=KTML_Bold=#مەسرور بارزانی# و ڕێگەی گەشەپێدانی ئابووری مۆدێرن=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
بونیادنان و تۆکمەکردنی ژێرخان بنەمای گەشەپێدانی ئابوورییە، چونکە هیچ پەرەسەندنێک بەبێ ژێرخانی پێشکەوتوو نییە، کە لە ڕێگەیەوە گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات، هاوشێوەی ئەو پەرەسەندنە ئابوورییەی، کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو ڕوویدا و پێشکەوتنی مەزنی لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ خۆی هێنا، بە ڕەچاوکردنی ئەو پرنسیپەی، کە دەڵێ، ژێرخان خاڵی دەستپێکی گەشەپێدانی ئابوورییە.
کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی، کە بە کابینەی ئاوەدانکردنەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژە گرینگەکانی ژێرخان لە هەرێمی کوردستان دادەنرێ، مەبەستی بووە هەرێمی کوردستان ببێ بە نموونە و پێکهاتەیەکی مۆدێرن و دامەزراوە کاراکانی حکوومەت ببێ بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی گەشەپێدانی ئابووریی لە هەرێم.
هەر بۆیە لەسەرەتای دەست بە کاربوونییەوە گرینگییەکی زۆری بە درووستکردنی ڕێگاوبان و گواستنەوە و ئاو و ئاوەڕۆ و پرد و بۆند و بەنداو دا و لەسەرجەم بوارەکانی پەیوەست بە ژێرخان، وەکو کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و وێستگەکانی کارەبا و تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی پەیوەندیکردنی و سیستەمی بانکی و پۆست و خزمەتگوزاری گشتی، بە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتەوە، هەنگاوی بەرچاوی نا.
ڕاستە حکوومەت پڕۆژەکانی ژێرخان لە نێو کاڵای گشتیدا دابین دەکات، چونکە ئەو جۆرە پرۆژانە پڕۆژەی سەرمایەگوزاری درێژخایەنن و زۆربەیان قازانج بەخش نین، تاوەکو وا لە کەرتی تایبەت بکات وەبەرهێنانی تێدا بکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە، ئەم هەنگاوانە بە بڕیاردەرێکی بوێر و گرینگ دەبینرێ بۆ گەشەی ئابووری و ئاسانکاری دەنوێنێ بۆ جێبەجێکردنی چالاکیی ئابوری و فراوانکردنی وەبەرهێنان لەو کەرتەدا.
پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردن و پەرەپێدان (IMD)، کە ئۆفیسی سەرەکی لە لۆزانی سویسرایە، هەڵسەنگاندن دەکات بۆ کوالیتی ژێرخان لە جیهاندا، فکۆس دەخاتە سەر ژێرخانی ماددی و فاکتەرەکانی وەکوو ژێرخانی فیزیکی، ئامادەیی تەکنەلۆژیا و ژێرخانی زانستی.
ئەم پەیمانگەیە لە نزیکەوە خوێندنەوەی ورد دەکات بۆ کێبڕکێی وڵاتان لە ڕووی ژێرخانەوە. بەو پێیە وڵاتان پۆلێن دەکرێن و دەچنە ناو ڕیزبەندییەوە.
بۆ نموونە بەپێی ڕیزبەندی ساڵی 2023، سویسرا لە پلەی یەکەمدایە، ئینجا دانیمارک دێ، کە لە پلەی دووەمدایە، هەروەها فینلەندا لە پلەی سێیەمدایە و سوید لە پلەی چوارەم و ئیسرائیل و بۆتسوانا و مەنغولیا و فەنزوێلا دوا بە دوای یەک لە پلەی 18، 61، 62 و 63 بوون. ئەم ڕیزبەندییە بۆ ژێرخان تێڕوانینێ دەربارەی کوالیتی و ئامادەیی ژێرخانی فیزیکی و تەکنۆلۆژی و هەروەها ژێرخانی زانستی لە وڵاتە جیاوازەکان پێشکەش دەکات.
ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی لەو جۆرە بۆ هەرێمی کوردستان بکرێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەردەکەوێ، کەوا هەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە ڕووی کوالیتی ژێرخانەوە دەستەبەر کردووە. ئەمەش گەواهیە بۆ ئەوەی، کەوا حکوومەتی هەرێم، سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانە دەستکردانەی، کە وەکو لەمپەر لەبەردەم پێشکەوتنی درووست دەکرێ، هەوڵی بەردەوامی داوە و وەبەرهێنانی زیرکانەی کردووە لە بواری پەرەپێدان و گەشەپێدانی ژێرخانی هەرێمی کوردستان.
گرینگیدان بە ژینگە و سەوزایی بەردەوام و وزەی خاوێن لە پێشینەکانی ئەم کابینەیە بووە و سەرجەم ئەم پرۆژانە بوون بە مایەی ڕەخساندنی هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بۆیە دەبینین ئەندامانی ئەم کابینەیە لە هەموو کۆڕبەندە ئابورییەکان بە پرۆژە و بیرۆکەی نوێ و دەستپێشخەری لە جیهان ئامادەیی تەوایان هەیە و لە ئایندەیەکی نزیک ئەم هەوڵ و چالاکیانە ڕەنگدانەوەیان لە ناوخۆ دەبێت.
بەیەکەوە بەستنەوەی تۆڕی ڕێگاوبان و بەرزکردنەوەی ئاستی کارپێکردنی بەگوێرەی تایبەتمەندی تەکنیکی و سەلامەتی ستاندار، هەروەها پەرەپێدانی ئەزموونی بەکاربەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکانی ستراتیژی نیشتمانی لە بواری گواستنەوە و خزمەتگوزاری لۆجستی و بەرەوپێشچوون بەرەو بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کوردستان، خەونی گەورەی دەوڵەتەمەدار مەسرور بارزانی یە.
پرسیار ئەوەیە، چۆن سەرۆکی حکوومەت توانی ئەو دۆخە بەرەو باشتر بگۆڕێ؟
کابینەی نۆییەم توانی لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دانانی چوارچێویەک بۆ سیستەمێکی شەفاف ژینگەیەکی لەبار بۆ کەرتی تایبەتی فەراهەم بکات. بە دڵنیاییەوە وەبەرهێنەران پێویستیان بە دڵنیایی هەیە، کاتێ وەبەرهێنان لە پرۆژەی گەشەپێدانی ژێرخان دەکەن، بۆیە زۆرێ لەو پرۆژانە بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی گشتی ئەنجام دراوە، بەو شێوەیە بەرپرسان دەتوانن زیاتر فۆکس بخەنە سەر سیاسە و پلاندانان.
دواجار پێویستە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان هاوکار و پاڵپشتی پەرەپێدانی ژیرخان لە هەرێم بکەن، چونکە ئەم هەنگاوانە دەتوان لە ئایندەدا لە سەر ئاستی نێودەوڵتی سوود بە جیهان بگەیەنن.
لە کۆتاییدا، بناغەی گەشەپێدانی ئابووری بریتییە لە بەدەستهێنانی زانیاری بەرهەمدارتر.
فەلسەفەی سەرۆکی حکوومەت بووە بە ئامرازێکی نوێ بۆ بەهێزی بازرگانی و سیاسەتی گشتی و پەرەپێدانی ئابووری و قازانج و برەودان بە بەرژەوەندی گشتی. پێویستە ئەم فەلسەفەیە بەردەوامی هەبێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=