کۆسار عوسمان
#ڕەجەب تەیب ئەردۆغان#، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پێشنیازەکەی #دەوڵەت باخچەلی# ، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بۆ #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# قسەی کرد و وتی، ئەگەر ئەو هەڵوێستەی باخچەلی بێ بڕیاردانی پێشوەختە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، سوودی دەبێت.
لە پرۆگرامێکی تایبەت بە 101ەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئاکپارتی و مەهەپە وتارێکی پێشکەشکرد.
بەشێک لە وتارەکەی ئەردۆغان تایبەت بەو پێشنیازە بوو کە دەوڵەت باخچەلی هەفتەی ڕابردوو لەبارەی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی #پەکەکە# خستییەڕوو.
ئەردۆغان وتی، ئەو هەڵوێستانەی بەم دواییە بە ڕێبەرایەتیی هاوبەشی هاوپەیمانیی جمهوورمان نیشاندراون، باوەڕمان وایە ئەگەر لەژێر ڕۆشنایی باکگراوندێکی فراوانەوە و بەبێ بڕیاردانی پێشوەختە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، سوودی زیاتریان دەبێت.
ئەردۆغان وتی، بۆ وتنی شتی نوێ، چاوپۆشیمان لە کێشەکان نەکرد، بەڵکوو چووینە دۆخێکەوە کە تێیدا پێداگری بۆ چارەسەرکردن پێویستە. ئەگەر وا نەبێت، جیاوازیمان لەگەڵ وڵاتە تازە دەرکەوتووەکان نابێت.
دەوڵەت باخچەلی ڕۆژی #01-10-2024# لە پەڕڵەمانی تورکیادا چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ کردن؛ ڕۆژی #22-10-2024# یش بانگەوازی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بچێتە پەڕڵەمان و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتیدا هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیێنێت بۆ ئەوەی قۆناخێکی نوێ دەستپێبکات.
ئەو دوو هەنگاوەی باخچەلی، بەتایبەتیی کە پشتیووانیی ئەردۆغانی بەدواداهات، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کورد لێکدەدرێتەوە.
دەقی گوتەکانی ئەردۆغان:
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا: ئەو هەڵوێستانەی بەم دواییە بە ڕێبەرایەتیی هاوبەشمان لە هاوپەیمانیی جمهوور نیشاندراون، باوەڕمان وایە ئەگەر بەبێ بڕیاردانی پێشوەختە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، سوودی زیاتریان دەبێت. ئەم هەڵوێستە نەریتێکە لە عەقڵی دەوڵەتی دێرین و لە ئەزموونی هەزاران ساڵەی گەلەکەمانەوە هاتووە. چاوپۆشیمان لە کێشەکان نەکرد، بەڵکوو چووینە کەشێکەوە کە تێیدا ویستی پێداگرانە بۆ چارەسەرکردن پێویستە. ئەگەر وا نەبێت، جیاوازیمان لەگەڵ وڵات و گەلە تازە دەرکەوتووەکان نابێت.[1]