تەنیا ئەحمەد
کۆمەڵێک ئەندام پەڕڵەمانی ئەوروپا گرووپێکیان بۆ کارکردن لەسەر پرسی کورد پێکهێناوە. پەڕڵەمانتارێکیان دەڵێت: درووشممان هاوسۆزییە بۆ گەلی کورد و گەیاندنی دەنگی کوردە بۆ پەڕڵەمانی یەکێتیی ئەوروپا.
ڕۆژی هەینی #15-11-2024# ئەندریاس شیدەر، ئەندام پەڕڵەمانی یەکێتیی ئەرووپا بە زنار شینۆ، نێردراوی ڕووداوی لە ستراسبۆرگی فەرەنسا گوت، گرنگە پیشانی بدەین هاوسۆزیی پەڕڵەمانی ئەرووپا بۆ کورد چەندە فراوانە. گرنگە ئاماژەیەکی زۆر بەهێز بنێرین کە هاوسۆزییەکی زۆر لە پەڕڵەمانی ئەوروپاوە [بۆ کورد] هەیە.
مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە 27 وڵاتەکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا هەڵبژاردن بۆ پەڕڵەمانێکی نوێ کرا. دوای دەستبەکاربوونی پەڕڵەمانتارەکان و درووستبوونی لیژنەکان، ژمارەیەک پەڕڵەمانتار لە فراکسیۆن و وڵاتە جیاوازەکان گرووپێکیان بەناوی کارکردن بۆ کورد (Kurdish Working Group) پێکهێنا.
شیدەر ئەندامێکی ئەو گرووپەیە و وتی، ئەم گرووپە بۆ ئەوەیە پرسی کورد دەنگێکی هەبێت، لە هەموو ئەو ناوچە و وڵاتانەی کوردی لێیە. چەندین کێشە و دۆخی سەخت و هەستیار هەن. زۆر گرنگە بتوانین ببینە دەنگێک بۆ ئەو کێشانە لەنێو پەڕڵەمانی ئەوروپادا. درووشمی ئێمەش بریتییە لە هاوسۆزی بۆ گەلی کورد.
لەنێو گرووپەکەدا پەڕڵەمانتاری خەڵکی یۆنان، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، سوید، فەرەنسا، ئیسپانیا و نەمسا هەن. هەردوو پەڕڵەمانتاری ئەورووپی-کورد، ئەڤین ئینجیر و ئوزلەم دەمیرەل لەنێو گرووپەکەدا کار دەکەن.
دەقی پرسیارەکانی ڕووداو و وەڵامەکانی ئەندریاس شیدەر، ئەندام پەڕڵەمانی یەکێتیی ئەرووپا:
ڕووداو: بەڕێز شیدەر، دەتوانن پێمان بڵێن چی لە ئەجێندای ئێوەدا بۆ پێنج ساڵی داهاتووی ئەم فراکسیۆنە لە پەڕڵەمانی ئەوروپا هەیە؟ ئێوە ناوەکەتان گۆڕیوە بۆ (کارکردن بۆ کورد) . ئایا ئەوە بە واتای ئەوە دێت گرووپی دۆستایەتی نەما؟
ئەندریاس شیدەر: ئەمە گرووپێکی کارکردنە بۆ کورد، چونکە زۆر شت هەن کە دەبێت کاریان لەسەر بکەین. ئەم گرووپە بۆ ئەوەیە پرسی کورد دەنگێکی هەبێت، لە هەموو ئەو ناوچە و وڵاتانەی کە کوردی لێیە. چەندین کێشە و دۆخی سەخت و هەستیار هەن. زۆر گرنگە ئێمە بتوانین ببینە دەنگێک بۆ گەیاندنی ئەو کێشانە بۆ نێو پەڕڵەمانی ئەوروپا. هەروەها، بۆ ئەوەی ئاماژەیەکی زۆر بەهێز بنێرین کە هاوسۆزییەکی زۆر لە پەڕڵەمانی ئەوروپاوە [بۆ کورد] هەیە. ئەمڕۆ ئێمە وەک گرووپی دۆستانی کورد کۆبووینەتەوە. ئێمە ئەندامی پارتی جیاوازین و لە وڵاتی جیاوازی ئەوروپاوە هاتووین، بەڵام لەسەر مژاری پشتگیری بۆ پرسی کورد یەکگرتووین. ئەگەر باسی چەند نموونەیەک بکەم، لە ماوەی ڕابردوودا لە تورکیا بینیمان چەند کاربەدەست و سەرۆک شارەوانییەک دەستگیر کران؛ هەروەها بینیمان هەوڵێکی بچووک لە پێناو چارەسەری سیاسی هەبوو بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا هیچ بەرەوپێشچوونێکی نەبوو، هەرچەندە هەنگاوێکی باشبوو، بەرپرسە کوردەکانی نێو حکومەتی تورکیاش بە جیدی کاریان بۆ دەکرد. هەروەها، هێرش بۆ سەر ئەو ناوچەیە هەبوو کە ئێمە پێی دەڵێین (ڕۆژاڤا). لەلایەکی دیکەوە کاتێک سەیری دۆخی کوردی ئێران دەکەی، دەبینی کە چەندە دۆخەکە سەختە. چەندین کار هەن بکرێن. درووشمی ئێمەش بریتییە لە هاوسۆزی بۆ گەلی کورد.
