ناونیشانی بابەت: نموونەی گەنمی کوردستان 100 ساڵە پارێزراوە
ئامادەکردنی: عومەر ئەحمەد
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان، پێویستی بە بەرهەمهێنانی گەنم زیاتر دەبێت، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا بەرهەمهێنانی گەنمی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە کردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا جۆر و تایبەتمەندیی ئەو گەنمەی کە دەیان ساڵە دەچێندرێت، بەزۆری لەبەر مەبەستی بازرگانی گۆڕراوە و کەمتر تەندرووستە.
ماوەی 10 ساڵە لێکۆڵینەوە لە نموونەی ڕەسەنی 100 ساڵەی گەنم دەکرێت و بەپێی ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە کە لە گۆڤاری بەنێوبانگی Nature بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە ئەو گەنمەی ئێستا لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەچێندرێت، تەنیا هەڵگری 40%ی ئەو جینانەیە کە لە نموونەی گەنمە ڕەسەنەکان دا هەیە. زانایان دەڵێن 60%ی ئەو جینانەی لە نموونەی گەنمە ڕەسەنەکاندا هەیە و لە گەنمەکانی ئێستادا نین و، دۆزیوویانەتەوە و کاری لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی گەنمی زیاتر و تەندرووستتریان بۆ نەوەکانی داهاتوو لێ بەرهەم بهێنن. بە کردەییش لە بەریتانیا و لە شاری (نۆرێچ) لە (ناوەندی لێکۆڵینەوەی جۆن ئینێس) ئەو گەنمانەیان چاندووە کە هەڵگری جینە کۆنەکانن.
#کوردستان#، نیشتمانی چاندنی یەکەم گەنمە لە مێژوودا و نموونەی گەنمی کوردستان لە کۆگایەکی گرنگ لەگەڵ گەنمی 30 وڵاتی دیکە، نزیکەی 100 ساڵە پارێزراوە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، بەتایبەت لەڕووی تایبەتمەندیی جینەکانەوە کە دەکرێت لە درووستکردنی جۆری نوێی گەنم بۆ نەوەکانی داهاتوو، کەڵکی لێوەربگیرێت.
لەنێوان ساڵانی 1920 تاوەکوو 1930، ڕووەکناسی بەنێوبانگی بەریتانی (ئارتور ئێرنێست واتکینز) لە 32 وڵاتی جیهانەوە نموونەی گەنمی ڕەسەنی کۆکردەوە، کە بە کۆگاکانی واتکینز دەناسرێت. ئەو کۆگایە وەکوو گەنجینەیەکی بەنرخ بۆ دابینکردنی خۆراکی نەوەکانی داهاتوو تەماشا دەکرێت و لەلایەن زانایانی هەموو جیهانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.
تورکیا و ئێراق لەنێو ئەو 32 وڵاتەدان کە لێکۆڵینەوە لەسەر گەنمەکانیان دەکرێت، بەتایبەتیی نموونەکان ئەو کاتە لە ناوچەکانی کوردستان لە هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێراق کۆکرانەوە و گەنجینەی واتکینز بە بایەخەوە لەو نموونانە دەڕوانێت و باس لەوە دەکات کە یەکەم جار لە مێژوودا گەنم لەو ناوچەیەدا، واتە لە کوردستان چێندراوە.
لێکۆڵینەوەکەی ئەو زانایانە ئاشکرای دەکات، گەنمی ئێستا لەڕووی مێژووییەوە، لە سێ جۆری ڕەسەن و توخمی گەنم سەرچاوەی گرتووە، کە ئەو سێ جۆرە 8000 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بەکارهاتووە و بەشێکی سەرەکیی خواردنی ڕۆژانەی خەڵک بووە.
#هاوڕێ باخەوان# لە پەرتووکی (#کوردستان نیشتمانی یەکەمی سۆمەرییەکان#) لە چەندین شوێندا باس لەو بەڵگانە دەکات کە مرۆڤی کورد 8000 ساڵ لەمەوبەر تەکنیکی کشتوکاڵی و ئاودێریی زانیوە و گەنمی چاندووە و ئامێریشی هەبووە بۆ هاڕینی گەنم و درووستکردنی ئارد.
هاوڕێ باخەوان ئاماژە بەو بەڵگە و شوێنەوارانە دەکات کە لە گوندی (چەرمۆ)ی نزیک چەمچەماڵ و (ھەزار مێرد)ی نزیک شاری سلێمانی و لە ئەشکەوتی شانەدەر، دۆزراونەتەوە و ئەوە دەسەلمێنن کە مرۆڤی کوردستان ھەر لەو کاتەوە گەنمیان بۆ خواردن بەکارھێناوە.
