=KTML_Bold=لە ئێران کێ خۆی کاندید دەکات بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار؟=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
ماوەی چەند رۆژێکە میدیاکانی ئێران پڕن لە گریمانەکردن لەسەر ئەوەی، کێ خۆی کاندید دەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بەهۆی مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی لە 19 ی مانگی ئایار بەجێی هێشت.
ئەوەی نەگۆڕە بڕیاری ئێران لە نووسینگەی ڕابەری باڵای ئێران کۆتایی پێ دێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە سروشتی فاکتەرەکانی، کە ئەو بڕیارە سیاسییە درووست دەکەن بەردەوام کاریگەری توانای مانۆڤر و نەرمی نواندنی کەسەکانی لەسەرە.
ڕۆژانی داهاتوو لە تاران سەرنجی هەموو لایەک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ، وەکو چۆن کارلێک و وردەکارییەکانی پەیوەست بە کەوتنە خوارەوە و تێکشکانیئەو فڕۆکەیەی ئیبراهیم ڕەئیسی و عەبدوڵڵاهیان و هاوەڵانی هەڵگرتبوو سەرنجی هەموو جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
وا بڕیارە لە 29ی حوزەیراندا هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ سەرۆکایەتی بکرێت. لە نێوان میانڕەوەکان سەرۆکی پێشووی پەرلەمان عەلی لاریجانی (2008-2020) ، کە هاوپەیمانی سیاسی سەرۆکی پێشوو حەسەن ڕۆحانی (2013-2021) بوو، وەکو کەسایەتییەکی سەرەکی تیشک دەخرێتە سەری.
لە هەمان کاتدا لەناو کۆنپارێزەکان ڕکابەری تر هەیە، وەکو سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران، محەممەد باقر قالیباف، کە سێ جار خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید کردووە، هەروەها دانوستانکاری پێشووی ئەتۆمی، سەعید جەلیلی، کە پێشووتر دوو جار خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید کردووە و براوە نەبووە.
دەتوانین بڵێین ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، کە تیایدا کۆنپارێزان زاڵن لە ساڵی 2020 ڕێگر بوون لەوەی کاندیدە چاکسازیخواز و میانڕەوەکان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا بەشدار بن، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی، ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگداندا بە شیوەیەکی بەرچاو کەم بێتەوە.
بە هەبوونی ئەم پاشخانە، فۆکس دەخرێتە سەر ئەوەی، ئایا ڕابەری باڵا، ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، مردنی ڕەئیسی وەک دەرفەتێ بەکاردەهێنێت بۆ گۆڕینی ڕێڕەو و کردنەوەی دەرفەتی سیاسی یان بەردەوام دەبێ لەسەر ئەو ڕێگەیەی، کە دەسەڵاتی لە دەستی کۆنپارێزەکان هێشتۆتەوە، کە تا ڕادەیەک شەرعییەتی کۆماری ئیسلامی لاواز کردووە.
بەڕەچاوکردنی ئەم لەگەڵ ئەم داینامیکییانە، ترس هەیە لەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە زیاتر نائومێدی خەڵک بەرامبەر بە دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆمار دەربخات.
ڕۆژنامەی نوور نیوز، کە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نزیک لە عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی یە، لە 26ی مانگی ئایار هۆشداری دا بەوەی، کە نەبوونی پێشبڕکێی ڕاستەقینە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دواجار دەبێتە هۆی کەمی ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لە تاران ئەوەی پشتڕاستکردۆتەوە، کە عەلی لاریجانی سەبارەت بە ئەگەری کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لەگەڵ ئایەتۆڵا عەلی خامنەیی کۆبووەتەوە.
لاریجانی، کە پێشتر توندڕەو بوو و لە سەردەمی ڕۆحانیدا وەک لایەنگرێکی سەرەکی بەردەوامبوونی پەیوەندی بوو لەگەڵ ڕۆژئاوا، پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 وەک ڕکابەرێکی سەرەکی ڕەئیسی دەبینرا.
کاتێ ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور بڕیاری دا ڕێگری بکات لەوەی لاریجانی خۆی کاندید بکات لەو هەڵبژاردنەدا، بڕیارەکە بووە مایەی سەرسوڕمانی چاودێران.
دواتر ناکۆکییەکە بەخێرایی ئاشکرا بوو، لاریجانی چەندین جار داوای لە ئەنجوومەنەکە کرد، هۆکارەکانی دوورخستنەوەی ڕابگەیەنێت، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجام بوو.
