بەسەرهاتى بەرەنگاربوونەوەى دادوەرێکى کورد لەگەڵ #بەعس#ییەکاندا
نووسینی: #بارام سوبحی#
دادوەرێکى کوردى #کەرکووک#ى، لەبەر ئەوەى نابێتە بەعسى و بە زمانى کوردى لە دادگادا دەدوێت، لە کەرکووک دووردەخرێتەوە، لەدواى ڕووخانى ڕژێمى بەعسیش ڕێگەى پێنادرێت بگەڕێتەوە کەرکووک و بۆ بەغدا دەگوازرێتەوە، لەوێش ڕێگەنادات بەعسییەکان خۆیان بۆ پەڕڵەمان بپاڵێون، بۆیە سیازدە ساڵ لەمەوبەر کاتێک لە ماڵەوە بەرەو شوێنى کارەکەى دەڕوات، گرووپێکى چەکدار ڕێگەى پێدەگرن و تیرۆرى دەکەن، ئەمە سەربردەى ژیانى پیشەیى (نەجم عەبدولواحید جەلال) ناسراو بە (حاکم نەجم)ە.
$لە گوندەوە بۆ پایتەخت$
نەجم عەبدولواحید جەلال ناسراو بە حاکم نەجم تاڵەبانى لە ساڵى (1946) لە گوندى شێخ جەلالى سەربە شارەدێى #قادرکەرەم# لەدایکبووە. لە تەمەنى دە ساڵیدا چووەتە قوتابخانە لە گوندى #کۆرمۆر#.
لە ساڵى (1962) قۆناغى سەرەتایى تەواودەکات و بە ماڵەوە ڕوودەکەنە شارى کەرکووک و لەوێ نیشتەجێ دەبن. دواى تەواوکردنى پۆلى سێى ناوەندى لە دادگاى تێهەڵچونەوەى کەرکووک دادەمەزرێت، تاوەکوو بتوانێت خوێندنى ئامادەیى تەواو بکات و یارمەتى خێزانەکەى بدات. پاشان ڕاژەکەى دەگوازێتەوە بۆ بەشى خانەنشینى شارستانى کەرکووک. بەو جۆرە قۆناغى ئامادەیى لە ئامادەیى ئیمام قاسم تەواودەکات.
ساڵى (1970) لە کۆلێژى یاساى زانکۆى بەغدا بەشى ئێواران وەردەگیرێت و ڕاژەکەى بۆ دادگاى تەمییزى ئێراق دەگوازێتەوە.
لە (28-06-1973) زانکۆ تەواودەکات، سەرەتا بۆ ماوەى شەش ساڵ وەک (دادنووس) و پاشان وەکوو (یاریدەدەرى دادوەر) لە دادگاى تێهەڵچونەوەى کەرکووک دەستبەکار دەبێت. لەو ماوەیەشدا پەیوەندى بە ڕیزەکانى #یەکێتى قوتابییانى کوردستان#ەوە دەکات و دەبێتە سەر شانە.
$دژایەتى بەعسییەکان$
ناوبراو لە ساڵى (1979) لە پەیمانگاى دادوەرى وەرگیراوە و لە (18-06-1981) پەیمانگاکەى تەواوکردووە و بووەتە دادوەر. لە ماوەى خوێندنیدا لەم پەیمانگایە لەلایەن خوێندکارێکى کوردەوە فشارێکى زۆرى دەخرێتە سەر تاوەکوو ببێتە بەعسى، بەڵام ناوبراو ڕەتیدەکاتەوە و نابێت بە بەعسى.
دواى تەواوکردنى پەیمانگاى دادوەرى، لە (22-06-1981) وەکوو دادوەر لە دادگاى شێخان لە پارێزگاى موسڵ دادەمەزرێت. پاشان دەگوازرێتەوە بۆ شارۆچکەى حەویجە لە کەرکووک.
لە ساڵی (1988) گوازراوەتەوە بۆ دادگاى سامەڕا، لە ساڵی (1989) دەگوازرێتەوە بۆ دادگاى بارى کەسێتى و پاشان لە (11-12-1991) بۆ دادگاى بەرایى کەرکووک گوازراوەتەوە.
لەو دەمەدا زمانى فەرمى و قسەکردن لە فەرمانگەکاندا زمانى عەرەبى بووە، بەڵام حاکم نەجم بەبێ گوێدانە هەر کاردانەوەیەک بە زمانى کوردى لەگەڵ هاووڵاتییانى کورد قسەى کردووە، بۆیە بەشێک لە فەرمانبەر و دادوەرە تورکمان و عەرەبەکان دەکەونە دژایەتیکردنى و دەڵێن جگەلە زمانى عەرەبى هەموو زمانێکى تر قەدەغەیە، هەموو سکاڵاکار یان تۆمەتبارێک پێویستى بە وەرگێڕە. بەڵام حاکم نەجم گوێ بەو قسانە نادات. بۆیە ئەو کەسانە ئەمە بەهەل دەزانن و ڕاپۆرتێک لەسەر هەر سێ دادوەرى کورد (حاکم نەجم تاڵەبانی، حاکم محەمەد ساڵح، حاکم محەمەد سدیق) دەنووسن و تیایدا دەڵێن: ئەم سێ دادوەرە سەربە حزبى بەعس نین و کوتلەیەکی کوردییان لەناو دادگادا درووستکردووە. لەبەر ئەوە دەسەڵاتدارانى بەعس هەر سێ دادوەرەکە بە یەک فەرمان بۆ دەرەوەى کەرکووک دەگوازنەوە، حاکم نەجم لە (19-09-1993) بۆ دادگاى تکریت دەگوازرێتەوە. دواى تەنیا دە ڕۆژ بۆ دادگاى قەزاى بێجى دەگوازنەوە، لە (22-08-1994) دەگوازرێتەوە بۆ دادگاى بەرایى شارۆچکەى (#خورماتوو#) بۆ ماوەى پێنج ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە.
