حکومەتی ئێران بڕیاری گۆڕینی پارێزگاری ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دا و کەسێکی خەڵکی ناوچەکەی وەکوو پارێزگاری نوێی ئیلام دیاریکرد.
ڕۆژی چوارشەممە، 6ی تشرینی دووەم، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەی حکومەتدا بڕیاری گۆڕینی هەردوو پارێزگاری ئیلام و چوار مەحاڵ و بەختیاری درا و پارێزگاری نوێ بۆ ئەو دوو پارێزگایە دەستنیشان کران.
بە وتەی فاتمە مهاجرانی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ئەحمەد کەرەمی، کە کوردێکی شیعەیە و خەڵکی شاری ئاودانانە، وەک پارێزگاری نوێی ئیلام دەستنیشان بکرێت.
ئەحمەد کەرەمی لە شوێنی حەسەن بەهرام نیا، پارێزگاری ئێستای ئیلام دەستبەکار دەبێت، کە لە #21-11-2021# و لەلایەن کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران وەک پارێزگاری ئیلام دیاریکرا.
ئەحمەد کەرەمی، خەڵکی شاری ئاودانانی سەربە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و پێشتر بۆ ماوەی شەش ساڵ جێگری پارێزگاری ئیلام بووە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە، هەروەها ماوەی چوار ساڵ بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە و ماوەیەکیش قایمقامی دەڕەشار بووە.
گوتەبێژی حکومەتی ئێران هەروەها ڕایگەیاند، بە بڕیاری کابینە جەعفەر مەردانی وەکوو پارێزگاری نوێی چوار مەحاڵ و بەختیاری دەستنیشان کرا.
لە پێنج پارێزگاکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تاوەکوو ئێستا لە سێ پارێزگای سنە، لوڕستان و ئیلام بڕیاری گۆڕینی پارێزگار دراوە و پارێزگای نوێ دیاریکراون. چاوەڕوان دەکرێت، چارەنووسی ئەو پۆستە لە هەردوو پارێزگای ورمێ و کرماشانیش یەکلایی بکرێتەوە.
لە پارێزگای ورمێ دوای ئەوەی ڕۆژی#21-10-2024# محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری پێشووی پارێزگاکە وەکوو پارێزگاری نوێی تاران دیاریکرا، پۆستەکە بە بەتاڵی ماوەتەوە و کاروبارەکان لەلایەن سەرپەرشتەوە بەڕێوەدەبرێن.[1]