جیهاد مستەفا
شەڕ لە لوبنان بەردەوامە، لەگەڵیشیدا دۆخی کورد بەتایبەت پەنابەرانی ڕۆژاوا سەخت بووە، ئەوان ڕووبەڕووی نەهامەتی و دەردەسەری بوونەتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە زۆربەیان لە باشووری لوبنان نیشتەجێکراون کە شەڕ و بۆردوومانی بەردەوامی تێدایە.
دوای بەدواداچوونی ڕووداو و قسەکردن لەگەڵ چەند کۆمەڵەیەکی کوردی لە لوبنان، دەڵێن ژمارەی کورد لەنێوان 100 بۆ 200 هەزار کەس دەبێت. ئەوان زیاتر لە باکووری لوبنان نیشتەجێن، ڕێژەیان بە کۆی گشتی دەگاتە نزیکەی 4٪.
بەهۆی نەبوونی سەرژمێری لەو وڵاتە بە درووستی نازانرێت ژمارەکە چەندە، بەڵام بەپێی هەندێک لێکۆڵینە لە لوبنانەوە، ژمارەی کورد لەم چەند ساڵەی ڕابردوو دا جێگیر بووە لە ئاستی تێکڕای دانیشتووانی وڵاتەکە، هاوکات ئەوان بەتەواوی تێکەڵی کۆمەڵگە بوون و پلە و پۆستیشیان هەیە.
'لەوەتەی شەڕ و بۆردوومان لە لوبنان هەیە 17 کورد کوژراون'
کوردانی ڕۆژاوای کوردستان بەهۆی بەردەوامیی شەڕ لە لوبنان دووچاری دۆخێکی سەخت بوونەتەوە، سەختی دۆخەکە لە چیرۆکی دوو جار دەربەدەری و پەنابەری دەبینرێت، جاری یەکەم لە ڕۆژاوا و سووریا بەرەو لوبنان، جاری دووەمیش هەڵاتن بوو لە ناوچەکانی شەڕ و گەڕانەوە بۆ سووریا. بەپێی بەدواداچوونی ڕووداو، ژمارەیەک کورد لە سووریا ماونەتەوە و ناتوانن لەو وڵاتە بچنە دەرەوە.
بەوتەی مستەفا شێخۆ، چالاکڤانی کورد لە باشووری لوبنان بە ڕووداوی ڕاگەیاند: بەشێک لە کوردانی ڕۆژاوا لە ساڵی 2013 لە لوبنان پەنابەربوون و بەشێکی دیکەش لە ساڵی 2018 کاتێک عەفرین و سەرێکانی گیرا، ئێستاش بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان پەنابەرانی کورد لە لوبنان جارێکی دیکە جێ و ڕێیان تێکچوو، ئەوان لە باشووری لوبنان لە دوای ڕۆژانی کۆتایی ئەیلوولی ئەمساڵ بەرەو ناوچەکانی تەرابلوس، بەیرووت، شتورا و زەحلە ڕۆیشتوون، ئەو ناوچانە شوێنی کریستیان، دروزی و سوننەکانە، بەڵام کێشەکانیان تەنیا بە ئاوارەبوون کوتایی نەهات، چونکە لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکوو ئێستا 17 کورد کوژراون.
ژمارەی کوردانی ڕۆژاوا کە لە لوبنان دەژین کەم نین، مستەفا شێخۆ بە ڕووداوی گوت، بە نزیکەیی 225 هەزار کورد لە لوبنان دەژین زۆربەی زۆریان خەڵکی عەفرینن. ئەو دەڵێت: بەشی هەرە زۆری کورد لە ناوچەکانیان خەریکی کشتوکاڵن، بە تایبەتیش کارکردن لەنێو خانووە پلاستیکییەکاندا، بەڵام کێشەی سەرەکییان ئەوەیە بەنرخێکی زۆر هەرزان کار دەکەن، ئێستا ئەو کارەشیان لەدەستداوە.
'من و منداڵەکانم بە بێ جێ و ڕێین'
کوردێکی عەفرین کە لە 2014وە پەنابەرە لە لوبنان، ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بێ شوێن ماوەتەوە. کامێران کەمال باوکی چوار منداڵە، بە ڕووداوی گوت: دۆخی من و هەموو کوردی ڕۆژاوا دۆخێکی سەخت و ناخۆشە. بەشێکمان لەژێر پرد و لە شوێنە گشتییەکان دەخەوین.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەشکرد، نە خوێندنگە و نە شوێنە ئایینییەکان قبووڵیان ناکەن بۆ ئەوەی لە شوێنێکی ئارام بمێنینەوە، ماوەیەکە من و منداڵەکانم کە پێنج کەسین لەسەر دوو ئیسفەنج لە دەرەوە دەخەوین.
بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، زیاتر لە 1.3 ملیۆن لوبنانی ئاوارە بوون کە بەشێکیان ڕوویان لە ئێراق کردووە.[1]