ناونیشانی بابەت: دوای تێپەڕبوونی 66 ساڵ، (باسکورد) نامەیەکی کۆمەڵەى خوێندکارانى کورد لە ئەورووپا بۆ ژەنەراڵ مستەفا بارزانی بڵاو دەکاتەوە
نووسینی: #زانیار سەردار قڕگەیی#
ساڵی 1958 لە سەروبەندی گەڕانەوەى #مەلا مستەفا بارزانی# لە یەکیتیی سۆڤیەتەوە بۆ #کوردستان#، ژمارەیەکی زۆر لە رۆڵەکانى گەلی کورد خۆشحاڵیى خۆیان دەربڕیوه، چ بە برووسکە و نامە، چ به سەردانیکردن پێشوازییان لێی کردووە. بۆ نموونه، لێرەدا نامەیەکى کۆمەڵەی خوێندکارانى کورد لە ئەوورپا دەخەینە روو، کە بە واژۆی سکرتێری گشتیى ئەوکاتى کۆمەڵە، رووناکبیر و سیاسىی ناسراو و بەئەزموون- #دارا تۆفیق# بۆ بارزانییان ناردووه، کە گوزارشتە لە خۆشى و شادى و ئومێدبەخشە بە درێژەپێدانى خەبات و تێکۆشانى گەلى کورد بە رابەرایەتیى مستەفا بارزانى.
لەبەر گرنگی و بایەخی زۆری نامەکە، رۆژنامەی (ژین) لە #سلێمانى#، لە ژمارە (1416)، ساڵى 34، پێنجشەممە 6ی11ی1958، لە لاپەڕە (5)دا دەقى نامەکەى بڵاو کردووەتەوه، کە بەم شێوەیەیە:
کۆمەڵەى خوێندکارانى کورد لە ئەورووپا
تێکۆشەرى نەبەز مەلا مستەفا بارزانى - پێشکەش
ڕۆژتان باش:
بە ناوى کۆمەڵەى خوێندکارانى کورد لە ئەورووپا، بەگەرمییەوە پیرۆزبایى گەڕانەوەتان ئەکەم بۆ نیشتمان و هەروەها ئه و قارەمانانەى بەره و دواتان نیگارى ئازادییان هەڵگرتووە، هەمیشە بەدرێژایى ژیان ئاواتی باشیى تەندروستیتان و بەختیاریتان ئەخوازم.
بێ گومان گەڕانەوەتان بەڵگەى سەرکەوتن و ئازادییە بۆ هەموو کوردپەروەرێک و رەگەز هەڵکێشى هەموو پیلانێکى چەوت و نەهەنگێتییە بەرامبەر بە کوردەوارى. بۆ هەموو عێراقییەک، کورد و عەرەب، کە وا چریکەیە بۆ گەلەگاى نالەبار، کە بووە هۆى دوورکەوتنەوەتان لە نیشتمانیى خۆشەویست بۆ چەندەها ساڵ. بێ گومان دوور لە نیشتمانتان، بەهەشتى رابواردن نەبووە بۆتان، لە رێگاى ئه و باجە پیرۆزەى، کە لەسەر خۆتان بڕیوەتەوە، بۆ هێنانەجێ.
$پێشەواى خۆشەویست (مستەفا بارزانى): $
هاتنەوەتان بۆ نیشتمان، دان ئەنێت بە راستیى تێکۆشانى گەلى کورد و عەرەب بۆ پێکهێنانى شۆڕشەکەى دوایى عێراق، کە وا بنچینە قەڵاى زۆردارى لە بێخ دەرهێنا، هەروەها ئەم سەرکەوتنه - ئومێد ئەکەین- دواى چەندەها جووڵانەوەى شێرانەى دیکە بڕوات، کە وا سەرکەوتنیان بەپێى دەست لەناو دەستى گەلى کورد و عەرەب لە کۆمارە ساواکەماندا بەدەم بارانەوە ئەڕوات.
هیواى گەورەمان ئەوەیە، کە وا چالاکیى گەورەییتان دەرگاى هەموو ناکۆکییەک لەناو کورداندا جووت بکات و لاڕێگەى چاوەشینى بکات لە فرمێسک هەڵڕژاندنى دووریى ئانگاو ئەمریکان بۆ رزگارکردنى گەلى کورد.
نەبەزینى گەورەییتان و هاوڕێ بارزانییە قارەمانەکان، هەموو کاتێک جێى شانازییە بۆ گەلى کورد، ئێمە زۆر بە سەربەرزییەوە وەرى ئەگرین، کە وا مێژوو لاپەڕەى خۆى هەڵناداتەوە، بێ ئەوەى ناوتان دەنگ نەداتەوە.
تکاتان لێ ئەکەم، کە وا بفەرموون بە قبووڵکردنى سڵاوى گەرمى هەموو خوێندکارێکى کورد لە ئەورووپا، ئیتر هەمووتان شاد.
زۆر دڵسۆزتان
دارا تۆفیق - سکرتێرى گشتیى کۆمەڵەى خوێندکارانى کورد لە ئەورووپا
پوختەیەک بۆ ناساندنی دارا تۆفیق
- رووناکبیر و سیاسى ناسراو و بەئەزموون (دارا تۆفیق فایق فەتحوڵا)، ناسراو بە (ساڵحی)، لە ساڵى 1932 لە سلێمانى لەدایک بووە، خوێندنى سەرەتایى و ناوەندیى لە سلێمانى بووە، لە ساڵى پەنجاکانی سەدەی رابردوودا پەیوەندی دەکات بە حزبى شیوعیى عێراقەوە، لە ساڵى 1957 کۆلێژى ئەندازیارى - بەشى شارستانیى تەواو کردووە. لە ساڵى 1961 پەیوەندیى کردووە بە ریزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان. ماوەیەکیش سکرتێرى گشتیى کۆمەڵەى خوێندکارانى کورد لە ئەورووپا بووە و رۆڵى گرنگى خۆى بینیوە. لە 1970 لە کۆنگرەى هەشتى پارتى دیموکراتی کوردستان، دەبێتە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیى پارتى. لە ساڵى 1971 دەبێتە سەرنووسەرى رۆژنامەى (التآخی)، لە (5ى4ى1971) هەتا (11ى3ى1974) دەبێتە خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەرى رۆژنامەى (برایەتى)، رۆڵێکى هێجگار گرنگ و بەرچاوى دەبێت لە بوارى راگەیاندن و رۆژنامەگەریدا.
