بۆچی کورد کەڵک لە کارەساتە نەتەوەییەکانی نابینێت؟
دڵڕەقی و دۆگمایی بە شێکی زۆری هێزە عەرەبییە ئێراقییەکان بەرانبەر بە کورد مێژوویەکی دێرینی هەیە و هیچ حکومەتێکی ئێراقی لە دوای سەردەمی پاشایەتییەوە لێی بێبەری نەبووە، هەرچەندە هەندێک پاساو بەوە دەهێننەوە کە بەشێکیشی پەیوەست بووە بە خودی کوردەوە و گوایە بەڵگەی بەدەستەوە داوە و ڕێگەی بۆ کارە دوژمنکارییەکانی دەسەڵاتداران خۆشکردووە، بەڵام زۆرینەی بەڵگەکان باس لەوە دەکەن سیاسییەتی دوژمنکارانەی هەرێمی و جیهانیش پشتیووانییان لە کارەساتەکان کردووە، پرسیار ئەوەیە بۆچی جووەکان توانییان جینۆسایدی هۆڵۆکۆست بکەنە سیمبولی چەوساندنەوەی خۆیان و سەرنجی جیهانیان بۆخۆیان ڕاکێشا، بەڵام کورد نەیتوانی ئەو کارەبکات؟
$ڕەگی مێژوویی$
بێگومان لە کارەساتەکانی سەردەمی کۆماری یەکەم و زەعیم سدیق لە کوردستانەوە بیگرە تا دەگاتە ئەنفال و کیمیایی بارانەکانی سەدام بە یەک زنجیرەی تەواو نەکراوی حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی ئێراق بەرانبەر باشووری کوردستان دێنە ئەژمار و دووریش نییە ئەگەر ڕژێمی #بەعس# و سەددام حسێن تەمەنیان درێژ ببوایەتەوە بۆ ئەم سەردەمە تاوانی دیکەشیان ئەنجام نەدایە.
یەکێک لەو کارەساتانەی لەسەردەستی ڕژێمی پێشووی ئێراق بەسەر گەلی کورد لە باشووری کوردستان داهاتووە، کارەساتی کیمیابارانکردنی #هەڵەبجە#یە لە ڕۆژی #16-03-1988# و پاساوی حکومەتی ئێراق و بەرپرسەکانی لە کاتی دادگایی کردنەکانیان لە 2006 دا ئەوەبوو کە بە ڕێنمایی و پێشڕەوی پێشمەرگە سوپای پاسدارانیان هێناوەتە هەڵەبجە و دەوروبەری و لە کاتی جەنگیشدا بۆ بەرگریی لە خۆکردن پەنا بۆ هەموو کارێک دەبرێت، هەرچەندە هەموو قسەکانیان بەو ئاڕاستەیە بوو کە ئەوەی کیمیایی بەسەر هەلەبجەدا کردووە ئێراق نەبووە، بەڵکوو فڕۆکەکانی ئێران بوون، بەڵام هەموو بەڵگە و شایەتەکان لە دژی ئەوان بوون و سەلمێندرا کە ڕژێمی بەعس و بە فەرمانی عەلی حەسەن مەجید و بە ڕەزامەندی سەدام حسێن ئەو کارە کراوە و بووە هۆی شەهید بوونی هەرزان کەس و برینداربوونی هەزارانی دی کە ژماریەکیان تا ئێستاش بەدەم سەختی برینی 33 ساڵ پێش لە ئێستاوە دەناڵێنن.
$هەڵوێستی ئەوانی تر$
کارەساتی هەڵەبجە بەچەکی قەدەغەکراوی کیمیاییی نێودەوڵەتی ئەنجام درا. کارەساتێک کەتیایدا هەزاران کەسی سڤیل بەهۆیەوە شەهیدبوون و ژینگەی سرووشتی و جوگرافیای شارەکەش وێران بوو. ئەمە وێرای کاریگەریەتی ئەوچەکە لەڕووی دەروونی، جەستەیی، بایۆلۆژی لەسەر مرۆڤەکانیش، کە ئێستاش لەژێر کاریگەریەتی ئەوڕووداوەدان. ئەوەشی کەئەوەندەی تر ئەوکارەساتەی بەسوێتر و قوڵترکردەوە، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەڵەتی بەگشتی و نێوەندە عەرەبی و ئیسلامییەکان بە تایبەتیی بوو، کە تەنیا چوار ڕۆژ دوای کارەساتەکە، کۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی، لە کوێت بەڕێوەچوو، بەڵام یەک وشەیان لەو بارەیەوە نەدرکاند، هیچ نووسەرێکی عەرەب (جگە لە چەند دانەیەکیان) نە دێڕێکیان نووسی و نە هەڵوێستیان وەرگرت، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاساییش و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش نقەیان لە خۆیان بڕیبوو، ئەوەش لە بەر چەند هۆکارێک، یەکێک لەوانە ئەو چەکەی بەکاردەهێنراو درابوویە سەدام حسێن درووستکراوی کارگەکانی خۆیان بوو، پشتیووانی ڕژێمی سەدامیان دەکرد لە دژی ئێران، لەبەر ئەوەی عەرەبەکانی خاوەن نەوت هەڵوێست وەرنەگرن و چەندین هۆکاری دیکە.
