نیشتیمانی با و...
نووسینەوەی سیمای نەسیم و..
خوێندنەوەی زەردەپەڕی ئێوارە
نووسەر: #حەمە ئەحمەد جاف#
بەسەرکۆڵی
گۆچانی ماندووی تەمەنەوە
بە ئاسۆی فڕیندا هەڵزنام و
بەسەر شاباڵی نیشتمانی بادا هاتم !
هاتم و
لەتراویلکەی ماچی مەمکی
زەردەپەڕی ئێوارەدا توامەوەو
لە هەناسەی تایتانیکێکی تێکشکاوی،..
خنکاودا غەڕق بووم !
من لەوێوە
بەسەرباڵی بادا ، هاتم
هاتم و
بەسەر چڵی دارهەنارێکی
ساڵی حەفتاوحەوتی تەمەنێکدا نیشتمەوە و..
لەچەمی چرپەی
خەندەی خاوی خەواڵووی ،
ئێوارە پاییزێکی خەنەیی
شارێکی سپییدا نقوم بووم!
ئەو ئێوارەیەی ،.
خۆم لەباوەشی
خەندەی ژنە قەرەجێکی بێ نیشتیمان و
خەیاڵی خەمێکی خنکاودا بینی و
لە کوانووی نیگاکانی شارێکی سپیدا توامەوە!
توانەوە لە زەردەخەنەی،..
سەرلێوی ئاڵی ئەودا
ئەوی قەرەج !
پێکەوە لەگەڵ
ئەشکی شەوانی تەنیایی و..
ڕژانی ڕۆشنایی
چراکانی نیشتیمانی (با) دا
هاتین
بێ ئاوڕدانەوە پێکەوە هاتین و..
نیگامان،..
لەنیگای سەوزی سەرابی ،
سنەوبەرە سووتاوەکانی ئەزمڕدا تواندەوە و...
ڕۆیشتین !
لەوێ ..لەنیگای،
تابلۆیەکی ڕەشی شارێکی خنکاودا
ترس و
لە زەڵمی گۆی مەمکی گوڵناری پاییزیدا
غەڕق و
لە شاری سپی نیشتیمانی
دڵی (با) دا.. ئەو !
ئەم ئێوارەش
لە گێژەنی دەریای عیشق و
ڕەوی ڕێ و
قودرەتی شیعرێکی ڕدێنسپی و
هەنگاوی گۆچانێکی ماندوودا
پەڕیمەوە ناو تروسکەی زەردەخەنەی ،
قوتیلەی بەرهەیوانی
خانووە قوڕەکانی نیشتیمان
ئەو نیشتیمانەی
لە چاوی شینی ئاودا
ژیان دەنووسێتەوە و
لەشەپۆل دا
(با )دەخوێنێتەوە
نیشتیمانێک
بۆن عارەقی باڕو..
نێرگەلەی سەرلێوی قەیرە ژنەکانی شارو پۆستاڵی حەیتەی
شەوانی شەقامی ترس و
غوربەت و تەنیایی لێدێ !
نیشتیمانێک
بەمژۆڵی چاوی خەواڵووی
قەڵەمێکی زیزو توڕە
وردە شووشەی ئاوێنە شکاوەکانی
عومرێکی درێژو بابردەڵەی
لەخۆیدا خڕکردەوە و
خستیە نێو
ئەنگوچکی کراسێکی ڕەشی
ژنە پێشمەرگەیەکی شەهیدەوە
ئەوژنەی ،
جۆگەلەی فرمێسکەکانی
لەچەمی چاوی تەئریخێکی
بێ نیشتماندا قەتیسکردو
لە گۆڤەندی شایی شاردا
بووبە چلوورەی گوێسوانەی خەم و
دەسرۆکەی شاباش و سەرچۆپیی
ڕەشبەڵەکی بووکی سپی
نێو کەژاوەی گریانی خاک و
قوڵەباڵی لوتکە و
کۆڵوانەی کۆڵی شاخ .
کۆڵوانەی سووری ئەو ژنەی
لە پاییزی غوربەت و نەهامەتیدا
ڕۆژژمێری عومری هەڵوەری !
ئەو ئێوارەیەش
لەنیگای ژوانێکی سەوزی خنکاودا
سووراوی ماچێکی گەرمی لێوی گۆیژە
بە سەرلێومەوە بەجێما و..
پاییز لە سەر پەنجەکانما لەدایکبوو
ئەوپاییزەی،..
ژوانی تێکئاڵانی پەنجەکان و
ڕژانی ڕۆشنایی
فتیلەی نیگای سووری نیشتیمانێک
تارمایی تابلۆی
چاوی ئێوارەیەکی تەڵخی
لە مەئوای گۆچانی شاعیرێکی پیرو
تەئریخی ماچێکی ماڕۆنی
شەوی یەڵدای من و ئەودا !
خوێندەوە !!
خوێندنەوەی (با)و..
زەردەپەڕی ئێوارەیەکی پڕ لەچاوەڕوانی
دەنگی زەنگ و جیڕەی دەرگای
دووەم هۆدەی نهۆمی دووی
وڵاتی کچی ئاگر و
باوەشی شار
بەسەرئاوارەیی مندا کڵۆمدەداو
لە سەر ڕوومەتی ڕۆشنایی
چرای چاوی ژنە قەرەجێکی ئەسمەری
قژ ڕەشماڵی دەواری بەر ئاواییدا
سەعاتی تەوقیتی ژوان و
تەئریخی سپی زریان و
(رەشەبا)ی شارێکی سەوزی
نیشتیمان دەنووسێتەوە !
نووسینەوەی سیمای نەسیم و
تێکئاڵانی هەودای بسک و
سیحری پەنجەی پەمەیی با و
قەیرە کچەکانی نیشتیمانی سوور
خوێندنەوەی
شکۆی قەڵەمی شنەی شیعرو
بای نەسیمی
سیمای ئەوعیشقەی دێرینەی
لەنیشتمانی سەوزی تەمەندا درەنگ هەڵدەکاو..
لە سەر سینەی سپی ژواندا
ژن و ژیان دەنووسێتەوە! [1]