ناونیشانی بابەت: مێژووی نیشتەجێبوونی کورد لە شاری سەفادی وڵاتی فەڵەستین
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
نەتەوەی کورد خاوەن مێژوو و شارستانییەتی کۆنە، هەروەک دابەش بووە بەسەر چەندین وڵاتی جیهان و تیادا نیشتەجێ بووە، مێژووش شاهێدیی ئەوەی بۆ دەدات، کە لە دێرزەمانەوە کورد لە شەڕ و جەنگەکان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و چوونەتە پاڵ نەتەوەکانی دیکە، هەروەک چەندین سەدە لەمەوبەر، چەندان خێزانی کورد لە شاری سەفاد لە وڵاتی فەڵەستین نیشتەجێ بوونە و گەڕەکێکی تایبەت بەناوی کوردیان بنیات ناوە.
سەفاد یەکێکە لە شارە مێژووییەکانی فەڵەستین، بە یەکێک لە بەرزترین شارەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت، کە نزیکەی 900م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، زۆرینەی دانیشتوانی کوردن و شارستانییەتی ئەو شارەیان پێکهێناوە، کە لە ساڵی 1671زایینی زۆرینەی دانیشتوانی ئەو شارە کورد بوونە و لە دوو گەڕەک نیشتەجێ بوونە، بەتایبەت گەڕەکێک بەناوی کورد بووە، کە زیاتر لە 200 خانووی تێدا بووە.
شاری سەفاد، لە ساڵی 1188 زایینی لەلایەن سوڵتان #سەڵاحەدین ئەیووبی# ڕزگار کراوە، بەمەش کورد یەکەم کەس بوونە، کە دوای شەڕی خاچپەرستەکانی لە سەفاد و لە دووی گەڕەکی شارەکەدا وەک سەرباز و پاسەوان لەگەڵ خێزانەکانیان نیشتەجێ بوونە.
وەک سەرچاوەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، ساڵی 1671ی زایینی، گەڕیدەی عوسمانی (ئەولیا چەلەبی) سەردانی شاری سەفادی کردووە و لەبارەیەوە نووسیویەتی: «زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانی شاری سەفاد کوردن و 200 ماڵیان هەیە و گەڕەکێکیشیان بەناوی ئەوانەوە ناو نراوە.
ئەولیا چەلەبی، گەڕیدەی عوسمانی، لە ماوەی ژیانیدا سەردانی 257 شاری کردووە و لە ئینسایکلۆپیدیای سیاحەتنامەدا تۆماری کردوون، هەروەها گەشتەکانیشی زیاتر لە 50 ساڵی خایاندووە، لەو ماوەیەدا سەردانی زۆربەی ناوچەکانی جیهانی ئیسلامی و ئەوروپای کردووە، یاوەریی سوپاکانی عوسمانی کردووە بەرەو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، توانیویەتی زۆربەی وڵات و ناوچەکانی (ئەنادۆڵ، ڕۆمەکان، #کوردستان#، بیلاد فارس، قەفقاز) ببینێت.
پاشان دەگاتە دوورگەی کریت و گەشتێک بۆ (ئێران، ڤیەننا، ئەڵمانیا، سوید، هۆڵەندا، پۆڵەندا، ڕووسیا، هەنگاریا، بولگاریا، یۆنان، بۆسنە، شام، عێراق، نیمچە دوورگەی عەرەبی، میسڕ و چەندان شار و وڵاتی دیکە ئەنجام دەدات.
سەرچاوەکان: - مێژووی کۆنی کوردستان، یوسف نووری. ئینسایکلۆپیدیای سیاحەتنامە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!