ئەگەر ئێستا دەرفەتی خۆکاندیدکردنی پێ ببەخشڕێ، ئەوا ئەو کارە بە وەرچەرخانێکی گەورە دەبینرێ و ئاماژەیەک دەبێ بۆ گەڕانەوەی بەرەی چاکسازی بۆ سەر گۆڕەپانی سیاسی.
بەڵام دوور لەوەی، کە ئەوان لە کێ بەرکێیەکە دوور دەخرێنەوە، لاریجانی و بەرەی مینانڕەوەکان ڕووبەڕووی ئالنگاری دەبنەوە لە کۆکردنەوەی خەڵکانێ بۆ چوونە سەر سندووقی دەنگدان، چونکە خەڵکی بە ڕێژەیەکی زۆر مەبەستیان نییە بەشداری لە دەنگان بکەن.
ئەگەر لاریجانی بڕیاری خۆکاندیدکردنی دابێت، ئەوا دەبێ چاوەڕوانی چرای سەوزی سەرکردایەتی سیاسی ئێران بکات، چونکە دوا بڕیار هەر لای ئەو سەرکردایەتییەیە.
لەو مەراسیمەی، کە بۆ کۆچی رەئیسی لە 25ی ئایار بە سەرپرشتی خامنەئی ئەنجامدرا لاریجانی لە تەنیشت حەسەن ڕوحانی دانیشتبوو.
پاڵنەر بۆ ئەگەری خۆکاندیدکردنی لاریجانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چاکسازەکان مەبەستیان نییە ناوی سەرەکی پێشکەش بکەن بۆ هەڵبژاردنەکان.
لە کاتێکدا ڕۆژنامەکانی ئێران باس لە محەممەد جەواد زەریف دەکەن، گوایە ئەویش یەکێکە لە ڕکابەرەکان، ئەگەر چی ئەو خۆی بەدوور دەگرێ لەو کارە، چونکە ستراکچەری ئێستای حوکمڕانی لە ئێران بەدەست توندڕەوەکانەوەیە و ئەمەش وا دەکات حکوومەت لایەنداری بەرەی چاکسازی نەبێت.
کەسایەتییەکی تر، کە ئامادەیە خۆی کاندید بکات، دانوستانکاری پێشووی دۆسیە ئەتۆمییەکەی ئێران سەعید جەلیلی یە، کە ئێستا نوێنەری تایبەتی خامنەئی یە لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران.
ئەو هاوڕا بووە لەگەڵ رەئیسی، پێش کوچکردنی ڕەئیسی بەهۆی ڕووداوی هەلیکۆپتەرەکە، کە لە هەڵبژاردنی ئایندە لە ئێران بەشدار بیت.
کەسایەتییەکی تر، کە دەکرێ وەکو کاندیدێکی تری کۆنپارێزەکان دابنڕی عەلی ڕەزا زاکانی و میهرداد بازارباش و پەرویز فەتاحە.
زاکانی پێشووتر قائمقامی تاران بووە، چوارجار ئەندام پەرلەمان بووە و لە ساڵی 2021 خۆی بۆ سەرۆکایەتی سەرۆکایەتی شارەوانی تاران کاندید کرد و سەرکەوتوو نەبوو، ناوبراو لە لیستی سزاکانی بەریتانیایە، گوایە پێشێلکاری مافی مرۆڤی کردووە.
میهرداد بازارباش، کە ئەندام پەرلەمانێکی پێشووە (2012-2016)، ئێستا وەزیری ڕێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەیە.
لە ساڵی 2020 تا 2022 پۆستی سەرۆکی دیوانی ژمێریاری باڵای لە ئەستۆ گرتووە، لە 2005 تا 2013 جێگری پارێزگاری ئەو کاتەی تاران مەحمود ئەحمەدی نەژاد بوو بۆ ماوەی یەک ساڵ (2009-2010).
سەبارەت بە پەرویز فەتاح، ئەو لە (2005-2009) وەزیری وزە بووە. فەتاح لە ئێستادا سەرۆکی دەستەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئیمام خومەینییە. لە ڕابردوودا سەرۆکی دەزگای (مستضعفين) و دەزگای ئیمام خومەینی بۆ یارمەتی.
