حسێن عومەر
ئیمانوێل پۆالان، سکرتێری گشتیی وەقفی دانیێل میتێران ڕایگەیاند، پڕۆژەیان هەیە لە کوردستان لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی کەشوهەوا وەکوو چاندنی دار و بیریان لەوە کردووەتەوە، دانیێل میتێران بخرێتە نێو پەرتووکی قوتابخانەکانی کوردستان.
ئیمانوێل پۆالان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو لە ڕۆژی ڕێووێنەی یادکردنەوەی دانیێل میتێران لە هەولێر، لەبارەی هەڵوێستی دانیێل میتێران لەسەر کورد بە ڕووداوی گوت، هەموو کات دەیوت کورد لەناو یەکدا هەمیشە برا بن.
سکرتێری گشتیی وەقفی دانیێل میتێران باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و کولتوورییەکانی کوردستان و فەرەنسا دەکات، دەڵێت هەموو کات پێویستمان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان هەیە.
باس لە هەڵوێستێکی کوردستانیش دەکات، کاتێک وەقفی دانیێل میتێران ڕووبەڕووی سەختی و لاوازی بووەتەوە، کوردستان هاوکاری وەقفەکەی کردووە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
ڕووداو: لەبارەی ڕۆڵی دانیێل میتێران بۆ پشتگیریی گەلی کورد چیتان لە یادە؟
ئیمانوێل پۆالان: دوو یادگاریم لە بیردێت. یەکەمیان بەڕاستی ئەوەی لەبارەی کوردەوە پێی دڵگران بوو، کاتی هێرشی سەدام حسێن بوو دژی هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکە. هەروەها هەوڵی ئەو بۆ دەستوەردان و بەهاناوەچوونی کورد و ناساندنی دۆزی کورد. ئەوە یەکەم بابەتە کە لە بیرمدا ماوەتەوە. بابەتی دووەمیش بەڕاستی زۆر سەرنجڕاکێشە بۆم، کە هەموو کات دەیوت کورد لەناو یەکدا هەمیشە برا بن، بۆ ئەوەش هەموو کات هەوڵی دەدا، ئەو هیوایەی ئەو بەردەوام هەیبوو کورد لەنێو یەکدا برابن، دووەم بیرهێنانەوەی منە لەگەڵ دانیێل میتێران، کاتێک کە باسی کورد و کوردستان دەکەین.
ڕووداو: ئێوە وەکوو وەقف، چۆن میراتەکەی دانیێل میتێران دەپارێزن لەبارەی پشتیوانی لە مافی گەلی کورد بەتایبەت؟
ئیمانوێل پۆالان: من چانسم هەبوو کە سێ ساڵ لەگەڵ دانیێل میتێران کار بکەم. دەرفەتم هەبوو لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی چەندین جار کۆببمەوە. هەروەها دەرفەتم هەبوو چەندین جار لەگەڵ سەرۆک جەلال تاڵەبانی کۆببمەوە، ئیتر من ئەو پەیوەندییەم پاراست. ئێمە جارێکیان ڕووبەڕووی سەختی بووینەوە، کاتێک بوو کە وەقف زۆر لاواز بوو، کوردستان هاوکاریی ئێمەی کرد تاوەکوو وەقفی دانیێل میتێران بپارێزین، ئەوەش ساڵی 2009 بوو، بۆیە ئێمەش لەو کاتەوە لە لایەکەوە یادکردنەوەی دانیێل میتێرانمان پاراست و لەلایەکیشەوە پەیوەندیمان لەگەڵ کوردستان پاراست، چونکە ژیلبێر میتێران چەند جارێک هاتە کوردستان بۆ پێشکەشکردنی خەڵاتی دانیێل میتێران بۆ ژنانی پێشمەرگە و کەنداڵ نەزان کە سەرۆکی ئینستویتی کوردیی پاریسە. پاشان ئێمە هەندێک بەرنامەی گەشەپێدانمان دانا بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە کاتی شەڕ دژی داعشدا کۆچبەر بوون. هەروەها ئێمە هەندێک بەرنامەی پێگەیاندنمان جێبەجێ کرد و هەندێک کاری پێگەیاندنی گەنجانمان کرد بۆ ئەوەی ئەوانیش دواتر منداڵەکان پێبگەیێنن. تاوەکوو ئەمڕۆش پڕۆژەیەکمان بەردەوامە، کە بەشێوەیەکی کرداری نزیکەی 10 ساڵە کاری لەسەر دەکەین. ئێستاش بیر لە پڕۆژەیەکی نوێ دەکەینەوە، پڕۆژەیەک کە بۆ چالاکییەکانی کەشوهەوا و بەتایبەت بۆ چاندنی دار. هەموو کاتێکیش بە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵە کوردییەکان، بەڕاستی ئەو خەمخۆرییەی ئێمە هەیە بۆ کارکردن لەگەڵ کورداندا.
