هێمن عەساف
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە #04-11-2024# ، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم لەسەر شارەوانییەکانی مێردین و ئێلیﮪ و شارۆچکەی خەلفەتی سەربە پارێزگای ڕوها-ی باکووری کوردستان دانرا. پارێزگاری ئەم شارانە، سەرباری ئەرکەکانیان، بە سەرۆکشارەوانیی قەیومکراو دامەزران. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هەر زوو هێزە ئەمنییەکانی ناردە باڵەخانەی شارەوانییەکان و گەمارۆیدان. ئەم سێ شارەوانییەی قەییومیان لەسەر دانراوە، سەربە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتین.
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین لە شوێنی #ئەحمەد تورک# هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین دانرا. ئەکرەم جانئاڵپ، پارێزگاری ئێلیﮪ لە شوێنی گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلیە و لە شوێنی محەمەد قەرەیڵان، هاوسەرۆکی شارەوانی خالفەتی، هاکان باشئۆغڵو، قایمقامی شارۆچکەکەی ڕوها بە قەییوم دانرا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بەمەش نەوەستا، دوای سەپاندنی قەییوم، هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، ڕێپێوان، لێدوانی ڕۆژنامەڤانی، گردبوونەوە، خێوەتهەڵدان و سەکۆدانانی بۆ ماوەی 10 ڕۆژ قەدەخە کرد.
ئەحمەد تورک یەکەمی بێ ڕکابەری قەییومە
ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی بەناوبانگی کورد، بە تەنزەوە ڕایگەیاند، پێدەچێت ناوم لە پەرتووکی ژمارە پێوانەییەکانی گینیس تۆمار دەکرێت بەهۆی ئەوەی سێ جار قەییوم کراوم. ئەحمەد تورک لە ساڵی 2014 لەسەر لیستی بەدەپە، لە ساڵی 2019 لەسەر لیستی هەدەپە و لە ساڵی 2024 لەسەر لیستی دەم پارتی بە سەرۆکی شارەوانیی هەڵبژێردرا.
بۆچی قەییوم کران؟
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی دانانی قەییوم لەسەر ئەو سێ شارەوانییەی دەم پارتی بڵاوکردەوە و تێیدا دۆسییەکانی دژی هاوسەرۆکانی دەم پارتی کە قەییومیان بۆ دانراون، ڕیزبەند کرد.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، دانانی قەییومی گەڕاندووەتەوە بۆ؛ سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی ئەحمەد تورک، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە دۆسیەی کۆبانێ، دۆسیەی بەردەوامی دادگەی باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی مێردین بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کە لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن.
لەبارەی گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلیﮪ، سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن کە لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی ئێلیﮪ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دراوە، هەروەها ئەو دوو لێکۆڵینەوە جیاوازەی کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئێلیﮪ بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و ئەندامبوون لە ڕێکخراو وەکوو پاساوێک بۆ دانانی قەییوم ئاماژەی پێدراوە.
لەبارەی محەمەد قەرەیڵان، هاوسەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی خالفەتی، سزای شەش ساڵ و سێ مانگ و 15 ڕۆژ زیندانیکردن کە لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی دیلۆکەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دراوە، لەگەڵ ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ڕوها بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کراوە، وەکوو پاساوێک بۆ دانانی قەییوم ئاماژەی پێدراوە.
گرژی ڕوویدا 75 هاونیشتمانیی دەستگیر کران
بەرپرسانی دەم پارتی، داوایان لە ئەندامان و هەوادارانیان کرد لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانییەکان گردبنەوە و خۆپیشاندان بکەن. هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلیﮪ و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە یەکەم کەس بوون لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانی کۆبوونەوە و داوایان لە هێزە ئەمنییەکان کرد شوێنەکە چۆڵبکەن. هێزە ئەمنییەکان ئەو داواکارییەیان ڕەتکردەوە و بەو هۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکاندا ڕووی دا.
