ناونیشانی بابەت: ئایا باسکردنی کورد وەک ڕەگەزێکی جیاواز لە ئاری ڕوانگەیەکی نوێیە؟
نووسینی: #هامنۆ ئەیووب هەورامی#
زۆر کەس دەربارەی ڕەگەزی کورد قسە دەکەن، کە دەیانەوێت ئەوە بڵێن، کە ڕەگەزی کورد بەشێک نییە لە ڕەگەزی ئاری و هیچ ڕەگەزێکی دیکە و دەیانەوێت بە مەبەستی بەرژەوەندیخوازانە کاری لەسەر بکەن.
بێ گومان ڕاستە ئەم هەوڵە هەوڵێکی بەجێ و گرنگە، بەڵام نووسەرانی لەو چەشنە نابێت بیریان بچێت، کە زۆر لەوان پێشتر کەسانی دیکە هەبوون، کە بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ورد کاری لەو چەشنەیان کردووە و ئەو هەوڵە ناگەڕێتەوە بۆ نووسەری نوێتر، بۆ نموونە، مێژوونووسی بەناوبانگ و دیاری کورد (#محەمەدئەمین زەکی بەگ#) لە پەرتووکە بەناوبانگەکەیدا (خولاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان لە مەبدەئی تاریخەوە تا ئیمڕۆ، ب. ژ. چ، بڵاوکراوەی دەزگای #جەمال عیرفان# و #بنکەی ژین#، تاران، 2021ز، ل131)دا لەبارەی ئەم بابەتە هەستیارەوە دەڵێت: (لەگەڵ ئەمەشدا، ئیعتقادی من وایە کە نەظەرییەی هاتنی قەومی کورد لە ئەواسطی عەصری حەوتەمی پێش میلادا زۆر ضەعیفە، بیلعەکس نەظەرییەی پرۆفیسۆر سپایزەر و ئەمثالی، کە ئەجدادی کورد بە ئەهالیی ئەصڵییە و زۆر قەدیمی زاغرۆس وەیا #کوردستان# دائەنێ، گەلێ بەقووەتە و لە عەقڵ نزیکترە).
واتە لێرەدا مامۆستای ڕەحمەتی ئەو بۆچوونە ڕەتدەکاتەوە، کە بوونی کورد بگەڕێتەوە بۆ چەند کۆچێکی نوێ لەچاو مێژووییەکی فراواندا، بەڵکوو پێی وایە کورد ڕیشە و بنەچەی لەم خاکەدا هەیە و بنەڕەتیان دەچێتەوە سەر دانیشتوانی زۆر دێرینی ئەم خاکە لە کوردستان و زنجیرەچیاکانی (زاگرۆس)، نەک بگەڕێتەوە سەر چەند ڕەگەزێکی دیکە، کە زۆر نوێترن و هەوڵ دەدرێت بکرێن بە بناغە بۆ بوونی کورد!
کەوابوو باسکردن لە بوونی کورد وەک نەتەوەی زاگرۆسی، بابەتێک نییە چەند نووسەرێکی نوێ دایاننابێت، بەڵکوو مێژوونووسانی مەزنی کورد لەپێشتردا زۆر بەوردی کاریان لەسەری کردووە و هەوڵیان داوە ڕاستیی ئەم بابەتە بسەلمێنن.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!