ڕووداو: ئێستا دوای چەند ساڵ لە کۆچی دوایی دانیێل میتێران، دەتوانین بڵێین ئێستا لە فەڕەنسا نەوەیەک هەیە دۆزی کورد دەناسێت و پشتیوانی دەکات؟
ئیمانوێل پۆالان: ڕاستییە کە کوردستان بووە بە هەرێمێکی فیدراڵیی لە ئێراق، ڕاستییە کە ئینستویتی کوردی زۆر چالاکە لە پاریس، ڕاستییە کە وەقفی دانیێل میتێران هەمیشە بەردەوامە بۆ پاراستنی پەیوەندی و دانووستاندن، ئەمانە هەموویان وایان کردووە ئەمڕۆ کوردستان لە فەرەنسا ناسراو بێت؛ کورد لە فەرەنسا ناسراو بێت، تاوەکوو کورد لەسەر ئاستی جیهانیش ناسراو بن، ئەوە شتێکی زۆر گرنگە، بەتایبەت لەم ساڵانەدا کە ئاڵۆزییەکی هەرێمیی هەیە. هەندێک جار پەیوەندی لەنێوان کورد و فەرەنسییەکان، لەنێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و حکومەتی فەرەنسا پەیوەندی گرنگن. بۆ من شانازییەکی گەورەیە ئەم بەیانییە دەمتوانی سڵاوێک لە سەرۆک بارزانی بکەم، چانسم هەبوو لە ڕێگەی دانیێل میتێرانەوە ئەو بناسم، هەبوونی ئەو ڕێگە دەدات هەمیشە پەیوەندی نێوانمان بەهێزتر ببێت.
ڕووداو: ئایا دەتوانین بڵێین ئێستا پەیوەندیی نێوان هەردوو گەلی کورد و فەرەنسی بەهێزن، یانیش پەیوەندییەکان پێویستی بە پێشخستنی زیاتر هەیە؟
ئیمانوێل پۆالان: ئێمە هەموو کاتێک پێویستیمان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان هەیە، بەڵام ئەوە ڕاستییە، کە سکرتێری گشتیی ئینستویتی کوردی، کە لە هەمانکاتدا مامۆستایە لە زانکۆیەکی فەرەنسا ئەویش ڕێگەدەدات پەیوەندییەکان بەهێزبن. هەموو کاتێک پێویستی بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان هەیە، دەبێت هەموو کات پەیوەندییەکان پتەوبکرێن، بەڵام بەهەرحاڵ بە بڕوای من پەیوەندی لەسەر بنەمایەکی باشە و ئێمە هەموو کات ڕژدین کە بەشداربین لەگەڵ هەموو ئەولایەنانەی بیانەوێت پەیوەندییەکان بەهێز ببن.
ڕوووداو: ئەگەر بمانەوێت باسی پەیوەندیی فەرمی بکەین لەنێوان حکومەتی کوردستانی ئێراق و حکومەتی فەرەنسادا، ئێوە چۆن ئەو پەیوەندییانە هەڵدەسەنگێنن؟
ئیمانوێل پۆالان: وەک من بینیم، زۆر گرنگە. وەکوو نموونە باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا هاتبوو بۆ ئەم بۆنەی 100 ساڵەیەی لە دایکبوونی دانیێل میتێران، ئەوە نیشانەیەکی تەواو گرنگە. هەروەها باسی کۆنسووڵ دەکەین کە سەرپەرشتیاری ئەم بۆنەیە بوون، هەروەها باڵیۆزی فەرەنسا. بۆ وەقف پەیوەندییەک کە ئێمە بە بەردەوامی لەگەڵ کوردستان درووستی دەکەین، بەشێکە لەو شتانەی کە وەزارەتی کاروباری دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆ زۆر لە بارەیانەوە هەستیارن، ئێمە وەکوو وەقف بەشێوەیەکیش لە شێوەکان وەکوو باڵیۆزێکین نەوەکوو بۆ فەرەنسا، لە کوردستان، چونکە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دەرەوە تەواو ئاگادارن لەو شتانەی ئێمە دەیکەین و ئەوەش نیشانەیەکی باشە. پاشانیش ئێمە بەردەوامین لە بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییانە. دوای ساڵێک لە گیانلەدەستدانی دانیێل میتێران، مەسعود بارزانی بە بەشداریی ژمارەیەک وەزیر هاتە پەڕڵەمانی فەرەنسا بۆ بەشداربوون لە بۆنەی ڕێزگرتن لە دانیێل میتێران. لە ئەنجامدا ئەو پەیوەندییەیە کە ئێمە دەکاتە یەک و پتەوی دەکات لەنێوان وەقف و کوردستان، بەشێوەیەک هەمیشە ڕۆڵ دەگێڕێت بۆ پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستانی فیدراڵ لە ئێراق.
