بەرنامەی ئەم جارەی دیاسپۆرا تایبەت بوو بە کوردی دیاسپۆرای ئەمریکا، پەیوەندیی نێوانیان و هەروەها زانینی ئەوەی لە ئاییندەدا کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا چۆن دەبێت؟ باس لە کاریگەریی دەنگی ئەوان لەسەر هەڵبژاردن و سیاسەتی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا کرا، بۆچوونی میوانەکان لەسەر سیاسەتەکانی ترەمپ لە ناوەوە و دەرەوە وەرگیرا و تیشک خرایە سەر ئەوەی تاوەکوو ئێستا کورد لەو وڵاتە لۆبیی نییە.
لە بەرنامەکەدا شەش کوردی خاوەن ئەزموون و شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا میوان بوون، پێکهاتبوون لە کانی غوەڵام، لێکۆڵینڤان؛ فەوزیە عەزیز، دانیشتووی ئەمریکا؛ سامی ساڵەیی، خاوەنکار؛ هونەر زێباری، گەنجێکی لێهاتوو و چاودێری سیاسی؛ یوسف ئازاد لە ئینستیتیوتی کوردی لە ئەمریکا و دلێر ڕەشید لە ناوەندی ئەمریکی -کوردی.
خاتوو فەوزیە عەزیز کە لە ساڵی 1977ەوە لە ئەمریکا دەژی و چاودێڕێکی لێهاتووە، سەرەتای قسەکانی بە ئەمریکای سەردەمی نوێی ترەمپ دەستپێکرد و وتی، هەم گەشبینە و هەمیش ڕەشبینە بە سیاسەتی چوار ساڵی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ.
فەوزیە گەشبینییەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ترەمپ بە جدیی کار بۆ بووژانەوەی ئابووریی ئەمریکا دەکات، کە ئەمە بۆ ئەمریکییەکان زۆر گرنگە و داخوازیی سەرەکییانە، دیاسپۆرای کوردیش بەشێک دەبێت لەو سوودە، ڕەشبینییەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو بەڵێنەی ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکان دابووی سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردنی بەرانبەر کۆچبەران.
ئەو خاتوونە هیوای خواست سیاسەتی ئەمجارەی دۆناڵد ترەمپ بەرانبەر کورد و دۆزەکەی لە پێشووتر باشتر بێت، بتوانێت پەیوەندییەکی باش و سوودی هاوبەش لەنێوان هەردوولا درووست بکات.
خانەوادەی کورد هەیە لە ئەمریکا نەیتوانیوە لە 6 مانگدا جارێک گۆشت بکڕێت
هەروەها ڕوونیکردەوە، لە دوای ترەمپ هەموو شت نرخی گران بوو، خەڵک دۆخی ئابوورییان بەگشتی خراپ بووە، تەنانەت خانەوادەی کورد هەبووە نەیتوانیوە لە شەش مانگدا جارێک گۆشت بکڕێت. چوار ساڵی زەحمەتمان بەڕێکرد و هیوام وایە لە چوار ساڵی ئاییندەدا دۆخەکە باشتر بێت.
سامی ساڵەیی کەسێکی خاوەنکار و ناسراوە لەنێو دیاسپۆرای کوردی ئەمریکا، لەبارەی دەرچوونەوەی ترەمپ و سیاسەتەکانی لە ناوەوەو دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان ئەزموونی دۆناڵد ترەمپیان وەکوو سەرۆکی ئەمریکا بینیوە و خاڵی ئەرێنی و نەرێنیی هەیە، ئەرێنییەکەی باشترکردنی ئابووریی ئەمریکا بوو، بەڵام خاڵە لاوازەکانیشی ئەوە بوو، وەکوو خاوەن کۆمپانیایەک هەڵسوکەوتی دەکرد و جاری وا هەبوو بە تویتێک گەورە بەرپرسێکی ئیدارەکەی دەناردەوە ماڵەوە.
کورد لە ئەمریکا دابەشبوون
لەبارەی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ کوردی ئەمریکا، ساڵەیی دەڵێت: کورد لە ئەمریکا دابەشبوون، مەخابن نەمانتوانی ئامارێکی ڕوون و تەواومان لەسەر ژمارەی خۆمان لە ئەمریکا هەبێت، بچینە لای بەربژێرەکان یان کەمپینەکانیان و پێیان بڵێین قەبارە و گەورەیی ئێمە بەو ئەندازەیە و داواکارییەکان بگەیێنین و بیانچەسپێنین.