$گرنگی نەدانی پێویست$
زیندوو ڕاگرتنی مێژووی ئەو کارەساتی هەڵەبجە لە ڕووی نەتەوەیی و تەنانەت مرۆیشەوە زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی کارەساتێکی مرۆیی زۆر گەورەیە، تاوانێکی جەنگی حاشاهەڵنەگرە، دەتوانرێت ببێتە هەوێنی هەزاران فیلم و ڕۆمان و پەرتووک و لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەکادیمی و بەدەر لەوانەش سەرنجڕاکێشانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کێشەی کورد بە گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەتیی تر، بەڵام لەو ماوە دوور درێژەی دوای کیمیابارانی هەڵەبجە بۆچی نەکراوە جێگەی پرسیارە و وەک شارەزایان و خەڵکی شارەکەش باسی دەکەن بۆ کۆمەڵە خاڵێک دەگەڕێتەوە کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
1-کورد خاوەنی دەوڵەت یان کیانێکی سەربەخۆ نەبووە و کێشەی کیمیابارانی هەڵەبجەش لەناو دوو کەڵی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێراق و ئێراندا ون بووە، ئەوە لە کاتێکدا زۆرینەی ڕەهای ناوەند و حکومەتەکانی دونیا لە پشتی سەدام حسێن بوون، یان لانی کەم چاوپۆشییان لەتاوانەکانی دەکرد.
2-پێش لە ڕاپەڕین و لە 16-03-1988 تا 05-03-1991 دەستکەوتی کورد لە کارەساتەکە پەیداکردنی برێک دەستکەوتی مادی بوو بۆ حیزبەکان و تەنانەت کەسەکانیش، لەبەر ئەوەی پارەیان بەو کارەساتەوە پەیدا دەکرد و دانانی وێنەیەکی کیمیایی باران لە یەکێک لە شەقامەکانی وڵاتانی ئەوروپی بەس بوو بۆ ئەوەی بەناوی شەهید و بریندارەکانەوە هەزاران دۆلار خڕبکرێتەوەو دواتر هیچیشی نەگاتەوە بە خەڵکی ئەو شارە.
3-دوای 1991 و ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و دوای هەڵبژاردنی یەکەمیش لە ساڵی 1992 ەوە تا ئێستا ساڵانە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک پێش کارەسات و دوای کارەساتەکە کۆمەڵێک بەرپرس بە بەڵێن و پەیمانی ناڕاست یادەکانیان ڕایی کردووە، تا گەشتە ئەوەی خەڵکی ئەو شارەیان بێ هیوا کرد و تەنانەت مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و کێلی شەهیدانی هەڵەبجەش بەدەستی خۆیان بشکێنن.
4-ئەگەر لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیشەوە هەندێک کارکرابێت بۆ هەڵەبجە، یان وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، یان لە ئاستی کارەساتەکەدا نەبووە، بەشێک لە هەڵەبجەییەکان هەرزوو گەشتنە ئەو بڕوایەی یادکردنەوەی هەڵەبجە جگە لە گەورەکردنی هەندێک کەس و بەرپرس و نانخواردن پێوەی شتێکی ئەوتۆ نابەستێتەوە، هەر بۆیە بەشداریی هیچ جۆرە بۆنەیەکیان نەکردووە و نایکەن.
5-ململانێی حیزبەکانی کوردستان و لەونێوەندەشدا هەلەبجە جارێکی تر بوویەوە قوربانی نێوانیان و لەبری ئەوەی هەڵەبجە وەک سیمبولی نەتەوەیی و هەوێنی پێکەوە ژیان بەکاربهێنن، نەک هەر فەرمۆشیان کرد، بەڵکوو چەندین جەولەی شەڕی ناوخۆشیان لەسەر خاکە بریندارەکەی ئەو شارە هەڵگیرساند و تا ئێستاش شوێنەواری شەڕی ناوخۆ و کیمیایی بارانی پێوە دیارە کە یەکەمیان لەسەر دەستی حیزبە کوردییەکان و دوەمیشیان لەسەر دەستی بەعسییەکان بوو.