سۆنگول سۆنوک وتی: ئەو بڕیارە نایاساییە قبووڵ ناکەن و ڕێگە نادەن ئیرادەی خەڵک پێشێل بکرێت. سۆنوک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی 31ی ئاداردا بە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لە تورکیا پۆستی سەرۆکی شارەوانیمان بردەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بگوترێت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئیرادە پێشێل کرا. ئێمە هەرگیز ئەم ڕژێمە تاڵانکار و زەوتکارەمان قبووڵ نەکردووە و ئێستاش قبووڵی ناکەین.
ئەحمەد تورک لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا ڕایگەیاند، هەرگیز کۆڵ نادەین و لە خەبات بۆ دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی هەنگاو بۆ دواوە نانێین. ئێمە ڕێگە بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەل نادەین.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین دەڵێت: ساڵی 2011 وتارێکم لە سێرت پێشکەشکرد کە ئەو وتارە وەک هۆکار نیشان دەدەن. کەیسی ئەو وتارە پێشتر داخرا، دوای تێپەڕینی 10 ساڵ بڕیاری داخرانی هەڵدەوەشێننەوە و داوای دادگەیی دەکەن. جگە لەوە دۆسیەی کۆبانێ هەیە کە پڕۆسەکە بەردەوامە. بەڵام کاتێک بەربژێر بووم، دۆسیەی کۆبانێ هەر هەبوو، خۆ شتێکی تازە نییە.
ئەحمەد تورک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، شارەوانیی ئێمە داگیرکراوە. ئێمە لە دۆخێکداین کە شارەوانی بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵک دەستی بەسەردا گیراوە. کاردانەوەی خەڵک ئاشکرایە. درێژە بە خەباتی دیموکراسیمان دەدەین. وتارێک کە حەوت ساڵ پێش ئێستا لە سێرت پێشکەشم کردووە کراوە بە پاساو. ئێرە داگیرکراوە و خەڵک سەرکۆنەی دەکەن. گەلەکەمان دژی ئەو تێگەیشتنە ناڕەزایەتی دەردەبڕن کە ئیرادەیان قۆرخ دەکات .
دوای دانانی قەیوم بۆ گەورەشارەوانیی مێردین و شارەوانیی ئێلیﮪی باکووری کوردستان، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەربە پارێزگای ڕووها دانرا. هێزە ئەمنییەکان زوو ڕێوشوێنی ئەمنیی تووندیان لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانیی خەلفەتی گرتەبەر و دوای دانانی قەیوم، محەمەد قەرەیڵان دەستبەسەرکرا. محەمەد قەرەیڵان ڕایگەیاند، ئەم جۆرە دامەزراندنانە دەستوەردانێکە بە پێچەوانەی ویستی خەڵک.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، بەهۆی نانەوەی گرژی و ئەنجامدانی خۆپیشاندانی نایاسایی تاوەکوو ئێستا 75 کەس دەستگیر کراون.
کاردانەوەکان
دوای ئەوەی گەورەشارەوانیی مێردین، شارەوانیی ئێلیﮪ و خەلفەتی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە قەیووم کران، ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەسەڵاتی بە ژیری لەبارچوو و دەستپیس ناوبرد و هۆشداریی پێدا.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لە ئێکس نووسیویەتی:ئەم بەیانییە لە تورکیا قەییوم لەسەر ئەحمەد تورک و دوو سەرۆکشارەوانیی دیکەی هەڵبژێردرا و دانرا. ئەحمەد تورک، ئەو سیاسەتڤانەی کاتێک باسی ئاشتی دەکرێت، یەکەمین ناوە دێتە بیرمان و یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییەکانی دیالۆگی سیاسییە.
