ؟ بەڵام ئەگەر بڕوانین کورد، یان بەهۆی نەهامەتی و دورخستنەوە لە نیشتمانەکەی دوور خراوەتەوە، یان بەهۆی دەسەڵاتییەوە لەو کاتانەی کە کورد باڵادەست بووە لە کوردستانی نیشتمانی بنەڕەتی دوورکەوتووەتەوە.
$ (مێژوو، ئامار و شوێنی دابەشبوونی جوگرافی کوردەکانی سوودان)$
کورد لەسوودان ڕەگ و ڕیشەی کۆنیان هەیە، هەندێکیان لە سەردەمی (سەڵاحەدینی ئەیوبی) لە میسڕەوە چوونەتە سوودان هەندێکی تریان لە سەردەمی عوسمانی، ئەوە بابەتێکی مێژووییە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشی و جێی شانازییە بۆ نەتەوەی کورد، ئەوەیە کورد لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانەدا بێت هەمیشە شانازی بە کورد بوونی خۆیەوە دەکات، ئەم وتەیە بەتەواوی لە کوردەکانی سووداندا بەدی دەکرێت، تا ئێستا کوردەکانی سوودان هەر لەقەبی (ئالکورد یان ئەلکوردی) وەکوو پاشناوێک بەکار دەهێنن، هەر چەندە زمان و کولتوورەکەیان و ڕەنگی پێست و ڕوخساریان ون کردووە، بەڵام شانازی بە کورد بوونیان دەکەن و تەنانەت ئەم پاشناوەیان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیشان زیاد کردووە وەک (قرية الکردي–المنطقة الکردية –المدينة الکردية–الشارع الکردي)
مێژووی کۆچی کورد و نیشتەجێ بوونیان لە سووداندا بۆ چەند سەردەمێک دابەش دەبێت؛ سەردەمی دەوڵەتی ئەیوبیەکان و بە دیاریکراوی بۆ نزیکەی (800) هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر، کاتێک سوڵتان (سەڵاحەدینی ئەیوبی) دەوڵەتی فاتمییەکانی لە میسر لە ناوبردوو دەسەڵاتی ئەیوبییەکانی جێگیر کرد ئارامی و ئاشتی بۆ ناوچەکە گەڕاندەوە، لە هەمانکاتدا تووشی هەڕەشەیەکی دەرەکی بووەوە ئەویش هێرشی سوودانییەکان بوو بۆ سەر میسر کە سوودانییەکان لەو کاتەدا بە (نوبیەکان) ناسرابوون، کە دانیشتووانی ڕەسەنی سوودان بوون و هاوپەیمانی فاتمییەکان بوون، دەستیانکرد بە پشێوی نانەوە، بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیه و پاککردنەوەی سوودان لە پاشماوەی فاتمییەکان سوڵتان (سەڵاحەدین) سوپایەکی بە سەرکردایەتی (توران شا)ی برای ڕەوانەی سوودان کرد و هێرشی بۆ کردن کە توانیتی بیانشکێنێت و دەسەڵاتی تیادا جێگیر بکات. سوپاکەی (توران شا) زۆربەی زۆریان کورد بوون بەتایبەتیی فەرماندەکان کە هەموویان کورد بوون بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە ئەو کوردانە لەوێ مانەوه و جێگیر بوون، هەروەها کەسێکی بە ناوی (ئیبراهیم کوردی) وەک سەرۆکی سوودان جێگیرکرد، بەشێک لەو کوردانەی کە ئێستا لە سووداندان هەمان نەوه و کەسوکاری ئەو کوردانەن. هەروەها لە سەردەمی عوسمانییەکان و بەدیاریکراوی لە سەردەمی سوڵتان سەلیمی یەکەمدا قۆناغێکی دیکەی کۆچی کورد وەکوو چەکداری سوپای عوسمانی بۆ سوودان دەستی پێ کرد، کە هەندێک لە کوردەکان لەو کاتەدا سەرباز و ئەفسەربوون لە سوپای عوسمانیدا. هەروەها قۆناغێکی دیکەی کۆچی کورد بۆ سوودان دوای دامەزراندنی دەوڵەتی میسری نوێ لەلایەن (محەمەد عەلی پاشا)وە بوو، کە ویستی سنووری دەوڵەتەکەی فراوان بکات لە ساڵی 1820 لەشکرکێشی کردەسەر سوودان و لەناو سوپاکەیدا کورد هەبوون کە سوودانی داگیرکرد و لەوێ مانەوە.
