کورد لە یەمەن
نووسینی: #قوتەیبە فازڵ#
مێژووی کورد لە یەمەن مێژوویەکی دوورودرێژە و پڕ لە بەرزی و نزمی و دەسەڵات و دوور کەوتنەوەیە لە دەسەڵات، بەداخەوە کورد زۆر جار لە مێژوودا کە گەیشتووەتە لوتکەی دەسەڵات هەر خۆی بووەتە هۆی لەناوچوونی دەسەڵاتەکەی، داڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتە، ئەم مێژووە بۆ کوردەکانی یەمەنیش هەمان ڕاستییە.
لە سەردەمی عەباسییەکاندا وڵاتانی موسوڵمان بەهۆی فراوانبوونییەوە لاوازییەک لە دەسەڵاتی سەرکردایەتیاندا درووست دەبێت، بەهۆیەوە چەندین دەسەڵات و وردە دەوڵەت سەرهەڵدەدەن، یەمەنیش لەو سەردەمەدا چەندین دەوڵەتۆچکە و دەسەڵاتی تیادا بوو کە لە ناکۆکییەکی بەردەوام و بارگرژیدا دەژیان بەرانبەر بە یەکتر، بەهۆی گرنگی ناوچەکەیان و نزیکییان لە شوێنەوارە ئایینییە پیرۆزەکانی ئیسلامیشەوە چاوی تەماعکاری خاچ درووشمەکان و دەوڵەتانی تری داگیرکاری ڕۆژاوایی زۆر لەسەر یەمەن بوو، بۆیە لەو کاتەدا پێویست بوو هێزێک ئەو دەوڵەتە پەرتەوازەیە یەک بخاتەوە، تەنیا هێزێکیش لەو کاتەدا دەسەڵاتی سەڵتەنەی (ئەیووبیەکان) بوو بە سەرکردایەتی سوڵتان (سەڵاحەدینی ئەیووبی). لە ئێستادا کوردەکان لە ناوخۆی یەمەندا بە چەند نازناوێک دەناسرێنەوە کە بریتین لە ( الکردي–الايوبي–انصار السنة) هەر یەک لەم نازناوانە بە هەر تاکێکی یەمەنییەوە بوو ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەو کەسە کە کوردە.
$مێژووی کوردانی یەمەن$
بوونی کورد لە یەمەن بۆ چەند قۆناغێک دابەش دەکرێت لەلایەن مێژوونووسانەوە:
=KTML_Bold=قۆناغی یەکەم=KTML_End=: سەردەمی دەسەڵاتی ساسانییەکان، سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن لە سەردەمی ساسانییەکاندا کە دەسەڵاتی یەمەنیان بەدەستەوە بووە بەشێک لە جەنگاوەرەکانیان کورد بوونە بۆ بەڕێوەبردنی یەمەن ڕەوانە کراون، دوای ئەوەی کە پاشای یەمەن تووشی شەڕ دەبێت لەگەڵ ئەسیوبیەکان و توانای بەرەنگاربوونەوەی نابێت، پەنا دەباتە بەر ساسانییەکان کە ئەو کاتە پاشا خەسرەوی یەکەم (ئەنوشیروان) پادشای ساسانییەکان دەبێت و هەندێک سەرچاوە باس لەوەدەکەن کە کوردە، ئەویش یارمەتیی یەمەنییەکان دەدات بە لەشکرێک کە زۆرینەی کورد دەبن و لە یەمەن دەمێننەوە و تیایدا نیشتەجێ دەبن و بەڵام لە ئێستادا هیچ شوێنەوارێکیان دیار نەماوە.
=KTML_Bold=قۆناغی دووەم=KTML_End=: سەردەمی ئەیووبیەکان، لە ساڵی (1173) زاینی سوڵتان سەڵاحەدین هێزێک بە سەرکردایەتی (تۆران شا)ی برای بەرەو یەمەن دەنێرێت کە زۆربەی پێکهاتەی سوپاکەی لە سەربازانی کورد بوون بۆ دەستبەسەراگرتنی یەمەن و یەکخستنەوەی تەواوی خاکی یەمەن لەژێر سەرکردایەتی سەڵتەنەی ئەیووبییەکان و لکاندنی بە میسڕەوە، کە ئەمە بە یەکەم یەکگرتنی نێوان میسڕ و یەمەن لە مێژوودا تۆمار دەکرێت، سەرەتا لە ناوچەیەک نە ناوی (توهامە) سوپاکەی دەوەستێنێت و پاشان هێرش دەکاتە سەر کوڕانی (مەهدی) کە ئەو کاتە دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بوون دوای تێکشکانیان بەرەو عەدەن دەکەوێتە ڕێ، ئەیووبییەکان ماوەی (50) پەنجا ساڵی تەواو دەسەڵاتی یەمەنیان گرتە دەست و لەو ماوەیەشدا کۆچێکی زۆری کورد بۆ یەمەن ڕوویدا، بەهۆی ئەو ئارامییەی کە لە یەمەندا هاتەدی خەڵکی یەمەن بەدەسەڵاتی ئەیووبییەکان خۆشحاڵ بوون.
