تەنیا ئەحمەد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: خۆشحاڵ دەبێت ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ببینێت چونکە ئەمە بابەتی میللەتێکە و یارمەتیی نەک تورکیا بەڵکوو هەموو ناوچەکە دەدات. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە باسی (پەکەکە)ش وتی ئەوان کێشەیەکی گەورەن و ڕێز لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ناگرن، پێویستە واز لەو کردەوانە بهێنن.
ڕۆژی چوارشەممە #30-10-2024# #نێچیرڤان بارزانی# ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری لە هەولێر وتی وەکوو هەرێمی کوردستان خۆشحاڵ دەبین ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیپێبکرێت و بگاتە ئەنجام.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی ئەمە بابەتی میللەتێکە، هەڵوێستی ئێمەش ڕوونە. ئێمە خۆشحاڵین ئەگەر پڕۆسەکە بە هەر جۆرێک بێت دەستپێبکرێت. چارەسەرکردنی ئەو بابەتە نەک تەنیا یارمەتیی تورکیا بەڵکوو یارمەتیی ناوچەکەش دەدات.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا، دەبێت ڕێگە لەو کەسانە بگیرێت کە نایانەوێت ئەو پڕۆسەیە بگاتە ئەنجام، هێرشەکەی ئەنقەرەش بۆ تێکدانی ئەو گفتوگۆیانە بوو کە لەسەر پڕۆسەکە بوون.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە باسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وتی پەکەکە بۆ تورکیا و بۆ ئێمەش کێشەیەکی گەورەیە، ئەوان هیچ حیساب و ڕێزێک بۆ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دانانێن. پەکەکە ئەگەر دەیەوێت چارەسەرێکی سیاسی لە تورکیا هەبێت، پێویستە واز لەو کردەوانە بهێنێت و سیاسەتێکی نوێ پەیڕەو بکات.
دوای ئەوەی بەرپرسانی تورکیا ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد ڕاگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان، هەڵوەشاندنەوەی باڵی سەربازیی پەکەکە و وازهێنانی بزووتنەوەکە لە ململانێی چەکداری ڕابگەیێنێت؛ چاوپێکەوتنێکیان لەنێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەک و عومەر ئۆجەلانی برازای ڕێکخست.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕایگەیاندبوو گۆشەگیری بەردەوامە. ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە بگۆڕم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی، ئەمە وەک عومەر ئۆجەلان ڕۆژی #24-10-2024# ، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا بڵای کردەوە.[1]