ناو: پەری
نازناو: پەری قەزاز
ناوی باوک: عومەر
ساڵی لەدایکبوون: 1949
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
پەری عومەر قەزاز، ساڵی (1949) لە شاری سلێمانی-گەڕەکی گۆیژەی (قەزازەکان) لە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر لەدایکبووە، کە ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاویان هەبووە لە خزمەت کردنی شاری سلێمانیدا.
قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی گۆیژە بە سەرکەوتوویی تەواوکردووە، قۆناغی ناوەندی و دواناوەندیی لە ئامادەیی سلێمانی کچان تەواوکردووە، پاشان لە زانکۆی #بەغدا# بەشی مێژووی تەواوکردووە.
ساڵی (1970-1971) وەک مامۆستا دەستبەکار دەبێت لە دواناوەندی خانزادی کچان تا ساڵی (1977-1978) بەهۆی خۆپیشاندانی خوێندکارانەوە گیراوە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ سەماوە، پاش ماوەیەک بەپێی یاسای هاوسەرگیری گواستراوەتەوە بۆ شاری بەغدا.
لە ساڵی (1982) گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانی و لە دواناوەندی (شیرین) دەستبەکار بووە تا ساڵی (1986)، لەسەر داوای خۆی گواستراوەتەوە بۆ ناوەندی (بەختیاری) کچان پاشان دەبێتە یاریدەدەر لە هەمان خوێندنگە.
مامۆستا پەری لەبەر چالاکی و لێهاتوویی پێش ڕاپەڕین چەندین جار داوای لێکراوە بۆ بەڕێوەبەری خوێندنگەکان، بەڵام ڕەتی کردووەتەوە تا دوای ڕاپەڕین ساڵی (1991) دەبێتە بەڕێوەبەری خوێندنگەی بەختیاری و بەهەوڵی هەموو لایەک توانیان خوێندنگەکە پێشبخەن و بیکەن بە ئامادەیی بەختیاری کچان کە ئەو کاتە بە کاتی زێڕینی ئامادەیی بەختیاری ناودەبرا، کە ژمارەی خوێندکارەکانیان زۆر زیادی کردبوو بە یەکێک لە خوێندنگە نموونەییەکانی شاری سلێمانی و هەموو ساڵێک ژمارەیەکی زۆر خوێندکار نمرەی بەرزیان بەدەست دەهێناوە چەند جارێک ڕێزلێنانیان لەلایەن #وەزارەتی پەروەردە#وە بۆ مامۆستا پەری و مامۆستایانی خوێندنگەکە کراوە.
ساڵی (2005) مامۆستا پەری دەبێتە سەرپەرشتیاری پسپۆڕی کارگێڕی لە پەروەردەی سلێمانی، پاش (41) ساڵ خزمەتکردن لە بواری پەروەردە و فێرکردن دوای تەواوکردنی ماوەی یاسایی ساڵی (2012) خانەنشین دەکرێت.
لە ماوەی کارکردنیدا مامۆستایەکی زۆر دڵسۆز و چالاک بووە، زیاتر لە (30) جار ڕێزلێنان و سوپاسی وەرگرتووە، وە بەشداری زۆری خولەکانی پەروەردەی کردووە وەک خولی فێرکردنی مامۆستا بە (مراسلە)وە بەشداری خولی فریاکەوتنی سەرەتایی کردووە، چەند خولێکی بینیوە بۆ فێرکردنی چۆنێتی وانەوتنەوە بۆ مامۆستایان، وەک یەکەی سەرپەرشتیاریش بەشداری چەند خولێکی کردووە بۆ وتنەوەی وانە بە مامۆستایان و چۆنێتی بەڕێوەبردنی خوێندنگەکان.
ساڵی (1978) هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ (فەرەیدوون محەمەد عەلی) و خاوەنی کوڕێک و سێ کچن بە ناوەکانی (دیار، کانی، کوردە، گەشە). [1]
ئامادەکردنی: نیهایەت مەحمود