=KTML_Bold=قۆناغی سێیەم=KTML_End=: سەردەمی عوسمانییەکان، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا پاراستنی بەندەری (حودەیدە) بە هێزێک دەسپێردرێت کە لە کوردانی باکوور پێکهێنرابوو، ئەم کوردانە لە حودەیدە نیشتەجێ دەبن و بۆ چەند سەدەیەک تا جەنگی جیهانی یەکەم و داگیرکردنی یەمەن لەلایەن بەریتانییەکانەوە ئەم بەندەرە بەدەستی عوسمانییەکانەوە بوو کە کاربەدەستانی کوردی بەڕێوەیان دەبرد، کە چەند سەدەیەک یەک لادوای یەک بەڕێوەبەری بوون، لە پاش داگیرکردنی لەلایەن بەریتانییەکانەوە کوردەکان بوون بە چەند بەشێکەوە؛ هەندێکیان لە یەمەن مانەوە و ڕوویان کردە شاری عەدەن و تا ئیستاش بە (عائلة الاکراد) لە عەدەندا ماون، بەشێکی تریان ڕوویان کردە میسڕ و بەشێکیشیان لە شاری (مەدینە) لە وڵاتی سعودیە نیشتەجێ بوون.
$دابەشبوونی جوگرافی کوردەکانی یەمەن$
کوردەکانی یەمەن بەهۆی فراوانی خاکی یەمەن و دووریان لەیەکەوە لە شوێنێکی دیاریکراودا نیشتەجێ نین، بەڵکوو بە سەرانسەری وڵاتی یەمەندا بڵاو بوونەتەوە، بەڵام وەک شانازییەک بە ناسنامەی کوردبوونیانەوە پاشگری کورد بە ناوەکانیانەوە یاخود بنەماڵەکانیانەوە ماوەتەوە، جگە لە چەند گوندێک بە ناوی (قرية الکردي–قرية الاکراد) کە لە چەند پارێزگایەکی یەمەندا ئەم ناوانە دووبارە دەبنەوە وەک:
پارێزگای مەحویت
پارێزگای عەدەن
پارێزگای حودەیدە
پارێزگای ڕیمە
لە هەریەک لەم پارێزگایانەدا کورد بوونی هەیە، سەرەڕای پایتەختی یەمەن کە ناوچەیەیەکی تیادایە بە (منطقة الاکراد) ناو دەبرێت.
$بارودۆخی کوردانی یەمەن$
کوردەکانی یەمەن لەگەڵ کۆمەڵگەی یەمەنیدا تێکەڵیەکی زۆریان هەیە و بوونەتە بەشێک لەو کۆمەڵگەیە، سەرەڕای پاراستنی ناسنامەی کوردبوونیان، بەڵام لە دوای دەستبەسەراگرتنی پایتەختەوە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی (حوسی)یەوە کوردەکان تووشی ئەشکەنجە و ڕاوەدوونان و ڕاگواستن بوونەوە لەبەر دوو هۆکار:
=KTML_Bold=یەکەم=KTML_End=: هۆکاری مەزهەبی، کە تەواوی کوردەکانی یەمەن سووننە مەزهەبن ئەمەش هۆکار بوو بۆ داخستن و دەستبە سەرداگرتنی بنکەی (جمعية الاکراد اليمنين) لە سەنعای پایتەخت، کاتێک حووسییەکان دەستیان بەسەر شاری سەنعادا گرت و سەرجەم ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە تووشی گرتن و ڕاوەدوونان بوونەوە.
=KTML_Bold=دووەم=KTML_End=: لایەنگری کوردەکانی یەمەن لە حکومەتی ناوەندی کە پێی دەوترێت دەسەڵاتی شەرعی و لەنێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا باوەڕپێکراوە، لەبەر ئەو هۆیانە کوردەکانی یەمەن لایەنگیری خۆیان بۆ ئەو حکومەتە دەربڕی و لەگەڵیدان.
