تیمی تۆپی پێی لاوانی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# لە دەستپێکی یارییەکانی خولی لاوانی ئەستێرەکانی ئێراق بە ئاستێکی بەرز بینران و توانیان یەکەم سێ خاڵی گرنگی قۆناغی شانزە بەدەست بهێنن.
کاتژمێر 5:00 ی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە #11-07-2024# و لەسەر یاریگەکەی لە ناوچەی فەرماندەیی تیمی تۆپی پێی لاوانی یانەی پێشمەرگە میوانداری لە لاوانی یانەی نەجەف کرد.
لەو یارییەدا و هەر لە سەرەتای نیوەی یەکەمەوە یاریزانانی پێشمەرگە بە ئاستێکی بەرز و ناوازە بینران و لە خولەکی 12 دا توانیان گۆڵی یەکەم لە ڕێگەی یاریزان (سەرباز ڕەحمان) ەوە تۆمار بکەن.
پاش ئەو گۆڵە و لە دژەهێرشێکی یاریزانانی یانەی نەجەف زەین عابدین لە خولەکی 31 گۆڵی یەکسان کردنەوەی تۆمار کردوو ئەنجامی نیوەی یەکەم بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان بە کۆتاهات.
لە نیوەی دووەمدا و لە پاش چوار خولەک و لە خولەکی 49 لاوە پێشمەرگەکان هەلێکی زێڕینیان هاتە پێش و (هێدی سەردار)ی یاریزانی سەوز پۆشەکان توانی ئەو هەلە لەدەست نەدات و دووەم گۆڵی تیمەکەی پێشمەرگەی تۆمار کرد.
لاوانی نەجەف بۆ یەکسان کردنەوەی ئەنجامەکان فشارەکانیان لە ماوەی 10 خولەکی ناوەڕاستی یارییەکە لە نیوەی دووەمدا چڕ کردەوە و توانیان لە ڕێگەی ئەیمەن لوئەی یاریزانیان و لە خولەکی 79 دووەم گۆڵی خۆیان تۆمار بکەن.
پاش ئەو گۆڵە و وەک هەمیشە لاوە شێرە کۆڵنەدەرەکانی پێشمەرگە ویستی بەدەست هێنانی سێ خاڵەکەیان هەبوو وە توانیان لە خولەکی 87 و لە ڕێگەی (بەهێز یوسف) ەوە سێیەم گۆڵ و دوا گۆڵی یارییەکە تۆمار بکەن و ئەنجامی کۆتایی بە 3 -2 گۆڵ لەبەرژەوەندی کوڕانی پێشمەرگە کۆتایی هات و 3 خاڵی گرنگی ئەو یارییەیان بەدەست هێنا و لە لوتکەی ڕیزبەندی یانەکانی چوارەم کۆمەڵە جێگیر بوون.[1]