لەنێو هۆڵی کۆنگرەکانی هۆتێل ئەربیل لە شاری #سلێمانی# کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بۆ یاری کۆتایی خولی لاوانی یانەکانی ئێراق لەنێوان یانەکانی پێشمەرگە و زەورای شاری #بەغدا# بەڕێوەچوو.
سەرەتای دەستپێکی کۆنگرەکە (د. فرات)، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشبڕکێکان لە یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی ئێراق، وتی خولێکی بەهێزی ئاست بەرزمان بەڕێوە برد و بە هیواشین یاری کۆتایی لەنێوان یانەکانی پێشمەرگە و زەورا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بە گیانی برایەتی و سەرکەوتنی خولەکە بەڕێوە بچێت.
پاشان #وسام محەمەد بازگ# سەرپەرشتیاری گشتی تیمەکانی تۆپی پێی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# وتی، وەک یانەی پێشمەرگە تەواوی ئامادەکاریمان بۆ ئەم یارییە کردووە و یاریگەمان بە شێوەیەکی جوان ڕێک خستووە و تەواوی پێداویستییەکان لە دابین کردنی ئاساییشی یاریگە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لەنێو یاریگە دەبن جگە لەوەی بۆ ئاهەنگی سەرکەوتنی کۆتایی ستەیج و تەواوی پێداویستییەکانی لەنێو یاریگەی پێشمەرگە و لەسەر ئەرکی یانەکە دابین کراوە.
لە کۆتایشدا نمایشی بەرگی یاریزانان کرا کە یانەی وەرزشی پێشمەرگە بە بەرگی سەوز یاری دەکەن و گۆڵپارێز بەرگی پرتەقاڵی دەبێت وە یانەی زەورا بە بەرگی سپی و گۆڵپارێزیان بەرگی زەردی تەواو دەپۆشێت.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە بڕیارە لە کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی #23-07-2024# و لەسەر یاریگەی فەرماندەیی تایبەت بە یانەی وەرزشی پێشمەرگە هەردوو تیمی تۆپی پێی لاوانی یانەکانی پێشمەرگە و زەورا بە یەک بگەن و براوەی ئەو یارییە دەبێتە خاوەن نازناوی خولەکە بۆ وەرزی (2023-2024). [1]