لە ڕووی ئابوورییەوە کوردەکانی یەمەن خاوەن ئابوورییەکی مامناوەندن بە زۆری خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین، سەرەڕای هەندێکیان بە بازرگانی قاوەوە خەریکن کە قاوەی یەمەن یەکێکە لە باشترین جۆری قاوەکانی جیهان.
$بنەماڵە و ژمارەی کوردەکانی یەمەن$
ئامارێکی درووست تا ئێستا لەبەردەستدا نییە کە ژمارەی تەواوەتی کوردەکانی یەمەن دەربخات، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هەیە بە گوێرەی دانیشتووانی ئەو گوندانە و ئەو خێزانانەی لەو گوندە کوردیانەدا دەژین؛ ژمارەی کوردەکان خۆی نزیک دەکاتەوە لە چوار هەزار کەس، بەڵام ڕۆژنامەنووسێکی کوردی یەمەن بە ناوی (عزام عبدالسلام علی الکردی) کە خەڵکی پارێزگای مەحویتە لە یەمەن و چەند جارێکیش سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و من لە نزیکەوە گفتوو گۆم لەگەڵ کردووە دەڵێت (ژمارەی کوردەکانی یەمەن زیاتر لە دوازدە هەزار دەبن، بەڵام بەهۆی زوڵم و ستەم کە لەسەریان بووە زۆربەیان ڕوویان کردووەتە دەرەوەی یەمەن، لەوانە وڵاتی میسڕ و وڵاتانی ئەوروپا تەنانەت لە دەرەوە ڕێکخراوێکیان درووستکردووە بە ناوی–اتحاد کرد اليمن في المهجر)
$ڕێکخراوە کوردییەکانی یەمەن$
کوردەکانی یەمەن دوای نەمانی دەسەڵاتی (عەلی عەبدوڵڵا ساڵح) چەند ڕێکخراوێکیان درووستکرد بە ئامانجی کۆکردنەوەی کوردەکان و لێکنزیککردنەوەیان یەکخستنی دەنگیان، لەو پێناوەشدا سێ ڕێکخراو بە فەرمی درووستکرا:
1-ڕێکخراوی سەڵاحەدینی ئەیوبی.
2-ڕێکخراوی (بيت الکردي).
3-ڕێکخراوی (جمعية کرد اليمنيين)
ئەم سێ ڕێکخراوە بە فەرمی لە یەمەندا بنکەیان هەیە، هەرچەندە لە دوای دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات لەلایەن میلیشیا حووسییەکانەوە، ئەم ڕێکخراوانە لەو ناوچانەی حووسییەکاندا دەرکراون و بارەگاکانیان پێ داخراوە و بەشێکی زۆریش لە کوردەکان تووشی ڕاگواستن و دەربەدەری بوونە بۆ وڵاتانی دەرەوە، لەو پێناوەشدا ڕێکخراوی (اتحاد کرد اليمن في المهجر) درووستکراوە. کوردەکانی لەبەر ئەوەی پەرتەوازە و دوور لە یەکتربوونە و لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی و ئیداری ئەوتۆیان نەبووە، زیاتر خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوونە کەسانی سیاسی و سەربازی دیاریان تیادا نەبووە.
بەڵام جێی دڵخۆشییە کە کوردەکانی یەمەن بە چاوی هیواوە دەڕواننە هەرێمی کوردستان؛ هەر لەو پێناوەشدا لە کاتی (ڕیفڕاندۆم)ی کوردستاندا بۆ سەربەخۆیی زۆر بە گوڕ و تینەوە گەنجانی کوردی یەمەن (هاشتاگ)ێکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درووستکرد و بەڕێوەیان دەبرد بۆ پشتیووانی لە ڕیفڕاندۆمی کوردستان، کە پاشان تووشی ڕەخنەیەکی زۆر و هێرشێکی ناڕەوای ڕاگەیەندن بوونەوە و بە بەکرێگیراوو خیانەتکار و دەستی ئیسرائیل ناودەبران، بە تایبەت لەلایەن حووسییەکانەوە.