لەماوەى کارکردنیدا لە دادگاى خورماتوو، حاکم نەجم کار ئاسانییەکى زۆر بۆ کەسوکارى ئەنفالکراوانى ئەو سنوورە دەکات، بەتایبەتى لە تۆمارکردنى بارى هاوسەرگیرى و ناوى منداڵەکان، چونکە بەشێک لە کەسوکارى ئەنفالکراوان بەهۆى ئەوەى لە گوندەکان ژیاون، لە دادگا بە فەرمى مامەڵەى هاوسەرگیرییان تۆمارنەکردووە. هەروەها گرفتى ئەو منداڵانەشى چارەسەر کردووە کە بەناوى مام و خاڵیانەوە تۆمار کرابوون، وەکوو کەسە نزیکەکانى دەڵێن (ئەگەر لەو کاتەدا ئەم هاوسۆزییە لەلاى بەعس ئاشکرا بووایە، ئەوا ناوبراو ڕووبەڕووى چارەنووسێکى مەترسیدار دەبوویەوە).
$بەرەو زێدى سەدام$
قۆناغێکى دیکەى کارکردنى حاکم نەجم لە شارى تکریتى مەکۆى سەرەکى خزمەکانى سەدام حسێن دەبێت، ناوبراو لە ڕۆژى (26-09-1999) دەگوازرێتەوە بۆ سەرۆکایەتى دادگاى سەڵاحەدین لە تکریت و وەکوو جێگرى سەرۆکى دادگاى تێهەڵچوونەوە دەستبەکار دەبێت، لە کۆتایى ئەو ساڵەشدا دەبێتە سەرۆکى دادگاکە. بەوتەى هاوڕێ و هاوپیشەکانى، لەماوەى کارکردنیدا لە تکریت، ڕێگەى بە هیچ کەسێک لە خزمەکانى سەدام نەداوە دەستوەردان لە بڕیارەکانیدا بکەن و گوێى بە هەڕەشە و فشارەکانیان نەداوە. تەنانەت چەندین جار خزمەکانى سەدام کەیسەکانیان دۆڕاندوە. لە هەمانکاتدا لەبەر ئەوەى دادگاى کەرکووک سەربە سەرۆکایەتى دادگاى سەڵاحەدین بووە، چەندین دادوەرى کوردى بۆ دادگاکانى کەرکووک و #چەمچەماڵ# گواستۆتەوە، تاوەکوو لە بارودۆخى خراپى پارێزگاکە ڕزگاریان بکات کە ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپى ڕۆیشتوە. بەڵام سەرۆکى ئەنجوومەنى دادوەرى ئێراق ڕازى نەبووە بە گواستنەوەى ڕاژەى خودى حاکم نەجم بۆ دادگاى کەرکووک.
$لە تکریتەوە بۆ بەغدا$
لەدواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس و بە دیاریکراوى لە (26-07-2005)، بە فەرمانى کۆمارى ژمارە (71) حاکم نەجم دەبێتە دادوەر لە دادگاى فیدراڵى. بەو هۆیەوە ماڵەکەى لە تکریتەوە دەگوازێتەوە بۆ بەغدا بۆ ناوچەى (عتێفیە) و نزیک مزگەوتى (بوراسا) کە لەلایەن کەسایەتى و سەرکردەى ناسراوى شیعەکان (شێخ جەلالەدین سەغیر) سەرپەرشتى دەکرا، لەوێ حاکم نەجم دڵنیا دەکرێتەوە کە ناوچەکە سەلامەت و کۆنترۆڵ و پارێزراوە، هەر ئەمەش وا لە ناوبراو دەکات لە نزیک ماڵەکەیدا هیچ پاسەوانێک بۆ خۆى دانەنێت، لە کاتێکدا بەهۆى کارەکەیەوە دەیتوانى (10-16) پاسەوانى هەبێت. لەماوەى کارکردنى لەم دادگایەدا بێلایەنى و بوێرى خۆى دەسەلمێنێت و ناکەوێتە ژێر فشار و هەڕەشەى لایەنە ئێراقیە جیاوازەکانەوە.