ئۆزگور ئۆزەل ڕەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت بەوەی پەندی لە ڕووداوەکانی پێشتر وەرنەگرتووە، گوێی بە هیچ نەداوە و لە ڕێی بەکارهێنانی زەبر دەست بەسەر ئەو شارەوانییانەدا دەگرێت کە نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت. ئۆزەل هەروەها دەڵێت: ئێمە ڕووبەڕووی ڕوودارییەکی وەهاین کە عەقڵێکی لەبارچوو، دڵێکی خراپ، دەستێکی پیس و دۆخێکی بێشەرمانەیە. هەروەها هۆشداریی داوەتە دەسەڵات و نووسیویەتی ئاگادارتان دەکەمەوە، خەریکە قسە کۆتایی دێت
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە بەردەم باڵەخانەی گەورەشارەوانیی ئێلیە ڕایگەیاند، دەسەڵات بنمیچ و چوار دیواریان قەییوم کرد، نەیانتوانی ئیرادەی گەل تاڵان بکەن. شارەوانیی بۆ ئەوان باڵەخانەیە، بۆ ئێمە گیانە، خەڵکە. دەسەڵات چەندین جارە قەییوم بەسەر شارەوانییەکانمان دەسەپێنێت، خەڵکیش لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا دیسان دەریان دەکات و نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرێت.
هاتیمئۆغوڵڵاری ڕاشیگەیاند، قەییوم کودەتای سیاسییە لە ڕێگەی دادگە و پۆلیس کرا. ساڵی 1982 سەربازەکان بە پۆستاڵ کودەتایان کرد، ئەمڕۆش دەسەڵات بە گازی فرمێسکڕێژ و کەلەپچەی پۆلیس کودەتایان کرد.
حسێن چەلیک، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی ئاکپارتی و وەزیری پێشووتری پەروەردەی تورکیا لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە: گرنگ نییە لە چ پلە و پۆستێکدا بێت، تاوانبار دەبێت باجی تاوانەکەی بدات. تا دادگە بڕیار نەدات، تاوانبار بێبەرییە. سەرباری ئەمەش، ناکرێت بەبێ بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگە، تاوانبار دەستگیر بکرێت و لەکارلابدرێت. بڕیاری قەییوم، زیانە بۆ هزری مرۆڤ. نابێت قەییوم بسەپێندرێت، بەپێی ڕێکارەکانکەسێک لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکان بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە بەکۆی دەنگ هەڵدەبژێردرێت. قەییوم کارێکی هەڵەیە.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا ڕەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت و لە هەژماری ئێکس نووسیوویەتی: هەفتەیەک پێش ئێستا یاریدەدەری سەرۆککۆمار، وەزیری داد، وەزیری ناوخۆ، پارێزگاری ڕوها، فەرماندەیی هێزی جەندرمە و چەندین بەرپرسی ئاکپارتی و حکومەت، دەستی ئەحمەد تورک-یان گرت بۆ ئاشتکردنەوەی دوو خانەوادەی دوژمندار لە ڕوها. کەچی دوای هەفتەیەک لەکار لایدەدەن و قەییوم-ی بەسەردا دەسەپێنن.
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا وتیشی: ئێمە قەیووم بە هەموو جۆرەکانییەوە ڕەتدەکەینەوە.
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دێڤا و یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی ئاکپارتی، بەتووندی سەرکۆنەی قەییمکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی مێردین، ئێلە و خەلفەتی کرد و لە تۆڕی ئێکس نووسیوویەتی: دوێنێ بوو پەیامی برایەتی و تەبایی و یەکریزی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییان بڵاودەکردەوە، کەچی ئەمڕۆ بە بڕیارێکی مەزاجی، قەییومیان سەپاند و ئیرادەی خەڵکیان خستە ژێرپێ.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لەبارەی دانانی قەییوم شارەوانییەکانی ئەسەنیورت-ی ئیستەنبووڵ، خەلفەتی ڕووها، مێردین و ئێلیە، داوایەکی ئاڕاستەی سەرۆکی لایەنە سیاسییەکانی ناو پەڕڵەمانی تورکیا کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە پەڕڵەمانی تورکیا.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە هاوکات سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیایە و بڕیاری قەییومکردنەکانیش پەیوەندیی بە شارەوانییەکانەوە هەیە، بۆیە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کردووە بۆ ئەوەی پرسی قەییوم چارەسەر بکرێت.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، ئەو داواکارییەی جگە لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی، ئاڕاستەی سەرجەم سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی ناو پەڕڵەمان کردووە بە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەشەوە.