ڕووداو: ئێوە چاوەڕێ دەکەن ژمارەی پەڕڵەمانتاران لەنێو گرووپەکەتان زیاد بێت؟
ئەندریاس شیدەر: لیستێکی درێژی ئەندام پەڕڵەمانەکان هەیە کە ئامادەن، نەوەک تەنیا لە پارتی سۆسیال و چەپ و سەوزەکان، بەڵکوو لەلایەن لیبراڵەکان و ئەوانی دیکەش. پێم وایە ئەمە گرنگە. گرنگە پیشانی بدەین هاوسۆزیی پەڕڵەمانی ئەوروپا بۆ کوردەکان چەندە فراوانە. ئەو گفتوگۆیانەی کە بڕیارە لە داهاتوودا بکرێن زۆر چالاک دەبن، دەشزانین پشتگیرییەکی زۆر لە چالاکی و کارەکانمان دەکرێت. دەتوانین بڵێین لیستێکی درێژ لە ناوی ئەندام پەڕڵەمانەکان هەیە بۆ پەڕڵەمانی ئەوروپا.
ڕووداو: ئاگادارن کە هیچ هەوڵێک لەلایەن پەڕڵەمانی ئەوروپا یان وڵاتانی ئەندامەوە بۆ پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەریی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەنێوان کورد و حکومەتدا هەبێت؟
ئەندریاس شیدەر: بەڵێ، پشتگیری بۆ پڕۆسەی ئاشتی هەیە. ئێمە دەزانین و دەبێت لەوە تێبگەین ئەگەر ئاشتیمان دەوێت، بەتایبەت ئەگەر داوای ئاشتی لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا بکەین کە تێیدا هەموو نەتەوەیەک مافی چارەی خۆ نووسینی هەبێت، مافی پیشاندانی کولتووری هەبێت، مافی خوێندن و پەروەردەی بە زمانی خۆی هەبێت، بۆ ئەوە پێویستیمان بە چارەسەری سیاسی هەیە. ئێمە دەزانین چارەسەری سەربازی، چارەسەر نییەم چونکە خەڵک زیانی زۆری پێدەگات. بۆیە پێویستمان بە چارەسەری سیاسی هەیە. بۆ ئەم چارەسەر سیاسییەی باسم کرد، هاوبەشێکیشمان پێویستە. ئەو هاوبەشە پێویستە لەلایەنی تورکیاوە بێت. بۆیە ئەگەر ڕژێمی تورکیا و ئەردۆغان گوشار نەک تەنیا بخاتە سەر کوردەکان، بەڵکوو بیخەنە سەر میدیاکاران، هونەرمەندان، ڕۆژنامەڤان و خەڵکی دیکە، کۆمەڵگەیەک درووست دەبێت کە ئازاد نابێت و ئازادی تێدا نابێت. ئەمە شتێکە ئێمە دژین و دەمانەوێت کۆمەڵگە ئازادیی زیاتری هەبێت.[1]