مێژوونووسان و شوێنەوارناسەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کوردستان لانکەی یەکەم کاری کشتوکاڵی و چاندنی گەنم بووە.
پڕۆفیسۆر ئاکیرا تسونێکی، شوێنەوارناسی ژاپۆنی کە ئێستا خەریکی کاری هەڵکۆڵینە لە گوندی #چەرمۆ# لە ڕۆژی 25ی ئایاری 2024 لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو وتی، چەرمۆ گوندێکی کشتوکاڵی بووە. لە کاتی قووڵبوونەوەماندا چەند ژوورێکمان دۆزییەوە و لەنێو یەکێکیاندا تونێلێکمان دۆزییەوە. تونێلەکە بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی لێرە کشتوکاڵیان کردووە.
پڕۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر، لە بەرنامەی (لەگەڵ ڕەنج)دا کە تایبەت بوو بە دۆزینەوەکانی #ئەشکەوتی شانەدەر# و ڕۆژی 12ی ئایاری 2024 لە ڕووداو بڵاوکرایەوە، ئاشکرای کرد، یەکێک لەو شتانەی لێرە دۆزیمانەوە و دەگمەنە، ئەوەیە کە بە شۆردنەوەی خۆڵەکە بینیمان ڕووەکی سووتێندراو ماوەتەوە کە خواردوویانە. لە ئەشکەوتی شانەدەردا ئەوەمان دۆزیوەتەوە کە ئەوان ئاگریان کۆنترۆڵ کردووە و دانەوێڵە و ڕووەکیان کۆکردووەتەوە و کردوونیان بە جۆرێک لە هەویر و بەردیان لە ئاگردا گەرم کردووە و ئەو شتانەیان وەکوو چێشت لێناوە. لە دەوری ئاگرەکە دانیشتوون و پێکەوەنانیان خواردووە. ئەمە دۆزینەوەیەکی نوێی گرنگە، چونکە پێشتر وادەزانرا کە نیاندەرتاڵ کولتوورێکی کەمیان هەبووە، بەڵام ئەوەی لە شانەدەر دەیبینین ئەوەیە کە ئەوان لە دەوری ئاگر کۆبوونەتەوە و پێکەوەنانیان خواردووە، وەکوو ئەوەی ئێمە دەیکەین.
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن، گەنمی کوردستان لە وڵاتانی دیکەی ئاسیا و ئەفریقا و پاشان لە ئەوروپا بڵاوبووەتەوە. بەڵگە مێژوویییەکان ئاشکرای دەکەن شارستانیی میزۆپۆتامیا (ناوچەی نێوان دوو ڕووبارەکە) لەسەر بناخەی بەروبوومی گەنم بنیات نراوە.
کۆگای واتکینز ئێستا لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی جۆن ئینێس خاوەندارێتی دەکرێت و زانایانی ڕووەکناس باس لە دۆزینەوەکانیان دەکەن لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە 10 ساڵییەکەیان.
د. سیمۆن گریفیس کە سەرپەرشتی تیمی لێکۆلینڤانە نێودەوڵەتییەکان بووە، لەوبارەیەوە دەڵێت ئەو 60٪ ەی کە لە جینی گەنمی ئێستادا ونن، دەکرێت بە باشی کەڵکی لێوەربگیرێت بۆ تێرکردنی خەڵکی جیهان بە بەردەوامی.
گریفیس دەڵێت: 8 تاوەکوو 10 هەزار ساڵە مرۆڤ بەرەو چاندنی ئەو جۆرانەی گەنم چووە کە بەری زیاتر دەدەن و لە بەرانبەر نەخۆشی و ئافەت بەرگری باشتریان هەیە.
ئەو زانایە دەڵێت نموونەی سەمەرەو نایابیان هەیە لە گەنجینەی واتکینز کە دەبێت لە چاندنی گەنمی ئەم سەردەمەدا کەڵکیان لێوەربگیرێت.
گەنجینەی واتکینز لەبەر ئەوە گرنگە، چونکە نموونەکان پێش ئەوەن کە چاندنی گەنم ببێتە پیشەسازی و لەبەر ئەوەش ڕەگەزەکانیان بە ڕەسەنی ماونەتەوە.
لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا دەرکەوتووە تایبەتمەندی جۆرەکانی گەنمی ئێستا کە لە سەرانسەری جیهان دەچێندرێن تەنیا لە تایبەتمەندی 2 تاوەکوو 7 نموونەی گەنمی نێو گەنجینەکەی واتکینز دەچن.