ڕۆژنامەکانی ئێران لەم دواییەدا زیاتر فۆکسیان خستۆتە سەر سەید وەحید حەقانییان، کە زیاتر بە سەردار وەحید و ئاقا وەحید ناسراوە، فەرماندەیەکی پێشووی سەربازییە، کە لەم ساڵانەی دواییدا جێگری بەڕێوەبەری کاروباری تایبەتی ماڵی ڕەهبەر بووە. کەسایەتییەکی زۆر کۆنپارێزە و بە دەست ڕاست و ڕاستەوخۆی عەلی خامنەئی دادەنرێ.
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئێران، محەممەد موخبر، پێدەچێت کاندیدێکی کۆبپارێزەکان بێت، هەرچەندە هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک نییە لەسەر ئەوەی، ئایا موخبر دەیەوێت خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکایەتی یان نە.
ئەگەر چی لە دەربڕینێکی خامنەئی، کە لە پێشوازی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، ئیسماعیل هەنییە، لە ئایاری ئەم ساڵدا باسیکرد، گوایە سیاسەتەکانی ئێران بەرامبەر بە فەڵەستین دوای مردنی ڕەئیسی لە سەردەمی محەممەد موخبر بەردەوام دەبێت. ئەمەش بووە هۆکارێ، کە چاودێران پێیان وابێ، خامنەئی مەبەستیە بۆ چوار ساڵی داهاتوو موخبر ئەو پۆستە پڕ بکاتەوە.
پرۆسەی هەڵبژاردن چۆن دەبێت:
موخبر، کە وەک یەکەم جێگری سەرۆک ڕەئیسی لە پۆستەکەی بەردەوام بوو، دوای ئەوەی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی لە 19ی مانگی پێنج پشتڕاستکرایەوە، لە 20ی ئایاری 2024 بە فەرمی بوو بە جێگرەوەی سەرۆک.
پێویستە کاندیدەکان بۆ سەرۆکایەتی لە نێوان 30ی ئایار بۆ 3ی حوزەیران لە #وەزارەتی ناوخۆ# ناوی خۆیان تۆماربکەن.
دواتر ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور لە 4 تا 10ی مانگی حوزێران هەلدەستێ بە پشکنینی دۆسیەی کاندیدەکان لیستی کۆتایی کاندیدەکان پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆ دەکات.
ئینجا وەزارەتی ناوخۆ لیستی کۆتایی کاندیدەکان لە 11ی حوزەیران بڵاودەکاتەوە و هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە نێوان 12 بۆ 26ی مانگی شەش دا ئەنجام دەدرێت.
ڕۆژی هەڵبژاردن لە 28ی حوزەیراندایە و ڕۆژی 5ی مانگی حەوت دیاریکراوە بۆ ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوە، ئەگەر هیچ کاندیدێک لە سەدا 50ی دەنگەکان بەدەست نەهێت.
داهاتوو:
بە پەراوێزخستنی کەسایەتییە میانڕەوەکان و لایەنگرانی چاکسازی لە سێ هەڵبژاردنی ڕابردووی سەرۆکایەتیدا بە شێوەیەکی دەستەجەمعی، ئەگەری ئەوەی کە جێگرەوەی ڕەئیسی کەسێکی کۆنپارێز بێت زۆر بەرزە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەشداریکردن لە دەنگداندا یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکان، کە دەبێ ڕەچاو بکرێ. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 دا کە ڕەئیسی هێنایە سەر دەسەڵات، ڕێژەیەکی کەم بەشداربوون لە دەنگدان، بە بەراوورد بە ڕێژەی تۆمارکراوی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکایەتی.
لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی داهاتوو دەبێت بۆ ماوەی چوار ساڵ خزمەت بکات، خامنەئی ڕووبەڕووی فشار دەبێتەوە، تا هەنگاوی جددی بنێت بۆ هاندانی بەشداریکردنی دەنگدەران لە ڕێگەی کرانەوەی پرۆسەی سیاسی.
ئەگەر پرۆسەی سیاسی تەنها لەناو چوارچیوەی کۆنپارێزەکان بمێنێتەوە، ئەوا پێ ناچێت لە هەڵبژاردنەکانی 28ی مانگی 6خەڵکانێکی زۆر بەەشداریی بکەن لە دەنگدان.
لە کاتێکدا سیناریۆیەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆنپارێزەکان بەردەوام بن لە سەرکردایەتی کردنی ئێران.
ئەمەش لە درێژخایەندا دەبێتە مایەی لاوازکردنی شەرعییەتی کۆماری ئیسلامی و تێکچوونی سەقامگیری. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=