#حەسەن زیرەک#؛ زاری هونەرێکی ئازار دراو
کانی عومەر
حەسەن زیرەک، هونەرمەند، گۆرانیبێژ و موزیکزانی کورد، 102 ساڵ لەمەوبەر و لە #29-11-1921#، لە شاری #بۆکان#ی پارێزگای #ورمێ# لەدایکبووە، یەکێکە لە ناودارترین ئەو گۆرانیبێژە کوردانەی، کاریان لەسەر کەلەپووری موزیکیی کوردیی کردووە، خاوەنی گەنجینەیەکی دەوڵەمەندە لە ئاوازی ڕەسەنی کوردی.
هەرچەندە ناڕوونیی لە شوێنی لەدایکبوونی زیرەک هەیە، بەڵام بە وتەی خەڵک و ناسنامەی باری کەسێتی، لەدایکبووی گەڕەکی قەڵای سەرداری شاری بۆکانە، دایبابی ناویان عەبدوڵڵا و ئامینەیە، عەبدوڵڵا بەهۆی لێهاتوویی کارەکانی، ناسناوی زیرەکی پێ بەخشراوە و هۆکارێک بووە بۆ چەسپاندنی ناسناوەکەی بە حەسەنی کوڕیەوە.
پەیوەست بە دیوی پەنهانی کارە هونەرییەکانی حەسەن زیرەک، چەندین زانیاریی و ڕاستیی هەن کە بۆ گوێگران و هەوادارانی زیرەک شاراوەن، توێژەری کورد، محەمەد حەمە باقی، لە فیلمێکی بەڵگەنامەییدا بە ناوی (گەروویەکی ناوازە)، ئاماژە بەوە دەدات، زیرەک عودژەن بووە، هەمیشە هەوڵیداوە، ئەو گۆرانییانەی کە دەیانچڕێ، لە ڕووی هونەرییەوە، ساز و لەبار بن، ئەمە هۆکارێکی سەرەکی سەرکەوتنی زیرەک بوو.
لە دیوێکی دیکەدا، زیرەک خاوەنی ژمارەیەکی بێشووماری گوێگر بووە لە ئیزگەی کوردی بەغدا و #کرماشان# و تاران، ئەمە مایەی ئیرەیی هونەرمەندانی سەردەمی خۆی بووە، زیرەک نەک بە تەنیا لەلایەن خەڵکەوە ئازار دراوە، بەڵکوو لەلایەن هونەرمەندانی ئەو سەردەمەوە، تووشی سووکایەتی و ئازاردان بووەتەوە، خوێندنەوەی ڕاستیی کۆمەڵگە و شایەتحاڵەکان، هۆکارەکە بۆ ئیرەیی بەرانبەر تواناکانی زیرەک دەگەڕێننەوە، لە ناوەرۆکی پەرتووکی (ناڵەشکێنە)، لە ئامادەکردنی نەسیر قادر نیا، ئاماژە بە سکاڵایەکی زیرەک دەدرێت بۆ ڕادیۆی بەغدا، گلەیی ئەوە دەکات، ئەو ھەموو گۆرانییەی لە ئیزاعە ھەمە، قەت گۆرانییە چاکەکانم بڵاوناکەنەوە، گەر جارێکیش گۆرانییەکی باشم بڵاوبکرێتەوە، بەناوی کەسێکی دیکە بڵاویدەکەنەوە.
تایبەتمەندیی زیرەک لە چڕینی گۆرانییدا، دەگەڕێتەوە بۆ پشتبەستنی بە فۆلکلۆری کوردیی، گەڕیدەییەکەی لە ناوچە کوردییەکاندا، ئاشنای دەکات بە کولتوور و نەریتی ناوچە جیاوازەکان، هاوکات سوودێکی گەورەی لە شیعری کلاسیکیی کوردیی بینیوە.
حەسەن زیرەک، خاوەنی دەیان گۆرانی بەناوبانگە، لەوانە: (وەکوو قومری، کەتانە، کرماشان شاری شیرین، هەوری لار و دیسان شەو هات)، ئێستاش چەندین گۆرانیی زیرەک، لەلایەن موزیکدانەرە جیاوازەکانەوە، کار لەسەر نوێکردنەوەیان دەکرێت، لە نوێترین هەوڵیشدا، عەبدوڵڵا جەمال سەگرمەی ئاوازدانەر، بڕیارە شەش لە گۆرانییەکانی زیرەک، خاوێنبکاتەوە و بەرزیان بکاتەوە بۆ ئاستی ئەکادیمیا، گۆرانییەکانیش بریتین لە، (کوێستانان، بە تەورات، خانزادە خانم، نووری ڕوخسارت، هەوری لار و کاروانە).
زیرەک، ڕۆژی #26-06-1972#، لە تەمەنی 51 ساڵییدا، لە شاری بانەی زێدی خۆی، کۆچی دوایی دەکات و میراتێکی دەوڵەمەندی مەقام و گۆرانی کوردیی بەدوای خۆیدا جێدەهێڵێت.[1]