خوێندنەوەیەک لە 66ەمین ساڵیادی لەدایکبوونی مەرزیەدا
نووسینی: #توانا حەمە#
#مەرزیە فەریقی#، گەروویەکی زێڕین، شۆڕەژنێک پڕ لە کاریزمای هونەرمەندانە، دایکێکی میھرەبان، ژنە شۆڕشگێڕێک، ھاوڕێی پێدەشت و چیاکانی کوردستان، خەباتکارێک بۆ ئازادی و ڕزگاری نەتەوەیی، ژنە ھونەرمەندێک خەرمانێک لە گۆرانی و ئاوازی کوردی دەکاتە بەشێکی گرنگی مێژووی هاوچەرخی موزیکی کوردی، مەرزیە لە ڕۆژێکی وەکوو 22-05-2024، 66 ساڵ لەمەوبەر لە #مەریوان#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و بووەتە خانمە هونەرمەندێک کە لە مێژووی هونەری موزیکی کوردیدا بۆ هەمیشە لە یادەوەری گە لەکەیدا دەمێنێتەوە.
ناوی تەواوی، مەرزیە شەھاب عەبدوڵڵایە، لە #22-05-1958# لە مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ھەر لە مەریوان تەواو دەکات، دواتر لە کۆتایی ساڵانی 1970 دا دەچێتە شاری #سنە# و خوێندن تەواو دەکات و دەبێت بە مامۆستا، ھەر دوای تەواوکردنی خوێندن وەک مامۆستا لە گوندێکی نزیک شاری مەریوان دەست بەکاردەبێت و دواجار لە ساڵی 1978 لەگەڵ ھونەرمەندی ناسراوی کورد (#ناسڕی ڕەزازی#) ژیانی ھاوسەریی پێکدەھێنیت.
مەرزیە و ڕەزازی بە ھۆی بارودۆخی ڕامیاری ئێران، ھەر زوو ڕۆژھەڵاتی کوردستان جێدەھێڵن و ڕوودەکەنە چیاکانی کوردستان و دەبنە پێشمەرگە، دواجار ھەر لە چیاکانی کوردستانەوە ژیانی سەخت و وێستگەکانی پڕ تێکۆشانی مەرزیە دەست پێدەکات، گەرچی خەباتی شاخ و ئەو سەردەمە بۆ ژنە ھونەرمەند و مامۆستایەک زۆر سەخت بووە، بەڵام ئەو زۆر سەرسەختانە بەگژ ڕۆژە دژوارەکانی ژیاندا دەچێتەوە و ھەر لە چیاکانەوە دەنگی پڕ نەعرەتەی لەگەڵ ڕەزازیدا بە (ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە) بۆ جۆشدانی برا و کڵپە سەندنی شۆڕش و ھاندانی ھاونیشتمانانی ھەڵدا، وێستگەی ژیانی مەرزیە و خێزانەکەی لە ساڵی 1985دا لە چیاکانی کوردستانەوە ڕوودەکاتە وڵاتی پڕ غوربەتی سوید و ژیانێکی دوورەوڵاتی لەگەڵ ھاوسەرێکی پڕ ئەوین و منداڵەکانی بەناوەکانی (دڵنیا، ماردین، کاردۆ) بەسەردەبات.
$ژیانی ھونەری مەرزیە$
وەک ئەوەی خانەوادەکەی دەیگێڕنەوە، سەرەتای دەستپێکی ژیانی ھونەری مەرزیە لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە بووە، ئەو کاتەی لە چالاکییە ھونەرییەکانی قوتابخانەکەیاندا وەک گۆرانیبێژ بەشدار دەبێت، دواتر لە ساڵی 1977 لە قۆناغەکانی خوێندنی مامۆستایدا لەگەڵ (کۆڕی موزیکی ڕادیۆی سنە)دا چەندین جار لەسەر تەختی شانۆ گۆرانی چڕیوە، پاش خەباتی شاخ و بەجێھێشتنی وڵات و لە سوید نیشتەجێ بوون، لەگەڵ سەرقاڵی بە دایکایەتی و ژیانی سەختی ئەوروپا، وا دەکات ساڵانێک لە ھونەری گۆرانی وتن داببڕێت.
