نەهرۆ محەمەد
ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراق تێبینی و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی لەبارەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان پەسەند کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە#05-11-2024# ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراق کۆبووەوە. زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ڕووداو لە بەغدا ڕایگەیاند؛ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق داواکاری و تێبینییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەبارەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە ئەنجوومەنی وەزیران خستە ڕوو و ئەنجوومەنەکەش پەسەندی کردن.
بەگوێرەی بڕیارەکە، لە سەرژمێریدا خەڵک لەسەر بنەمای ناوچە بنچینەییەکانی خۆیان تۆمار دەکرێن، نەوەک شوێنی نیشتەجێبوون؛ تۆمارکردنی خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140 لە شوێنی خۆیان دەبێت.
لە کەرکووک بەگوێرەی سەرژمێریی ساڵی 1957 دانیشتووانی پارێزگاکە تۆمار دەکرێن. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەڵبەندی تۆمارکردنی داتاکان لە بەغدا ئامادە دەبێت.
لە ئێراق لە 1ی ئەیلوولەوە گەمارۆسازی و ژمارەلێدان دەستی پێ کردووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان 01-10-2024 دەستی پێ کرد.
دوێنێ دووشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2024 گوهدار محەمەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، زیاتر لە 94%ی گەمارۆسازیی ژمارەلێدانی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان تەواو بووە. پڕۆسەکە بە باشی و خێرایی بەڕێوەدەچێت و لەم یەک دوو ڕۆژەدا کۆتایی دێت.
سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەگەر هیچ کێشەیەک درووست نەبێت، لە کاتی خۆیدا پڕۆسەی سەرژمێری دەکرێت. ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە 20-11-2024 پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە ئێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و 20 ڕۆژ دەخایێنێت. ڕۆژانی یەکەم و دووەمی سەرژمێری، قەدەخەی هاتوچۆ ڕادەگەیێندرێت، زانیاریى گشتیى خێزانەکان وەردەگیرێت و ڕۆژانی دواتریش کارى سەرژمێرى بە وەرگرتنى زانیاریى ورد لە خێزانەکان بەردەوام دەبێت.
ئەو سەرژمێرییە بۆ کۆمەڵێک مەبەست سوودی لێوەردەگیرێت، وەکوو ژمارەی دانیشتووان، دەرخستنى دابەشبوونى خزمەتگوزارییە گشتییەکانى حکومەت وەکوو قوتابخانە، نەخۆشخانە، بنکەى تەندرووستى، هتد... هەروەها بۆ دیاریکردنی بودجەی پارێزگاکان و دیاریکردنی کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش سوودى دەبێت.
سەبارەت بە گرفتەکانی بەردەم گەمارۆسازی و ژمارەلێدان، گوهدار محەمەد عەلی وتی، هەندێک کێشەی بچووکمان بۆ درووستبوون، لەوانە ئەوانەی پڕۆسەکە بەڕێوەدەبەن مامۆستان و دەوامیان هەیە یان زۆرجار کە تیمەکانمان سەردانی خێزانەکان دەکەن لە ماڵ نین یان خەوتوون، بەڵام خۆشبەختانە چارەسەرمان کردوون و ئەو کێشانە پڕۆسەکەی ڕانەگرتووە.[1]