کوردەکانی سوودان کە لە ئێستادا ژمارەیان بە زیاتر لە (100,000) سەد هەزار کورد مەزەندە دەکرێت، بە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا بڵاو بوونەتەوە و دابەش بوونه، بەڵام زیاتر لە (خەرتووم)ی پایتەخت و ویلایەتی (کوردوفان) و ناوچەی (قەزاریف) دەبینرێن. ناوچەی کوردفان و قەزاریف کە بە یەکێک لە ناوچە زۆر دەوڵەمەند و بە پیتەکانی سوودان دادەنرێت لە ڕووی کشتوکاڵی و بوونی کانزایەکی زۆر بە تایبەت کانەکانی زێڕ.
گێڕانەوەی جۆراوجۆر لەسەر ناوی (کوردفان) هەیە، دەڵێن کوردێک لە شاری وانی باکووری کوردستان هاتۆتە ناوچەکە و لێی نیشتەجێ بووە لەو کاتەوە بە کۆردۆڤان ناوبانگی دەرکردووە. گێڕانەوەیەکی تر دەڵێت بازرگانێکی زێڕ کە کورد بووە هاتۆتە ناوچەکە و کانێکی زێڕی دۆزیوەتەوە و کرێکاری زۆری دامەزراندووە، لە کاتی کارکردندا شەڕی لەگەڵ کرێکارەکان دەبێت، بازرگانەکە بەردەبێتەوە و دەمرێ، خەڵکەکە بە زمانی عەرەبی هاوار دەکەن کورد فانی، واتە کوردەکە مرد. ویلایەتی کوردوفان کە ئێستاش بەشێکی زۆری کوردەکان لەو ویلایەتە نیشتەجێن و لە ساڵانی هەشتاکاندا حاکمی ویلایەتەکەش کەسایەتییەک بوو بە ناوی (حسین الکوردی).
$بنەماڵە و عەشیرەت و کەسایەتییە کوردییەکانی سوودان$
ئەو کوردانەی لە سوودانن و هەموو بنەماڵە کوردەکان، کورد وەک نازناو بۆ بنەماڵەکانیان بەکاردەهێنن، هەروەها ناوی بەشێک لە دووکان و بازاڕەکانی ئەو ناوچانەی کە کوردی تێدایە کوردییە لەوانە (دڵشاد، کەشکوڵ، جیهان، شیرین، کافتریای کوردی، مەشتەلی کوردی، خواردنگەی کوردی) ئەگەر بە شەقامەکانی پایتەختی سووداندا گوزەر بکەیت بەدەیان و سەدان کۆگا و مارکێت سەرنجت ڕادەکێشێت کە لەپاڵ ناوی شوێنەکەدا پاشگری کورد وەک نازناو لەگەڵیدا نووسراوە. بەناوبانگترین عەشیرەت و بنەماڵە کوردییەکان بریتین لە (بنەماڵەی ئەیووبی گەورە–بنەماڵەی حسێن کوردی–بنەماڵەی عومەیری کوردی–ئالهاکاریین–بنەماڵەی ئالموشللی ئەلکوردی) لەنێو کوردەکانی سووداندا لە کۆن و نوێشدا کەسایەتی گەورە و ناودار بوونیان هەبووە و هەیە کە ڕۆڵیان لە گۆڕانکاری وڵاتدا بینیوە لەوانە لە کاتی داگیرکردنی سوودان لەلایەن بەریتانیا بزووتنەوەیەک بە ناوی (مەھدی) درووست بوو و بەتەواوی وڵات بڵاوبووەوە کە بەرھەڵستکاری بوونی بەریتانیا بوو، دوو سەرکردەی ھەبوو یەک لە ڕۆژھەڵات و یەک لە ڕۆژاوای وڵات. کە سەرکردەی ڕۆژھەڵاتی سوودان کوردێک بوو بە ناوی (عوسمان دیگنەی کوردی) کە هیچ سوودانییەک نییە نەیناسیبێ و ناوبانگی نەزانێت ئەو سەرکردەیە بوو کە شۆڕشی دژی داگیرکاری بەریتانییەکان لە سوودان بەرپا کرد و هەر لە پێناوی ئازادی سوودانیشدا گیانی بەخت کرد و شەهید بوو، کە تاکە سەرکردە بوو توانی شکست بە بەریتانییەکان بێنێ لە مێژووی سوودان، کە ھەتا ئێستاش پلان (خطة) سەربازییەکانی ئەو سەرکردە کوردە (عوسمان دیگنە) لە شەڕەکانی لە دژی بەریتانیا، لە دامەزراوە سەربازیەکانی سوودان دەخوێنرێ، کە لە کۆتایی وەک دیل کەوتە دەست بەریتانییەکان بە زیندانیی ھەتاھەتایی حوکم درا و دوای مانەوەی 17 ساڵ لە زیندان کۆچی دوایی کرد.