دواتر ژیانی ھونەری مەزرییە لە ساڵی 1994دا بە گۆرانی وتن و تۆمارکردنی چەند بەرھەمێک لەگەڵ ڕەزازی ھاوسەریدا دەست پێ دەکاتەوە، لەم ساڵانە بەدواوە چرای ڕووناکی ھونەری مەزرییە بە جۆرێکی تر و پڕ شەوقتر دادەگیرسێت و بەردەوام لە بزاوتی ھونەری موزیک و گۆرانی کوردیدا دەبێتە سمبوڵی ژنە کوردێکی ھونەرمەند و لەپاڵ ئەوەشدا دەبێتە نموونەی ژنە شۆڕشگێرێکی نەتەوەیی و داکۆکی کارێکی سەرسەختی سەربەخۆ و دوور لە کۆمەڵە و حزبایەتی، بۆ داکۆکیکردن لە مافی ژنان و منداڵان و چالاکانە لە چەندین چالاکی جۆراوجۆری ئەم بوارانەدا بەشدار دەبێت.
مەرزیە توانایەکی بێ وێنەی لە شێوازی گۆرانی چڕیندا ھەبوو، ئەو لەسەر چینە دەنگی ئاڵتۆ دەیخوێند، بەڵام زۆر بە باشی دەیتوانی خۆی لە چینە بەرزەکان بدات، زۆر بەجوانی گەمە بە تۆنە موزیکییەکان بکات و ئاوێتەی ئاواز و تێکستی گۆرانییەکانی بێت، مەرزیە زۆر کارامەبوو لەسەر تەختی شانۆ، ھیچ دوودڵی و دڵەڕاوکێک لە گەرویدا بەدی نەدەکرا لە کاتی بەشداریی لە بەرنامە زیندووەکانی تیڤی و کۆنسێرتەکانیدا، لە گۆرانییە فۆلکلۆری و ڕیتمیکییەکانیشدا پێدەکەنی بە ڕووی ھەوادارانیدا، لە گۆرانییە غەمگینەکانیشدا چاوەکانی دادەخست، ئەو ھەمیشە وەکوو ھونەرمەندێکی بەئەزموون و پڕ ئیستاتیکا و ژنە ھونەرمەندێکی بەرگ کوردی، بۆنە نیشتمانی و جیاوازەکانی دەڕازاندەوە.
بە زۆرینەی شێوەزارەکانی کوردی گۆرانی دەوت، وەک ھونەرمەنێکی نیشتمانیی خۆی دەنواند، ئەوەی مەرزیە جیادەکاتەوە لە ژنە ھونەرمەندەکانی تر ئەو لۆژیکەیەتی کە ھەیبوو بۆ گۆرانی وتن، ئەو نەدەھات لە ھەستی ھونەرمەندانی پێش خۆیەوە دەستپێبکاتەوە، ئەو لە سەردەمی خۆیەوە دەستی پێ کرد و ھەمیشە گوزارشتی لە ھەستە ناوەکییەکانی خۆی دەکرد، ھەمیشە ھەوڵی دەدا ڕەنگێکی تر لە موزیکی کوردیدا بەرھەم بھێنێت، خۆی لە ئاوازدان دەدا، ھەمیشە دەیویست ھونەری سەردەمیانەی موزیکی کوردی پێشکەش بکات، جیاواز لە دەنگە نێرینەکانی پێشخۆی.
ئەو دەیویست (زیرەک و ماملی و دیلان) خۆیان بن و مەرزیە فەریقی ناسنامەی مەرزیەیی بە بەری بەرھەمەکانیدا بکات، خاوەن مۆرک و تایبەتمەندی خۆی بێت، ئەو بەڕاستی گوزارشت و سیمبولێک بوو بۆ ھونەری ژن و ھەستی ژنان لە موزیکی کوردیدا، ناسڕی ڕەزازی لە ھەشتەمین ساڵیادی کۆچیدا دەڵیت: من خۆم زۆر ھاوکاریم دەکرد، ئاوازم بۆ دادەنا، تەنانەت فێرم دەکرد چۆن ئاوازدابنێت، بەڵام کێشەیەک ھەبوو کە ئەو سەردەمە زۆرینەی شاعیرەکانمان پیاو بوون، گەرچی چەند ژنێک دەرکەوتن بەڵام نەیاندەتوانێت ھەستی ژنانە دەربڕن، کێشەی مەرزیە ھەمیشە ئەوە بوو کە دەیوت: من ئەگەر بمەوێت گۆرانی درووستکەم دەبێت بگەڕێمەوە بۆ دیوانی شاعیرە پیاوەکان.