د. گریفیس دەڵێت هەندێک نموونە هەن لە گەنجینەکەی واتکینزدا کە جینەکانیان توانایەکی بێ وێنەی بەرگرییان هەیە لە بەرانبەر ئافەتەکان و، لەبەر ئەوەش دەکرێت بە زیندووکردنەوەی ئەو نموونانە و چاندنیان پێویستی بە بەکارهێنانی پەینی کیمیایی کەمتربێت، وەک ئەو پەینانەی کە هەڵگری نایترۆجینن. ئەو زانایە دەڵێت کەمتر بەکارهێنانی پەینی کیمیایی تێچووی جووتیاران کەم دەکاتەوە و یارمەتیدەریشە بۆ ئەوەی کاری کشتوکاڵی نەبێتە هۆکار بۆ دەردانی گازە زیانبەخشەکان کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی پەینە کیمیاییەکانەوە درووست دەبن.
گەنجینەکەی واتکینز زیاتر لە هەزار جۆر و نموونەی جیاوازی گەنمی لەخۆگرتووە.
گریفیس و هاوکارانی 119 نموونەی جیاوازیان هەڵبژاردووەو دووبارە لە ڕێگەی زانستی جینەکانەوە تێکەڵی گەنمی ئێستایان کردووە و چاندوویانەتەوە.
سەبارەت بە ئەنجامەکان، ڕۆز ماک نێلی یەکێک لە لیکۆلینڤانەکان دەڵێت: ئەو گەنمە نوێیانەی کە بەرهەم هاتوون زۆر جیاوازن لە گەنمی ئێستا، وەک توخمی کۆنی گەنمن، وەک داپیرەی گەنمی ئێستان.
ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەنمە نوێیەکان زۆر باشترن بۆ ڕیخۆڵەکانمان، لەبەر ئەوەی ئاسانتر و لەسەرخۆ هەرس دەکرێن و گلۆکۆزی کەمتر لە ڕەگەکان درووست دەکەن، بەوپێیەش زۆر باشترن بۆ نەخۆشییەکانی وەک شەکرە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکە، ئەو گەنمەی کە چاندوویانە، نیشاستەی زۆرتریشیان تێدایە کە دەکرێت بۆ تەندرووستی مرۆڤ سوودمەندتربن.
سیمۆن کراتینگەر لە زانکۆی تەکنۆلۆجیا و زانستی شاعەبدوڵڵا کە یەکێکی دیکەیە لەو زانایانەی بەشداری لێکۆڵینەکەی کردووە دەڵێت لایەنی گرنگ ئەوەیە کە ئێمە پێویستیمان بە گەنمی زیاترە لە داهاتوودا.
ئەو دەڵێت کەڵک وەرگرتن لە گەنمە ڕەسەنەکان لە بەر هەبوونی تایبەتەمەندی هەمەڕەنگ لە ڕووی جینەکانەوە، دەتوانێت ببێتە هۆکار لە داهاتوودا گەنمی پێویست بۆ دانیشتووانی زەوی دابین بکرێت.
پێشبینیکراوە تاوەکوو 2050، بەڕیژەی 30٪ تاوەکوو 50٪ پێویستی بە گەنم زیاتر ببێت، لەو گەنمەی ئێستا بەرهەم دێت.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، یەک لەسەر پێنجی ئەو کالۆرییەی خەڵک لە جیهان دا بەکاریدەهێنن لە خواردنی گەنم و بەرهەمەکانی دیکەی سەرچاوەی گرتووە، بەڵام گەنمی ئێستا هەمەجۆری خۆی لەدەستداوە و زانایان مەبەستیانە هەمەڕەنگی بۆ گەنم بگەڕێننەوە.
لانگ مائۆ، لە پەیمانگەی زانستی ڕووەکەکان لە شاری شێنژن لە چین کە هاوبەشی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکەیە دەڵێت ئێستا ئێمە تێگەیشتنی باشترمان هەیە لە جینەکانی گەنم. باشتر دەزانین خەڵک لە ناوچەکانی دیکەی جیهان چ جۆرێک گەنم و لە چ توخمێک بەکاردەهێنن.
ناوەندی جۆن ئینێس کە لە ساڵی 1910 لە شاری نۆرێچ دامەزراوە، ئێستا گەنجینەکەی واتکینزی گەورە کردووە و 30 هەزار نموونەی گەنمی لە سەرانسەری جیهان دا لە پلەی گەرمی سارد دا هەڵگرتووە کە بە گەورەترین بانکی جینی گەنمی جیهان، هەژمار دەکرێت.[1]