شایەنی باسە: لە کاتی دادگایی کردنی بەریتانییەکان لەبارەی نھێنی ئازایەتی لێیان پرسیوە، لە وەڵامدا وتویەتی (کە کوردم و ڕەسەنم دیابەکری)ە، بڕگەیەک لە کتێبی پۆلی سێی سەرەتایی سوودان ھەیە کە باس لەو سەرکردە کوردە دەکات و لە مەنهەجی خوێندندا دانراوە کە لە ساڵی (1926) وەفاتی کردووە. جیا لەوە چەندین کەسایەتی دیکەی کوردی لە سوپای سووداندا گەیشتوونەتە پلەی باڵا لە ڕێزی سوپا وەک (فەریق ڕوکن عەلی محەمەد ئیبراهیم کوردی) کە دووەم لێپرسراوی باڵای وەزارەتی بەرگریی سوودان بووە و کە لە دانیشتووانی ویلایەتی (کوردۆڤان) بوو ساڵی 2015 کۆچی دوایی کردووە، لەناو حزبە سیاسییەکان و دامودەزگاکانی سووداندا کورد کەم تا زۆر ڕۆڵی بینیوە. لەوانە (بابەکر دقنە) بەڕەچەڵەک کوردە وەزیری دەوڵەت بووە لە وەزارەتی دەرەوەی سوودان و سەرۆکی حزبی (یەکێتی نەتەوەیی) سوودان بووە، جگە لەوە (دکتۆر تارق ئیبراهیم حەسەن کوردی) باڵیۆزی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە بۆ کاروباری ئاوارە و کۆچەران لە سووریا و ئێراق و چاوی بە مەرحومی سەرۆک #مام جەلال# کەوتووە و وێنەیان پێکەوە گرتووە.
لەداوی شۆڕشی سوودان و لادانی (عومەر بەشیر) کێشیەکی گەورە لەنێوان سوپا و هێزەکانی سوودان و شورشگێرەکان درووست بوو، کە کێ دەبێتە سەرۆکی حکومەتی کاتی، دواجار هەموویان لەسەر پیاوێکی تەکنۆکراتی ئەسمەر ڕێک کەوتن کە دکتۆرای لە ئابووری هەیە لە زانکۆی مانچستەر دەیان ساڵە لە بوارە لە ئەفریقا کاردەکات دواین پۆستی جێگری سەرۆکی لێژنەی کاروباری ئابووری نەتەوە یەکگرتووەکان بووە، لە ئەفریقا، ئەو پیاوە ناوی (عەبدوڵڵا حەمەدۆکە) لە کوردەفان لەدایکبووە، 65 ساڵە بەڕەچەڵەک سەربە خێزانێکی کوردی سوودانە و پاشناوەکەشی کوردی خۆشەویستی هەموو گەلی سوودانە دوای چەند ساڵ لە تاراوگە گەڕایەوە سوودان و لەناو ئاپۆڕای خەڵک پێشوازی لێ کرا و وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد کە ئەوەندەی تر سوودانییەکانی بۆ پشیتوانی خۆی هاندا. جگە لەوەی دەیان شاعیر و مامۆستا و دکتۆر و مافناسیان هەیه، کە لە مێژووی سووداندا و بوونیاتی دەوڵەتی سووداندا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، شاعیر و هونەردۆستانیش لەنێو کوردەکانی سووداندا دەبینرێت بە جۆرێک هەندێک شاعیری گەورەی سوودان کورد بوون و لە ویلایەتی کسلا ژیاون، لەوانە (عەبدوڵڵا حەسەن ئەلکوردی)یە، یەکێک لە کتێبە شیعرییەکانی 900 بەیتی شیعری بووە، لە شوێنێکدا نووسیویەتی شانازیی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکات، لە شاعیرەکانی تری کوردی سوودان دەتوانین ئاماژە بە (عەبد سەید ئەلکوردی و عەبدولقادر محەمەد ئەلکوردی) بکەین.
