دوای یارییە ئاستبەرزەکەی لاوە پێشمەرگەکان و بردنەوەیان لە یانەی حدود تیمە سەوز پۆشەکەی شاری هەڵمەوت و قوربانی توانیان بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی چوارەم خۆیان بگەیەنە یارییەکانی قۆناغی هەشتی خولی لاوانی یانەکانی ئێراق.
کاتژمێر 5:00 ی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە #15-07-2024# و لەسەر یاریگەکەی لە ناوچەی فەرماندەیی، تیمی تۆپی پێی لاوانی یانەی وەرزشی پێشمەرگە میوانداری لە لاوانی یانەی حدود کرد.
لەو یارییەدا کە لە جەولەی سێیەمی قۆناغی شانزەی خولی لاوانی یانەکانی ئێراق بوو پێشمەرگەکان بە ئاستێکی بەرز بینران و هەر لە سەرەتایی دەستپێکی یاری توانیان کۆنترۆڵی تۆپی نێو یاریگە بکەن و هێرشەکانیان بووە مایەی سەرکەوتنە مێژووییەکەیان لە بەرانبەر لاوانی یانەی حدود.
ئەمە و لە نیوەی یەکەم و لە خولەکی 25 (مستەفا عودەی) یاریزانی لاوی یانەی پێشمەرگە توانی گۆڵی یەکەم و پێشکەوتن تۆمار بکات و دوای 13 خولەکە لەو نیوەیەدا (هێدی سەردار) دووەم گۆڵی پێشمەرگەی سەوز پۆشی یەکلا کردەوە و هەرچی ئەنجامی نیوەی یەکەم بوو بە دوو گۆڵ بۆ پێشمەرگەکان کۆتایی هات.
لە نیوەی دووەم و دوای سێ خولەک (سامی سەعید)ی هێرش بەری پێشمەرگە توانی گۆڵی سێیەم تۆمار بکات و پاشان و دوایی دژەهێرشێک لە خولەکی 77 محەمەد قاسم تاکە گۆڵی یانەی حدودی تۆمار کرد.
دواتر و بەهۆی کارتی سوورەوە (ڕابەر جەمال) لە تیمی لاوانی یانەی پێشمەرگە دوور خرایەوە لەنێو یاریگە بەڵام لاوە پێشمەرگەکان کۆڵنەدەرانە چەندین هێرشی دیکەیان کردە سەر تۆڕی گۆڵی یانەی میوان و لە خولەکی 81 دووبارە مستەفا عودەی گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی پێشمەرگەکانی تۆمار کرد و لە خولەکی کۆتایی یارییەکەش بەهێز یوسف گۆڵی پێنجەم و دوا گۆڵی تیمی لاوانی پێشمەرگەی مسۆگەر کردوو ئەنجامی ئەو یارییەش بە (5-1) گۆڵ لەبەرژەوەندی لاوانی قەڵای سەوز کۆتایی هات و بە کۆی 7 خاڵەوە و بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی چوارەم خۆیان گەیاندە قۆناغی هەشتی خولی لاوانی یانەکانی ئێراق.[1]