دادگەی ورمێ بە تۆمەتی دەستهەبوون لە کوشتنی بەرپرسی بەشی سەربازیی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، چوار کەسی بە لەسێدارەدان سزا دا، ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ پشتڕاستی دەکاتەوە سێیان کوردن و یەکێکیان خەڵکی سلێمانییە.
پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی دادی ورمێ ئەمڕۆ (چوارشەممە) ڕایگەیاند، لە دوو لقی دادگەی ئەو شارەدا سزای لەسێدارەدان بەسەر چوار تۆمەتباری دۆسیەی کوشتنی موحسین فەخریزادەدا سەپێنراوە.
دادی ورمێ دەڵێت: سێ کەسیان تۆمەتبار بوون بە گواستنەوەی کەلوپەلی پێویست بۆ کوشتنی فەخریزادە و گەیاندنی کەلوپەلەکان بۆ شوێنی ڕووداوەکە و هاوکاریکردنی مۆسادی ئیسرائیل.
ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی کوردستان ناسنامەی ئەو سێ کەسەی بە گواستنەوەی کەلوپەلەکان تۆمەتبار کراون، ئاشکرا دەکات.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەو سێ کەسەی لە دادگەی ورمێ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل و دەستهەبوون لە کوشتنی موحسین فەخریزادە بە لەسێدارەدان سزا دراون، کوردن و خەڵکی سەردەشت و سلێمانین.
دوو لەو سزادراوانە بە ناوی ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی خەڵکی گوندی دۆڵە گەرمەی سەردەشت و ئەوی دیکەش بە ناوی ڕەسوول ئەحمەد محەمەد خەڵکی سلێمانییە.
ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەزگای دادی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، سێ کەس کە دەستیان هەبووە لە گواستنەوەی ئەو کەلوپەل و چەکانەی موحسین فەخریزادەی پێ کوژراوە، بە لەسێدارەدان سزا دراون، بەڵام ئاماژەی بە ناوەکانیان نەکرد.
موحسین فەخریزادە، بەرپرسی بەشی سەربازیی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە#27-11-2020# لە ناوچەی ئابسەرد لە دووریی 80 کیلۆمەتری تاران کوژرا. ئێران، ئیسرائیل بە کوشتنی تۆمەتبار دەکات لە ڕێگەی چەکێکی ئۆتۆماتیکەوە.
عەلی ساڵحی، داواکاری گشتیی تاران لە 25-09-2022 ڕایگەیاند، بە گشتی 14 کەس لەسەر دۆسیەی کوشتنی فەخریزادە دەستبەسەر کراون و بە هەوڵدان دژی ئاساییشی نیشتمانیی ئێران و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، تۆمەتبار کراون.
میدیاکانی ئێرانیش لە مانگی 12ی 2020 بڵاویانکردبووەوە، حکومەتی ئێراق ژمارەیەک کەسی ئێرانی ڕادەستی ئەو وڵاتە کردووەتەوە کە گومان دەکرێت لە کوشتنی موحسین فەخریزادەدا بەشدار بن.[1]