لە باکووری کوردستان و تورکیا کاردانەوەکان لە بەرانبەر دانانی قەیووم لەسەر شارەوانیی ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ بەردەوامن.
ڕۆژی پێنجشەممە، #31-10-2024#، 38 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، ڕایانگەیاند، دانانی قەیووم گورزدانە لە دیموکراسی بۆیە داوایان کرد کۆتایی بە دانانی قەیووم بهێنرێت.
ئەو 38 بارۆیە پێیان وایە بەوپێیەی پۆستێکی فەرمی هەیە، شێوازی دەستبەسەرکردنی ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانی ئەسەنیورتی جەهەپە نایاساییە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: دانانی قەیووم بۆ ئیرادەی گەل، کە لە ئەنجامی پیادەکردنی مافی دەنگدان لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، پێشێلکارییەکی گەورەیە لە ڕووی بەها دیموکراسییەکانەوە. پیادەکردنی قەیووم بەڕوونی پێچەوانەی پرەنسیپی دەوڵەتی دیموکراسیی یاسا و دیموکراسی ناوخۆییە.
پڕۆفیسۆر د. ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت خەڵکی پارێزگای وانی باکووری کوردستانە. ڕۆژی چوارشەممە، 30ی تشرینی یەکەم لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە ئەندامان و چالاکییەکانی پەکەکە دەستبەسەر کرا و ئێوارەی هەمان ڕۆژ بە تۆمەتی ئەندامیەتیی پەکەکە خرایە زیندانەوە.
ڕۆژی 31-10-2024 بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، جان ئاکسۆی، یاریدەدەری پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە شوێنەکەی ئەحمەد ئۆزەر وەکوو بریکار دەستبەکار بوو.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی نێوخۆی تورکیا کە بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، 31-10-2024، بڵاوکراوەتەوە، ئەحمەد ئۆزەر بە تۆمەتی ئەندامیەتیی لە ڕێکخراوی پەکەکە-کەجەکە لە زیندانە و دادگەیی دەکرێت.
وەزارەتی نێوخۆ ڕاشیگەیاندووە بەگوێرەی یاسای ژمارە 5393ی شارەوانییەکان لە مادەی 127'ی دەستوور و وەکوو ڕێوشوێنی کاتی، سەرۆک شارەوانیی ئەسەنیوڕت لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە. [1]