یادێک بۆ کۆچی دوایی #عوسمان عەلی#
ژیلە نەجات
19 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەند عوسمان عەلی تێدەپەڕێت، ئەو دەنگە ئارامەی لە یادەوەریی هەموو کوردێکدا دەمێنێتەوە، لە هەموو بۆنەکاندا دەنگ و سەدای گۆرانییەکانی ڕادیۆ و میدیاکان داگیردەکات.
عوسمان عەلی، ساڵی 1944 لە گەڕەکی مەڵکەندی شاری #سلێمانی# لەدایکبووە، لە تەمەنێکی منداڵییەوە دەستی بە کارکردن کردووە و بەهۆی ئەوەوە ناچاربووە لە پۆلی پێنجی سەرەتاییەوە واز لە خوێندن بهێنێت.
هێندەی نەبردووە لە ساڵی 1963دا چووەتە ڕیزی پێشمەرگە و لەوێوە دەستی بە خەباتی کوردایەتی کردووە.
لەپاش چوونە ڕیزی پێشمەرگە و شۆڕشەوە، لە ساڵی 1965 دەستی بە کاری هونەری کردووە، لە ساڵی 1969 بووە بە ئەندامی بەشی موزیک و گۆرانی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی.
پاش ماوەیەک، بەدیاریکراوی دوای هەڵگیرسانی شۆڕش، دەستی بە کارکردن کردووە لەگەڵ ئەندامانی #تیپی مۆسیقای سلێمانی# و تیپی مۆسیقای شۆڕش و چەندین گۆرانی تایبەتیی چڕیوە، کە تاوەکوو ئێستا لە زیهنی گوێگرەکانیدا ماون.
لە ساڵی 1975ەوە تا دوا چرکەکانی ژیانی لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانیدا کاری کردووە، بەردەوام بووە لە تۆمارکردنی چەندین بەرهەم. لەو ماوەیەشدا لەگەڵ هەریەکە لە (تیپی مۆسیقای مەولەوی، تیپی مۆسیقای شۆڕش و تیپی مۆسیقای نەورۆز) کاری کردووە و هاوکاری کردوون.
عوسمان عەلی یەکێک بووە لەو هونەرمەندانەی کە لە زۆرینەی بۆنە هونەری، نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکاندا گۆرانی وتووە و جوانترین بەرهەمەکانی پێشکەشکردووە، لە چەندین ئاهەنگی جیاوازدا گۆرانی وتووە.
لەگەڵ درێژەدان بە خزمەتی هونەریی، عوسمان عەلی ساڵی 1996 بە لێپرسراوی کارگەی جلوبەرگی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دیاریکراوە.
لە پاش چەندین ساڵ لە خزمەت و بەجێهێشتنی دەیان گۆرانی جوان و زیندوو، شەوی #21-06-2005#، لە کاتی پێشکەشکردنی مەقام لە ئاهەنگێکدا کۆچی دوایی کرد.[1]