لەسەر دۆخی ئابووریی ئەمریکا، ئەو خاوەنکارە وتی، مووچەی هەر مووچەخۆرێک نزیکەی 2% زیاد بووە، بەڵام لە بەرانبەردا نرخی هەر شتێک 30% زیادی کردووە، واتە هەڵاوسان هەبوو، دواتر دیموکراتەکان وا ناسراون کە باج زۆر دەخەنە سەر خەڵک، بۆیە خەڵک وەکوو جاران دۆخی ئابوورییان باش نییە و پارە کەم بووەتەوە.
کانی غوەڵامی، لێکۆڵینڤان لەبارەی چۆنێتی چوار ساڵی داهاتووی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کوردی دانیشتووی ئەمریکا پێیوایە، کورد لە ئەمریکا نەیتوانیوە بچێتە نێو سیاسەتی ئەو وڵاتە، بۆ نموونە وەکوو جووەکان، یۆنانییەکان و... هتد. بۆیە کاریگەریی بەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتەوە نییە.
نەوەی کۆنی کوردی ئەمریکا لەگەڵ کۆمارییەکان و نەوەی نوێ لەگەڵ دیموکراتەکانن
غوەڵامی داوای کرد لەمەودوا گەنجی کورد بچێتە نێو سیاسەت و بتوانن بگەنە پۆستە باڵاکان و کاریگەریی بەسەر سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا درووست بکەن، ئەو کات دەتوانن کەڵک بە دیاسپۆرای کوردی ئەمریکا بگەیێنن و کەڵک بە دۆزی کوردیش بگەیێنن.
بە بۆچوونی ئەو لێکۆڵینڤانە، هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ پەیامێکە بۆ ئەو سەرکردانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە نایانەوێت یان ترسیان هەیە دەست لە کورسییەکانیان بەربدەن و دواتر نەتوانن بگەنەوە بە دەسەڵات، ترەمپ نموونەیەکی باشە بۆ ئەمە و پێویستە ئەوانیش هەمان کار دووبارە بکەنەوە، ئەگەر شکستیان هێنا.
یوسف ئازاد لە ئەنیستیتوتی کوردی لە ئەمریکا لەبارەی سەنگی دیاسپۆرای کوردی ئەمریکاوە وتی، دیاسپۆرای کوردی لە ئەمریکا کەسانی زیرەک و لێهاتووی تێدایە و شوێنپەنجەیان دیارە، بەڵام هەر نەمانتوانیوە بگەینە پۆستە باڵاکان و کاریگەریی درووست بکەین. پێم وایە سیاسەت و هەڵوێستی پارتە سیاسییە کوردستانییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان ڕێک ڕەنگدانەوەیان بەسەر تاکی کوردی دانیشتووی ئەمریکاوە هەیە.
زۆربەی نەوەی کۆنی کوردی ئەمریکا، بە وتەی یوسف ئازاد، دەنگیان بۆ کۆمارییەکانە، بەڵام نەوەی نوێ بە پێچەوانەوە دەنگیان بۆ دیموکراتەکانە، هەندێک جاریش بەرژەوەندیی پارچەکان هۆکارە، بۆ نموونە کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ئەمریکا حەزیان کرد ترەمپ سەربکەوێت، بەڵام خەڵکی هەندێک پارچەی دیکەی کوردستان حەزیان دەکرد کامالا هاریس سەربکەوێت.
یوسف ئازاد گەشبینیی خۆی دەربڕی بە بوونی نەوەیەکی نوێ و کاریگەر، بەتایبەت لە واشنتن دی سی و ڤێرجینیا، کە دەتوانن لە داهاتوودا ببنە کەسانی کاریگەر.
هونەر سەلیم، گەنجێکی لێهاتووە و چاودێڕێکی سیاسییە، لەبارەی نەوەی تازەی کورد لە ئەمریکاوە پێیوایە، گەنجی کورد دابەشی سەر دیموکراتەکان و کۆمارییەکان بوون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندییەکانیان، بۆ نموونە کوردی باکووری کوردستان کە بەشێکی زۆریان بە قاچاخ لە ڕێگەی مەکسیکەوە هاتوونەتە وڵاتەکە نەیاندەویست ترەمپ دەربچێت، بۆ ئەوەی ئەو ڕێگەیە دانەخرێت، بەڵام گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانیی ترەمپیان کرد بۆ ئەوەی زیاتر دژایەتیی ئێران بکات.