ڕووداو: لە ئاستی کولتووریدا ئێوە ڕازین لە پەیوەندییە کولتوورییەکانی نێوان هەردوو گەلان، مەبەست کورد و فەرەنسییەکان؟.
ئیمانوێل پۆالان: من دەزانم ئینستویت زۆر گرنگی بەوە دەدات. چانسی من هەبوو چەندین جار شڤان پەروەر ببینم، وەکوو نموونە ئەو بەشداری ڕێووێنەی بەخاکسپاردنی دانیێل میتێران بوو، ئەو گۆرانییەی ئەم بەیانییەش وتی لە ڕێووێنەی بەخاکسپاردنەکەشدا گوتبوویت، ئەوەش نیشانەی پەیوەندییەکی بەهێزە. هەروەها لەبارەی میوزیک و هۆنراوەشدا. بەهەرحاڵ بەلای منەوە لەبارەی کولتوور، ئەوەی من دەیبینم لە کولتووری کوردیدا و زۆر جوانە ئەوەیە، زۆر بەرفراوانە؛ کولتوور لێرە لە کوردستان کولتوورێکی کوردیی سوورییە، کوردی ئێرانیی و کوردیی ئێراقییە، بێگومان ئیدی بۆ ئێمە وەکوو وەقف کاتێک باسی کولتووری کوردی دەکەین پەیوەندییەکی بە کوردستانی گەورەوە هەیە، کە ئەو کولتوورە درووستبووە. ئەمە لەسەر ماڵپەڕی ئێمە و ئینتەرنێتیش هەیە. ئێمە تەنیا باسی کوردستانی ئێراق ناکەین و باسی کوردستان بەگشتی دەکەین، بەشێوەیەک لەشێوەیەکان کولتوور ئەوە ڕێگەیەمان پێ دەدات.
ڕووداو: ئەگەر باسی وەقف بکەین، ئێوە چی چالاکییەکتان لە کوردستان هەیە؟ بیرتان کردووەتەوە فراوانی بکەن؟
ئیمانوێل پۆالان: ئێستا دوو چالاکیی سەرەکیمان هەیە. چالاکییەک بەرنامەیەکە بۆ هاوکاریکردنی منداڵان و کۆچبەران بەگشتی لە کوردستان، هەروەها بەرنامەی دووەم لەبارەی کەشوهەوا و چاندنی دارە. بابەتێکی دیکەش کە ئێمە باسی دەکەین و سێ ڕۆژە لێرەین، بیرۆکەی پڕۆژەیەکی یادکردنەوە دەبێت، بەشێوەیەک کە پەیوەندی لەنێوان دانیێل میتێران و مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی توانیبێتی بە بەردەوامی لە کولتووری کوردیدا جێگەی خۆی بگرێت، لە ئەنجامدا کارێک بکرێت لە ڕێگەی نووسین و وێنەوە بۆ گەنجی کورد، بیرۆکەیەک کە دانیێل میتێران، دایکی کوردان هەموو کاتێک هەیبوو. ئەوەش دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بە جۆرێک بێت دانیێل میتێران جێگەی خۆی لە پەرتووکی قوتابخانەکانی کوردستانی ئێراق و مێژووی کوردستاندا بگرێت، ئەویش کارێکە دەمانەوێت پێشی بخەین و جێبەجێی بکەین.[1]