$ژیان و گوزەرانی کوردەکانی سوودان$
جێی ئاماژەیە کوردەکانی سوودان زۆربەیان بەدەوڵەمەندی و بازرگانی بە ناوبانگن، زۆربەی کارە بازرگانییەکانی سوودان بە دەستی کوردەکانەوەیە، تەنانەت دەوترێت لەنێو کوردەکانی سووداندا تەنیا هەژارێکیش بوونی نییه، کە وڵاتی سوودان زۆربەی خەڵکەکەی لە ئاستی هێڵی هەژاریدا دەژین، زۆربەی بازرگانی عەتر و بوخوردی سوودان کە بۆ دەرەوەی وڵات دەنێردرێت بە دەستی کوردەکانەوەیە، هەروەها یەکەم کارگەی سابوون کە لەو وڵاتەدا بوونیاد نراوە تا ئێستاش کاردەکات و بەرهەمی هەیە ناوی (سابوونی فابریقەی کوردی)ە. کوردەکانی سوودان بازرگانی (عەتر و بغورد)یان کردووە لەنێوان سوودان و وڵاتانی عەرەبیدا، باسیش لەوە دەکرێت یەکەم کەرەستە پێشکەوتووەکانی کشتوکاڵ لەلایەن کوردەکانەوە هێنراوەتە سوودان، ئێستاش بەشێکیان لە هەردوو ویلایەتی (قازاریف و کەسلا) نیشتەجێن سەرقاڵی کشتوکاڵن ناوچەکەیان بە باشترین ناوچەی کشتوڵی لە جیهاندا دادەنرێت.
$ڕێکخراوە کوردییەکانی سوودان$
بەهۆی ئەوەی کوردەکانی سوودان پەیوەندییەکی پتەو نییە لەنێوانیاندا نەیانتوانیوە لە ڕێکخراوێکدا کۆببنەوە، بەڵام لە دوای لابردنی دەسەڵاتی (عومەر بەشیر) دوو ڕێکخراوی کوردی دامەزرا بە ناوەکانی:
1- ڕێکخراوی سەڵاحەدینی ئەیوبی خێرخوازی کوردی لە خەرتووم.
2- کۆمەڵەی عومەیری کوردی کە لە باکووری سوودانە و سەربە بنەماڵەی عومەیری کوردییە کە زیاتر کاری کۆمەک و هاوکاری دەکەن لە بۆنەکاندا.
$ناکۆکی سوودان و ئەسیوبیا$
زۆر جار لە میدیاکانەوە دەبیستین ناکۆکی نێوان سوودان و ئەسیوبیا گەیشتووەتە ڕادەی تەقینەوە و چەندان جار جەنگی خوێناوی ڕوویداوە لەنێوانیاندا، لەسەر ناوچەیەکی بە پیت و کشتووکاڵی گرنگ لەسەر سنووری هەردوو وڵات لە ویلایەتی (قەزاریف). لێرەدا دەکرێت بپرسین ناکۆکی سوودان و ئەسیوبیا چی پەیوەندییەکی بەم باسەی ئێمەوە هەیە؟ لە وەڵامدا دەڵێین: ئەو ناوچە بە پیت و کشتوکاڵی و پڕ کانی کانزاییە پێی دەوترێت (المنطقة الکردية) ناوچەی کوردی زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن و ناوچەکەش هەر بە ناوی کوردەوەیە لەسەر نەخشەی هەردوو وڵات. ئەمەش بەشێک لە مێژووی ونی نەتەوەکەمان کە بەشێکە لە مێژووی گەلێک کەس خۆی ناکات بە خاوەنی و خۆشی خاوەنداری لە خۆی ناکات تا ئێستا نە توانراوە دامەزراوەیەک درووست بکرێت بۆ کۆکردنەوەی کوردە پەراگەندەکان و نووسینەوەی مێژوویان و ڕەگ و ڕیشەیان، بۆیە زۆر پێویستە حکومەتی هەرێم و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان ئاوڕێکی جددی لەو کوردانە بدەنەوە، هیوادارم لەم کورتە باسەدا زانیارییەکی پڕ سوودمان گەیاندبێت بە خوێنەرانی کورد زوبان.[1]
$سەرچاوەکان$
1- الکرد فی السوودان: منتدیات کوبانی
2- الکرد فی السوودان دراسە تأریخیە: جلال جوهر
3-جريدة سوودان اليوم عدد (264-2015)
4-البلسم في التاريخ ( عبدالله الکردي )
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!