یەکگرتن و یەکێتی باشترین چارەسەرە
ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت، بەداخەوە گەنجی کورد لە ئەمریکا ناوەندێک یان ڕێکخراوێکیان نییە بۆ ئەوەی کۆیان بکاتەوە و کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا درووست بکەن، بۆیە بوونی ڕێکخراوێک یان گرووپێک زۆر گرنگە. بە نموونە لە گشتپرسیی 2017 بە هەزاران گەنجی کورد لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکاوە هاتنە بەردەم کۆشکی سپی و داوای پشتیوانیی ئەمریکایان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرد، واتە هێشتا کوردایەتیی قووڵ لە ناخی گەنجانی کوردی ئەمریکا هەیە.
هونەر سەلیم باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل لە ساڵی 1964ەوە ڕێکخراوێکیان بۆ لۆبیکردنی ئیسرائیل لە ئەمریکا دامەزراندووە، زۆر سوودیان لێبینیوە، بۆ نموونە لەم هەڵبژاردنەدا ئەم گرووپە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاریان خەرجکرد بۆ ئەوەی پشتیوانیی ئەو سیناتۆرانە بکەن کە پشتیوانیی ئیسرائیل دەکەن، هەروەها دژایەتیی ئەو سیناتۆرانە بکەن کە دژی ئیسرائیلن، بەڵام کورد لە ساڵی 2024 هیچ ڕێکخراو و گرووپ و ناوەندێکی لۆبیکردنی لە ئەمریکا نییە، کە ئەمە جێگەی داخە.
دلێر ڕەشید لە ئەمریکا کوردیش مەڵبەند کە ساڵانێکی زۆرە لە ئەمریکا دەژی و چەندین سەرۆک و ئیدارەی ئەمریکای بینیوە، پێیوایە، کەمیی ژمارەی کورد لە ئەمریکا و هەوڵنەدانی کورد بۆچوونە نێو سیاسەتی وڵاتەکە دوو هۆکارن بۆ ئەوەی دەنگی کورد کاریگەریی گەورەی نەبێت، زۆربەیان خەریکی کار و کەسابەتی خۆیانن؛ جگە لەوە، هیچ کوردێک نەیتوانیوە ببێتە بزنسمانێکی گەورە کە بتوانێت بە بزنسەکەی کاریگەریی بەسەر سیاسەتی ئەمریکاوە هەبێت. ئەوەیشی نەشاردەوە، هۆکاری ئابووری و خراپبوونی گوزەرانی خەڵک لەڕووی ئابوورییەوە بوونە هۆی سەرکەوتنی ترەمپ.
لەبارەی کاریگەرکردنی دیاسپۆرای کوردی لە ئەمریکا، دلێر ڕەشید دەڵێت: یەکگرتن و یەکێتی باشترین چارەسەرە، ئەمەش لە ڕێگەی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی کوردی، کە بە شێوەیەک کار بکات کوردایەتی پێش حیزبایەتی بخات، هەروەها گرنگیدان بە خوێندن بە زمانی کوردی و بەهێزکردنی کولتوور و فەرهەنگی کوردی لێرە. هەروەها بەشداربین لە هەموو ڕێکخراوەکانیان، بەمەش کورد بەهێز دەبێت و خەڵک و لایەنەکان داوامان لێدەکەن بچینە ڕیزەکانیانەوە و کاریگەر دەبین، دەتوانین لەو ڕێگەیەوە لۆبی بۆ خۆمان و دۆزی نەتەوەکەمان بکەین، بۆیە تاوەکوو کورد لێرە یەکگرتوو نەبێت، هیچ کاریگەرییەکمان نابێت.
یوسف ئازاد کە چەندین ساڵە لە پەیمانگەی کوردی لە ئەمریکا کار دەکات، لەبارەی چارەسەر بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد وتی، زۆر پێویستە هەموو حیزبە کوردستانییەکان بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنەوە و بە حیزبەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان لە ئەمریکا کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ببەستن، بە بەشداریی هەموو کەسایەتی و ڕێکخراوەکانی کوردی لە ئەمریکا، بتوانن لێرە دامەزراوەیەکی کوردستانی درووست بکەن و دوور لە حیزبایەتی، بەڵکوو هەموو فۆکەسیان لەسەر کوردایەتی بێت و لەو ڕێگەیەوە دەتوانن لۆبیی زۆر بۆ دۆزی کورد درووست بکەن، ئەو کات کاریگەریی دیاسپۆرای کوردی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دەبێت.