$شوێنەوارە کوردییەکان لە یەمەن$
جگە لەوەی کە چەندین گوند و گەڕەکی شارەکانی یەمەن بە ناوی کوردەوە هەن، بەڵام چەند شوێنەوارێکی زۆر دیار هەیە لە یەمەن کە تا ئێستا ماونەتەوە و هەر بە ناوی کوردەوە ناو زەد دەکرێن، یەکێک لەو جیگانە (قلعة الکردي)ە لە بەندەری حودەیدە. یادەوەری لەلای یەمەنییەکان هەیە کە چۆن ئەو کوردانەی لەو قەڵایەدا بوونە بەرگریان کردووە دژی داگیرکاری بەریتانییەکان لە جەنگی جیهانی یەمەن و تا شەهیدبوونی دوا سەربازیان ئەو شوێنەیان ڕادەست نەکردووە، پاشان تا ئێستاش گۆڕی ئەو سەربازە کوردانە لە تەنیشتی پاشماوەی ئەو قەڵایەدا ماوەو وەک نزرگەیەک خەڵکی یەمەن لێی دەڕوانن، هەروەها (حصن الاکراد) لە پارێزگای مەحویت و چەندین شوێنەواری تر.
هەر لێرەدا دەمەوێت ئاماژەیەک بە نووسراوێکی (#محەمەد ئەمین زەکی بەگ# ) بکەم لە کتێبی (#خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان# ) وەک خۆی دای بنێمەوە بۆ خوێنەران: (دەیزانین کە یەمەن لە تەڕەف مەلیک ئەلموعەززەم توورانشاهی برای سوڵتان سەڵاحەددینەوە و لە تاریخی 569 ﮪ.دا فەتح کرا و مەلیک ئەلموعەززەم دوو ساڵێک لە یەمەندا بە ناوی کاکییەوە حکوومەتی کرد. لە دواییدا وەکیلێکی بە سەرەوە دانا و خۆی گەڕایەوە میسر. لە دوای وەفاتی، یەمەن درا بە مەلیک ئەلعەزیز توغتەکینی برای سوڵتان سەڵاحەددین (579 ﮪ). ئەم ئەمیرە تا وەفاتی، لەوێ ما (16ی شەووالی 593). لە دوای ئەم، ئەلموعیزز ئیسماعیلی کوڕی، هاتە جێگەی، بەڵام لە 598 ﮪ.دا کوژرا. ناسر ئەیووبی برای، جێگەی گرتەوە و ئەمیش لە 12ی موحەڕڕەمی 611دا دەرمانخوار کرا، لە دوای ئەمە، مەلیک “مەسعوود سەڵاحەددین یۆسفی” کوڕی “مەلیک کامیل”، بووەتە حاکمی یەمەن و بە قووەتێکەوە ڕووی کردە یەمەن و لە 2ی موحەڕڕەمی 612دا گەیشتە مەرکەزی یەمەن کە «زبید» بوو. لە دوای گرتنی تەعز، سڵێمان ئیبنی تەقیەددین عومەر ئیبنی شەهەنشاه بۆ میسر، لەگەڵ ئیمامدا کەوتە شەڕەوە و لە 8ی جەمادی کۆتایی 514دا سەنعای زەوت کرد. لە 619دا ئومووری حکوومەتی، تەودیعی کوڕانی ڕەسووڵی کرد و لە 620 ﮪ.دا گەڕایەوە میسر. لە 624 لە ڕەجەبدا هاتەوە یەمەن و کوڕانی ڕەسووڵی زیندانکرد و لە عەینی ڕۆژدا بەری دان. لە عەینی ساڵدا گەڕایەوە میسر و ئیدارەی یەمەن دیسان درایە دەس نوورەددین عومەری کوڕی عەلی ڕەسووڵی و لە دوای موددەتێک ئەمیر نوورەددین ئیعلانی سەربەخۆیی کرد و «حکوومەتی ڕەسووڵی»ی یەمەنی دامەزراند. خولاسە هەر چۆنێ بێ، مەملەکەتی بەدتالعی ئەیووبی، لە حوکمدارێکی بەهەیبەت و لە سەردارێکی بەشۆرەت مەحرووم بوو. توورانشاه، ئاخیر سوڵتانی بەشەوکەتی ئەیووبی بوو. عەزم و سەباتی، جورئەت و جەسارەتی، زۆر ڕەنگە کە ڕەونەقێکی باشی بە سەڵتەنەتی ئەیووبی بدایە، بەڵام قەزا و قەدەر و خیانەتی داخڵی، مەیدانی نەدا)[1]
$سەرچاوەکانی ئەم باسە:$
1- الکرد في اليمن–دراسة في تاريخهم السياسي والحضاري دلیر فرحان اسماعیل
2-چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی کوردی یەمەن (عزام عبدالسلام علي الکردي)
3- تەلەفزیۆنی ڕووداو
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!