$هۆڵۆکۆست و هەڵەبجە$
هەرچەندە گەورەیی و فرە ڕەهەندی کارەساتەکە لەتوانای حیزبە کوردییەکان بەدەر بوو، بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین بەو کارەساتەی کە بەسەر جووەکانی ئەڵمانیادا هات، ئەوا دەگەینە چەند دەرئەنجامێک، لەوانەش:
1-جوو توانی هۆڵۆکۆست بکاتە سومبوڵی مەزڵومیەتی نەتەوەیی خۆی و سەرنجی هەموو جیهان بۆ خۆی ڕابکێشێت، بە جۆرێک هیچ بەرپرسێک نییە پێ بخاتە سەر خاکی ئیسرائیل و بەنێو مۆنۆمێنتی تایبەت بە هۆڵۆکۆست دا تێپەرنەکات، بەڵام مۆنۆمێنتی هەڵەبجە نەک هەر ئەو ڕۆڵە ناگێڕێت، بەڵکوو ناتوانن خزمەتی شایستەی بکەن و لە کاتی بۆنەی هەڵەبجەدا نەبێت بەبیریان نایەتەوە.
2-جوو توانی کارەساتی هۆڵۆکۆست بکاتە هەوێنی پێکەوە کارکردنی جووەکانی هەموو جیهان و لەسەر ئەو بنەمایە بوونیادی دەوڵەتێکی دامەزراند، بەڵام کورد نەیتوانیوە لانی کەم قەرەبووی کەسووکاری شەهیدان بکاتەوە، نەیتوانیوە شوێنەوارەکانی کیمیاباران لە دەستکاریی کردن بپارێزێت و بیکاتە مۆزەخانەی نەتەوەیی. گەرچی لە ساڵی 2010 دا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق بەفەرمی کارەساتەکەی بە جینۆ ساید ناساندووە و پێشتریش لە دادگای باڵای تاوانەکان بەشێوەی یاسایی مافی مادی و مەعنەوی ئەو شارە سەلمێندراوە، بەڵام دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە لە بودجەی ساڵانەی ئێراقدا بڕگەیەک جێگە بکاتەوە بۆ قەرەبووی کارەساتەکانی کوردستان، ئەوە لە کاتێکدا ساڵانە ئێراق قەرزی داگیرکردنی کوەیت دەداتەوە. لە لایەکی تریشەوە لە ساڵی 2013 ەوە بڕیاری بە پارێزگابوونی دەرچووە بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە ئەو پارێزگایە چالاک بکرێت و لەبەر ڕێکنەکەوتنی حیزبە کوردییەکان ئەنجوومەنی پارێزگاکەی چالاک نەکراوە و لەبەر ناکۆکی نێوان حیزبە کوردییەکان ئێراقیش وەک پێویست نایەتە پێشەوە.
3-جوو توانیویەتی بە ئەرشیفکردنی هۆڵۆکۆست مێژوویەکی گەورە بەرجەستە بکات، تەنانەت ڕۆژی 11ی ئایاری ساڵی 1960 ئەندامانی دەزگای هەواڵگری موسادی ئیسرائیلی سەرکەوتووبوون لەرفاندنی ئەدلۆف ئیخمان کە ئەندازیاری هۆڵۆکۆست و داڕێژەری بیرۆکەکەی بوو لەئەرجەنتین بۆ ئەوەی لە بەردەم دادگا لەئیسرائیل ئامادەبێت پاشان لەسێدارەدانی لە ساڵی 1962، بەڵام بە پێچەوانەوە کورد -تاریق ڕەمەزان-یەکێک لەو فڕۆکەوانانە ئازاد دەکات کە بۆمبی کیمیایی بەسەر هەڵەبجە دا کردووە.
4-لە ڕووی ئابوورییەوە هۆڵۆکوست کراوەتە ڕەمزی سەرنجڕاکێشانی دەوڵەمەندانی جوولەکەو بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پڕۆژەی گەورەی جیهانی لە ئیسرائیل، بەڵام نەک هەردەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم نەیانتوانیوە کارێکی لەو شێوەیە بکەن، بەڵکوو (جگە لە ژمارەیەکی زۆرکەم) دەوڵەمەندەکانی کوردستانیش نەیانتوانیوە پارەکانیان بخەنە خزمەتی سەرخان و ژێرخانی ئابووری ئەو شارەوە، ئەوە لە کاتێکدا دەکرا دەیان پڕۆژەی هەمەچەشنەی تێدا بکرێتەوە بە مەرجێک دەسەڵاتدارانی هەرێم کارئاسانییان بۆ بکردایە، نەک کارگە و بنەما ئابوورییەکانیشی لە بنەوە هەڵبتەکێنن و پەکیان بخەن.[1]