سیاسەتی ترەمپ لەگەڵ کورد
سەبارەت بە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بەرانبەر بە کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، یوسف ئازاد دەڵێت: ئەزموونمان لەگەڵ سیاسەتی ترەمپ بەرانبەر کورد لە 2016وە تاوەکوو 2020 هەیە، سیاسەتی ترەمپ بەرانبەر کورد لەو ماوەیەدا بە شێوەیەک خراپ بووە کە دۆزی کوردی 50 ساڵ بردووەتە دواوە، بۆ نموونە لە 16ی ئۆکتۆبەر نیوەی خاکی کوردستانمان لەدەستدا، ترەمپ ڕووی لە ئێمە وەرگێڕا، هەروەها عەفرین داگیرکرا کە بەقەد مەهاباد کوردستانییە، کەچی ترەمپ هیچ هەڵوێستێکی نەبوو، هەروەها لە 2019 نیوەی سوپای ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی سووریا کشاندەوە و ڕاستەوخۆ ڕووسەکان شوێنەکانیان پڕکردنەوە، هەرچەندە ترەمپ لە نیوەی ڕێگە پەشیمان بووەوە، بەڵام کارەکە لەدەست دەرچووبوو.
هونەر سەلیم وەکوو چاودێڕێکی سیاسی لە ئەمریکا لەبارەی یەکگرتوویی کورد لەو وڵاتە دەڵێت: کورد هەرگیز یەکنەبووە و قەتیش نابنە یەک، هەرچەند زۆر حەز دەکەم یەکگرتووبن، بەڵام نابن. پێشنیازیش دەکات، بۆردێک لە ئەمریکا درووست بکرێت نوێنەر و کەسایەتیی هەموو پارچەکانی کوردستانی تێدابن، لەنێو بەشداربووانیش نوێنەری تەواوی حیزبە کوردستانییەکانیش هەبن، ئەو کات دەتوانرێت کاریگەریی کوردی ئەمریکا ببینرێت.
لەبارەی پاراستنی زمانی کوردی لەنێو دیاسپۆرای کوردی ئەمریکا، خاتوو فەوزییە دەڵێت: ئێستا تێکەڵاوی و درووستکردنی خێزان لەنێوان کورد و ئەمریکییەکان هەیە و پێویستە خێزانە کوردەکان هەمیشە شانازی بە کوردبوونی خۆیانەوە بکەن، پێویستە دایکان بە کوردی قسە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، چونکە گرنگترین شت بۆ مرۆڤ زمانەکەیەتی.
هەر لەوبارەیەوە دلێر ڕەشید دەڵێت: زمان زۆرزۆر گرنگە و لە ئەمریکاش زۆر گرنگی بە زمانی دایک دەدات، بۆ نموونە ئەگەر منداڵێکی عەرەب لێرە بخوێنێت، ئەوا نمرەی زمانی عەرەبیی بۆ ئەژمار دەکرێت.
دلێر زیاتر لەوبارەیەوە دوا و وتی، زۆر هەوڵمان دا زمانی کوردی لە خوێندنگەکان بۆ منداڵانی کورد بچەسپێنین و بخوێنن، بەڵام بەهۆی کەمیی ژمارەی کوردەوە نەمانتوانی جێبەجێی بکەین، دواتر بە هەوڵی دوو خوشکی کورد توانیمان خوێندنگەیەکی زمانی کوردی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بکەیەنەوە بۆ منداڵانی کورد، ئەوانەی لێرە لەدایکبوون. ئەوان بە باشی فێری زمانی کوردی بوون و زۆربەیان بڕوانامەی ماستەریان بەدەستهێناوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی پارەوە دوای پێنج ساڵ خوێندنگەکە داخرا.
لەسەر ژمارەی کورد لە ئەمریکا ساڵەیی ئەوەی خستە ڕوو، هیچ ئامارێکی فەرمی نییە بڵێت ژمارەی کورد لە ئەمریکا ئەوەندەیە، ڕاستە باسی 70 هەزار کەس دەکرێت، بەڵام ئەمانە یان بە ئێراقی، یان ئێرانی، یان سووری، یان تورکی ناونووس کراون.
سەبارەت بە درووستکردنی ڕێکخراوێک یان فۆرمێک بۆ لۆبیکردنی دۆزی کوردیش لە ئەمریکا، پێیوایە بە کۆمەڵگە درووست نابێت و پێویستی بە پشتگیریی داراییە، ئەمەش لە ڕێگەی حکومەت یان پارتە کوردییەکانەوە دەکرێت.[1]