لە ساڵى 1975 ئاوارەى ئێران بووە، هەر له و ساڵەدا دەگەڕێتەوە عێراق، دواتر کرا بە (مدیر عامی نهری عراق) لە 5ى11ى 1980 لەلایەن رژێمى دەسەڵاتدارى بەعسەوە شوێنبزر کرا و هەتا ئێستا نەزانراوە کەى و چۆن و له کوێ شەهید کراوە.
- کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا، لەنێوان ساڵانی (1956- 1975)، رێکخراوێکی کوردستانیی خوێندکارانی کورد بووە، لە ئەورووپا دامەزراوە و لە زۆربەی وڵاتان لقی هەبوو لە رێگای نواندنی چالاکیی سیاسی، رووناکبیری و هونەری و بەستنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری رێکخراوە خوێندکارییەکانی وڵاتانەوە، لە پێناوی ناساندنی دۆزی رەوای گەلەکەمان، لە سەرجەم وڵاتانی ئەورووپا کاریگەریی بەرچاوی هەبووە. هەر لقێکی کومەڵە وەک باڵوێزخانەیەکی گەلەکەمان بووە.
سەرەڕای ئەرکە پیشەییەکانی وەک رێکخراوێکی خوێندکاری، رێکخراوێکی کوردستانی و کوردایەتیی دەگمەن بوو، چوارچێوە و چەتری کۆکەرەوەی خوێندکارانی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان بوو، ئەندامەکانی ئازایانە رووبەڕووی کردە هۆڤەکییەکانی داگیرکەرانی کوردستان دەبوونەوە و لە رێگای خوپێشاندان و بڵاوکردنەوەی چەندین گۆڤار و رۆژنامە و بڵاوکراوە بە زمانی جیاواز، جگە لەوانەی بە زمانی کوردی بڵاو دەکرانەوە، رەفتارەکانیان دژ بە گەلەکەمان شەرمەزار دەکرد. گۆڤاری سەرەکی و زمانحاڵی کۆمەڵە (گۆڤاری کوردستان) بوو، بەڵام بەداخەوە، دوای نسکۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و لەسەر بنەمای جیاوازیی بیرکردنەوە و پەیوەندیی ئەندامەکانی کۆمەڵە بە لایەنە سیاسییە ناکۆکەکانی ئه و ساتەوەختەی کوردستانەوە، رێکخراوەکە رووبەڕووی دابەشبوون و لێکترازان بوو بەسەر (3) رێکخراوی ناکۆک و تا راددەیەک دژ بە یەک:
1- (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا) سەر بە (پ.د.ک) سەنتەرەکەی لە (بەرلینی رۆژئاوا)ی ئەڵمانیا بوو.
2- (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا) سەر بە (پارتی کۆمۆنیستی عێراق). سەنتەرەکەی لە شاری (پراگی)ی چیکۆسلۆفاکیا بوو.
3- کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد، لەدەرەوەی وڵات (ئەکسا) سەر بە (ی.ن.ک) سەنتەرەکەی لە بەرلینى رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بوو.
کۆمەڵە له و پەرتەوازییەدا وەکوو جاران توانای ئەنجامدانی چالاکیی بەرفراوان و کاریگەری مابوو، بارودۆخی لێکترازانی کۆمەڵە درێژەی کێشا، تا ئه و کاتەی بە بڕیارێکی بەرەی کوردستانی، هەر سێ رێکخراوەکە لە 1987- 1988 یەکیان گرتەوە.
لە (1956- 1975)، کۆمەڵە سەرەڕای کۆمەڵێک رێگری و کەمتوانایی دارایی، توانی بە رێکوپێکی (17) کۆنگرەی یەکگرتوو ببەستێت، زۆربەی کۆنگرەکان لە وڵاتی ئەڵمانیا بەستراون، چونکە له و وڵاتەدا زۆرتر رێگەپێدان و ئاسانکاری هەبوو. یەکەم کۆنگرەش لە شاری ڤیسبادنی ئەڵمانیا، لە 10- 26/ 8 /1956 بوو.
بەرپرسەکانیشى بەم شێوەیە بوون: (ئەحمەد زەمچى- سکرتێر، عیسمەت شەریف وانلى- سەرۆک، د. کەمال عەبدولکەریم فوئاد- سکرتێر، دارا تۆفیق- سکرتێر، سەعدى دزەیى- سکرتێر، تاریق ئاکرەیى- سکرتێر).
دوا کۆنگرەشى، کە کۆنگرەی حەڤدەم بوو، لە 27-31/8/1975، لە بەرلینی ڕۆژئاوای ئەڵمانیا بوو، بەداخەوە دەرەنجامی ناکۆکی و ناتەبایی له کۆنگرەیەدا، کۆمەڵە لەبەریەک هەڵوەشایەوە.
سەرچاوەى بەشێک لە زانیارییەکان لەسەر کۆمەڵەى خوێندکاران: عارف روشدی[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!