#عەباس کەمەندی#؛ لە جیهانی شیعر و ئاواز و نیگاردا
نووسینی: #حەسەن فەلاح#
عەباس کەمەندی، یەکێکە لە دیارترین هونەرمەندەکانی کوردستان، فرەبەهرەمەند بووە و خاوەنی چەندین توانای هونەریی بووە، نیگارکێش، نووسەر، شاعیر، چیرۆکنووس، گۆرانیبێژ، دەرهێنەری شانۆ و دراما بووە، هەر ئەمەش هۆکاری ناساندنی بووە وەکوو مامۆستای حەوت هونەر.
عەباس کەمەندی، ساڵی 1952 لە گەڕەکی جەوراوای شاری #سنە#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە تەمەنی 16 ساڵییدا، شیعر و چیرۆکی نووسیوە کە لە ناوەرۆکدا، پشتێکی گەورەی بە فۆلکلۆری کوردیی بەستووە، باوکی شمشاڵژەن و دەنگخۆش بووە، زۆربەی بنەماڵەی باوکی قەساب بوون و کەشێکی سونەتی بە سەریاندا زاڵ بووە، وەک بۆخۆی دەڵێت: کوڕ بۆ قەسابی و کچیش بۆ شووکردن دەھاتنە دونیاوە، خوێندیش لەو بنەماڵەیەدا قەدەغە بووە و ھەرگیز دەرفەتی خوێندنی بۆ نەڕەخساوە، تا تەمەنی حەوت ساڵی دایکی نەبینیوە، وەک خۆی دەڵێت: گەر دایکی نەگەڕابایەتەوە لای لەناو قەسابخانەکان لەناودەچوو.
کەمەندی تەنیا لە سنەدا ژیانی بەسەربردووە و زانکۆشی نەخوێندووە، ساڵی 1970 لە تەمەنی 18 ساڵییدا، پلەی یەکەم لە کێبڕکێی نووسینی چیرۆکی ڕادیۆی سنە بەدەستدەهێنێت، پاش یەک ساڵ، دەبێت بە موزیکدانەری خانەی فەرهەنگ و هونەر، هەر لەم ڕادیۆیەدا، ماوەی 35 ساڵ کاری کردووە و دەیان چیرۆک و بەیتی کودیی بە شێوەی شانۆی دەنگیی دەرهێناوە.
لە ئاستی ناوەرۆکی شیعرییدا، پەیڕەوی شیعری ئاشقانە و ئەوینداریی کردووە، خاوەنی 60 گۆرانییە، هاوکات کاری بەردەوامی کردووە بۆ نووسینەوەی ئەدەبیاتی میللی و کۆکردنەوەی فۆلکلۆر، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە هونەری و ئەدەبییەکانیدا، زیاتر لە شەش هەزار لاپەڕەی نووسیوە و لە پەرتووکخانەی فەرهەنگی تاران پارێزراون.
لە ئاستی سینەمادا، جێدەستی دیار و ئاشکرایە، خاوەنی چەندین فیلمنامەیە، لەوانە: ئەسپ، شەڕی نرۆمادییە، کۆڵانی سوور، کاروانسەرا و فڕین لە قەفەسدا.
پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، عەباس کەمەندی بەنزیکەی 30 گۆرانی لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەکانی وڵاتەکەدا بە دەنگی خۆی پەخشکردووە، پاش شۆڕش، لەگەڵ گرووپی کامکاران کاری کردووە و یەکەم بەرهەمی ئەلبوومی خۆی بە ناونیشانی هەورامان لە ساڵی 1981 ئەنجامداوە، پاشان چەندین ئەلبوومی دیکەی بەرهەمهێناوە، لەوانە: پرشنگ و گەلاوێژ، کیژی کورد، خاوەنی چەندین گۆرانی بەناوبانگی کوردییە، لەوانە: نەتۆری، تۆ چاوت نەیشێ، سنجانە و سنجانە و کیژی لادێ.
عەباس کەمەندی، ڕێکەوتی 21-05-2014، لە تەمەنی 62 ساڵییدا، دڵی لە لێدان دەکەوێت و لە گۆڕستانی ئاساوڵە، لە شاری سنە بەخاک سپێررا.
بەشێوەیەکی گشتی، کارە هونەریی و ئەدەبییەکانی عەباس کەمەندی پێکهاتوون لە:
چوار ڕۆمان
کۆمەڵە شیعریی هەواراگەی هاوار
دوو پەرتووکی شیعری
60 گۆرانی
30 سیناریۆی فیلمی درێژ و کورت
بەرهەمهێنانی چەندین فیلم و دراما
کێشانی بەنزیکەی 100 تابلۆی هونەری.[1]