لەمەوە دەردەکەوێت کە مەرزیە ھەمیشە چاوی لە درووستکردنی ھونەری موزیکی ژنانە بوو، وەک لەوەی دووبارەکردنەوەی ھەستی پیاوانە لە زمانی ژنەوە بێت، گەرچی ڕەزازی ھاوڕێی و ھاوسەر و ھاوسەنگەری بووە، کەچی کاریگەریی شێوازی گۆرانی وتنی ڕەزازی بە سەر مەرزیەوە بەدیناکرێت و مەرزیە ھەروەک چۆن (ڕەزازی) خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی، ئەویش بە ھەمان شێوە خاوەنی ڕەنگ و دەنگ و ھونەری تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام ئەوەی جێی ھەڵوەستەکردنە لەو گۆرانییە دوێتانەی کە پێکەوە دەیان خوێند، ئاوێتە بوونێکی زۆر سەیر لەم دوو دەنگەدا بەدی دەکرا، بە جۆرێک دەنگی مەرزیە و ڕەزازی دەبوونە ڕەنگێکی چێژێکی تر لە موزیکی کوردیدا، ھونەری مەرزیە ھێندە قوڵە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و تایبەت بە خۆیەتی، کە لەنێویدا ھەم ئازارەکانی نەتەوەی کورد و ھەم ھەستێکی غەمگینی ژنانە تێیدا پەخشانە، مەرزیە زۆر بە سەرکەوتووانە لە ماوەیەکی کورتی تەمەنیدا زۆرێک لە ژانرا و ستایلە موزیکییە باوەکانی کوردی و ئەو سەردەمەی تاقی کردەوە، کە بە بڕوای من لە زۆرینەیاندا سەرکەوتوو بوو، توانا ھونەری و دەنگییەکانی مەرزیە ھێندە زۆر بوون گەر تەمەن ڕێگەی بدایە دەیتوانی کاری زۆر ناوازەتر پێشکەش بکات، بە بڕوای من مەرزیە زۆر قوڵتر بوو، خاوەنی زۆر زیاتر بوو لەوەی بینرا و کە پێشکەشی نەتەوەکەی کرد.
بە داخەوە لە لووتکە و ھەڵکشانی باڵای ھونەری گۆرانی مەرزیەدا، بەھۆی ھەڵەیەکی پزیشکییەوە، لە ساتی نەشتەرگەرییەکدا لە ڕێکەوتی 18ی ئەیلوولی 2005 دا لە نەخۆشخانەی کارولینسکای ستۆکۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید گیانی پڕ بەخششی ھونەری و شۆڕشی لەدەستدا.
کۆچی مەرزیە کۆچی مرۆڤێکی ئاسایی نەبوو، بۆیە باوەڕکردن بە وەستانی گەرووی زێڕینی مەرزیە زۆر سەخت بوو بۆ خێزانەکەی بەتایبەت و نەتەوەکەی بەگشتی، بۆیە لە ساتی گەڕانەوەی تەرمەکەیدا بۆ باشووری کوردستان، ھەر چوار پارچەی کوردستان ڕەشی پۆشی و عاشورایەک لە باشوور، باکوور، ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوای کوردستاندا بۆ مەرگی ناوادەی سازکرا، مەرزیە زۆر بەزوویی، بە تەنیا بە سڵاوێک لە پێشمەرگە بوو بە ھاوڕێی و ھاوسۆزی نەتەوەکەی، بەڵام زۆر نەمایەوە و هەر زوو ماڵاوایی لە ھونەر و نەتەوەکەی کرد.[1]
$سەرچاوە:$
• دەربارەی تەمەن و ژیانی زانیاری لە (خانەوادەی فەریقی، بە تایبەت داروین ئەحمەدی) وەرگیراوە.
• بەرنامەی کێلەشین، تەلەڤزیۆنی نەورۆز: 2013.
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!