هەریەک لە ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە؛ موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی؛ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە؛ ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی کرێکاری تورکیا، ڕەزامەندییان بۆ داواکارییەکەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەربڕی. بەڵام تاوەکوو ئێستا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە؛ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دێڤا؛ محەمەد فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی و مستەفا دەستەجی؛ سەرۆکی پارتی یەکبوونی مەزن، وەڵامی داواکارییەکەیان نەداوەتەوە.
تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری؛ هاوسەرۆکانی دەم پارتی بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە پرسی قەییومکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیە و خەلفەتی ئەوانیش وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر ڕازی دەبن.
ئاکپارتی: دەستوورمان جێبەجێکردووە
عەبدوڵڵا گولەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی ڕایگەیاند:مادەی 127ی دەستوور جێبەجێکرا. لێکۆڵینەوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ ئەو سەرۆکشارەوانیانە هەیە. سزای زیندانیی 10 ساڵ بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین، زیاتر لە شەش ساڵ بۆ سەرۆکشارەوانیی ئێلیﮪ و سەرۆکشارەوانیی خەلفەتی دراوە. بێگومان لە دادگەی تێهەڵچوونەوەیە. لە چوارچێوەی یاسای شارەوانییەکان هەڵسەنگاندن بۆ کەیسەکان دەکرێت. یان سزاکان پشتڕاست دەبنەوە، یان ئازاد دەکرێن.
لە بەشێکی مادەی 127ی دەستووری تورکیادا هاتووە کە ئیدارە خۆجێیەکان لەسەر بنەمای خزمەتکردنی خەڵکی شار و گوندەکان دانراون و بەڕێوەبەرانیشی لەسەر بنەمای یاسایی و بڕیاری ئۆرگانەکان، لە هەڵبژاردنی خۆجێیدا هەڵدەبژێردرێن.
فراکسیۆنی دەم پارتی لە مێردین کۆدەبێتەوە
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی، کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان دەکات، کە ڕۆژی دووشەممە قەیوم لەسەر شارەوانییەکەی دانرا.
دەم پارتی ڕایگەیاند، بەهۆی دانانی قەیوم لەسەر گەورەشارەوانی مێردین، شارەوانی ئێلیﮪ و شارەوانی شارۆچکەی خەلفەتی پارتەکەیان، ڕۆژی سێشەممە پێنجی تشرینی دووەم کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیان لە مێردین دەکەن.
تولای هاتیمۆغوڵڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی سبەی کاژێر 13:00 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا بەشداری دەکات و وتار پێشکەش دەکات.
مێژووی قەیووم بەسەر شارەوانییەکانی کورد
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا، کە ڕۆژی #30-03 2014# بەڕێوەچوو، پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) 1 ملیۆن و 767 هەزار و 296 دەنگی کۆکردەوە و 4.23٪ی کۆی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە ئەنجامدا 85 شارەوانییان بەدەستهێنا کە 2 گەورەشارەوانیی، 8 شار، 51 شارۆچکە و 24 شارەدێیان بردەوە. لە ئەنجامدا قەیووم بەسەر 37 شارەوانیی بەدەپە سەپێنرا.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ڕۆژی #31-03-2019# دا هەدەپە 69 شارەوانیی بەدەستهێنا. 3 گەورە شارەوانیی، 4 شار، 51 شارۆچکە و 11 شارەدێ. هەر لە سەرەتاوە 6 شارەوانیی بەهۆی بڕیارنامەکانی باری نائاسایی، مۆڵەتی دەستبەکاربوونیان پێنەدرا و سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان درایە بەربژێرانی ئاکپارتی. دواتر 53 شارەوانیش قەیوومیان بەسەردا سەپێنرا. بەمەش هەدەپە لە کۆی 69 شارەوانییدا تەنیا 16 شارەوانیی لەژێر دەستی مایەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا کە ڕۆژی 31-03-2024 بەڕێوەچوو، دەم پارتی 2 ملیۆن و 625 هەزار و 588 دەنگی کۆکردەوە و 5.7٪ی کۆی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە ئەنجامدا 85 شارەوانیی بەدەستهێنا کە 3 گەورەشارەوانیی، 7 شار، 65 شارۆچکە و 10 شارەدێی بردەوە.[1]