لە ماوەى دوایین پێنج ساڵى ژیانیدا لە بەغدا چەندین پۆست و پیشەى جیاواز وەردەگرێت، لەوانە دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئێراق، دەبێتە سەرۆکی دەستەی ڕیشەکێشکردنی بەعس کە دواتر ناوەکەى دەگۆڕێت بۆ دەستەى دادپەروەرى و یەکسانى. بەهۆى کارکردنى لەم دادگایە و دژایەتیکردنى بەعسییەکان، دواجار گیانى خۆى دەبەخشێت. لەو ساڵانەدا بارودۆخى بەغدا لەو پەڕى نائارامیدا بووە، لەبەر ئەوە کەسوکار و دۆستەکانى حاکم نەجم داواى لێدەکەن ڕاژەکەى بۆ کەرکووک یان شارێکى دیکە بگوازێتەوە، چونکە ژیان لە بەغدا پڕ مەترسیە، ئەویش لە وەڵامدا پێیان دەڵێت: ڕاستە کارکردن لە بەغدا ململانێیە لەگەڵ مەرگدا، بەڵام بوونى ئێمە لەو شوێنەدا بۆ خزمەتى کورد گرنگە، ئێمە دەزانین لە نەبوونى کورد لەو پۆستانەدا چۆن کاروبارەکان بەڕێدەکرێت و بە چى ئاڕاستەیەکدا دەبرێت.
حاکم نەجم لە کاتى سەرۆکایەتیکردنى دەستەی ڕیشەکێشکردنی بەعسدا، ڕۆڵێکى بەرچاوى هەبووە لە دوورخستنەوەى ئەو بەعسیانەى ویستویانە لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە بگەنە پەڕڵەمان و لەوێوە ئەجێنداى خۆیان جێبەجێ بکەن. هەروەها هەستى بە مەترسى چونى ئەو عەقڵیەتانە بۆ ناو پەڕڵەمان کردووە، چونکە حەفتا و سێ کەسى بنەماڵەکەى لە ئەنفالدا شوێن بزر کراون.
سەر لە بەیانى ڕۆژى (17-08-2010)، حاکم نەجم بە زمانى بەڕۆژوەوە بەرەو شوێنى کارەکەى بەڕێدەکەوێت، بەڵام لە دوورى نزیکەى بیست مەتر لە ماڵەکەى، ئۆتۆمبێلێک کە کۆمەڵێک چەکدارى تێدا دەبێت ڕێگەى پێدەگرن و کەسێکیان بە دەمانچەى بێدەنگ چەند فیشەکێک بە جەستەى حاکم نەجمەوە دەنێت و تیرۆرى دەکات.
$دادگایکردنى بکوژان$
لە کۆتایى ساڵى (2011)دا، دادوەرێکى ئاگادار لە کەیسى تیرۆرکردنى حاکم نەجم، کەسوکارەکەى ئاگادار دەکات بچنە بەغدا و لەوێ هەواڵى دەستگیرکردنى گرووپى تیرۆرکردنەکەیان پێ ڕادەگەیەنێت. کەسى تەقەکەر کە ناوى ناتیق ئیبراهیمە، لە بەردەم دادوەردا دان بەکوشتنى حاکم نەجمدا دەنێت و وردەکارى ڕووداوەکە لە دادگا و لە شوێنى ڕووداوەکەش دەگێڕێتەوە. دان بەوەشدا دەنێت هەریەکە لە (خەلیل ئیبراهیم، سەعد حەسەن، موهەنەد عەباس، محەمەد سەعدى) هاوکارییان کردووە و هەموویان فەرمانیان لە نەقیب محەمەد سەعدى وەرگرتووە، ئەویش فەرمانى لە بەڕێوەبەرى نووسینگەکەى تاریق هاشمى جێگرى سەرۆک کۆمارى ئێراق بۆ هاتووە.
هەر چەندە تاریق هاشمى جێگرى ئەو دەمەى سەرۆک کۆمارى ئێراق لە بەیاننامەیەکدا تێوەگلانى بەڕێوەبەرى نووسینگەکەى و پاسەوانەکانى لە تیرۆرکردنى حاکم نەجم ڕەتدەکاتەوە، بەڵام دواى هەڵاتنى لە بەغدا و نیشتەجێبوونى لە سلێمانى و پاشان لە #هەولێر#، یەکێک لە پارێزەرەکانى لەگەڵ کەسێکى دیکەدا دەنێرێ بۆ لاى یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانى تاڵەبانى لە کەرکووک و داواى سوڵحى لێدەکات، بەڵام کەسایەتییەکە پێی دەڵێت ئێمە تەنیا جێبەجێکردنى یاسامان دەوێت. دواجار لە (22-09-2012) دادگا فەرمانى لەسێدارەدانى بۆ ناتیق ئیبراهیم بکوژى حاکم نەجم دەرکرد.[1]
$تێبینى: زانیارییەکانى نێو ئەم ڕاپۆرتە لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە: عەبدولعەزیز عەبدولواحید: شەهید حاکم نەجم تاڵەبانی دادوەرێکی دەگمەن لە مێژووی دادی ئێراقدا، چاپی یەکەم، 2023.$
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!