یەکێتی ناوەندی باسکەی ئێراق بە هاوکاری لقی هەولێری یەکێتییەکەی لە شاری #هەولێر# و لەنێو هۆڵی #یانەی وەرزشی ئەکاد# پاڵەوانێتی باسکەی 3 × 3ی کوڕانی لاوانی بۆ یانەکانی باکوور ئەنجام دا.
لەو پاڵەوانێتییەدا کە 11 یانە بەشدار بوو دواجار و دوای ڕکابەری یاریزانانی تیمی یانەکان، پێشمەرگە توانی بگاتە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین و لەو قۆناغەشدا پلەی سێیەمی ڕیزبەندی یانەکانی بەدەست هێنا.
سەبارەت بە ئەنجامی تیمەکەیان کامەران محەمەد ڕاهێنەری تیمی باسکەی یانەی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، ئامادەکاری تەواومان بۆ ئەم پاڵەوانێتییە کردبوو کە خۆشبەختانە توانیمان بە پلەی سێیەم و جامی سێیەمی لە شاری هەولێرەوە بگەڕێیتەوە.
کامەران ئاماژەی بەوەشدا کە بە بە دەست هێنانی پلەی سێیەم لە پاڵەوانێتی ئێراق دا بەشداردەبن لە یارییەکانی قۆناغی کۆتایی کە لە داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.
جێگەی باسە لە دوای ئەنجام دانی یارییەکانی قۆناغی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە باشترین چوار یاریزانی دەستنیشان دەکرێن بۆ بەشداریان لە پاڵەوانێتی باسکەی 3 × 3ی وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا کە بڕیارە ئەو پاڵەوانێتییە لە شاری #سلێمانی# و لە مانگی (04-04-2025) ئەنجام بدرێت.
هەروەک یەکێتی ناوەندی باسکەی ئێراق بڕیاری داوە کە بۆ ئەو مەبەستە پاڵەوانێتی 3 × 3ی کچان لە ڕێکەوتی #01-08-2024# و لە شاری سلێمانی ئەنجام بدات و لەوێوە هەڵبژاردەی ئێراق دیاری بکرێت تا شانبەشانی هەڵبژاردەی کوڕان بەشداری لە هەمان پاڵەوانێتی ساڵی داهاتوودا بکەن.
یەکێتی باسکەی ئێراق چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت و لە ڕێکەوتی #02-08-2024# و لە شاری سلێمانی پاڵەوانێتی بێچووە شێرانی کچانی یانەکانی ئێراق ئەنجام دەدات و پاشان و لە ناوەڕاستی ئەو مانگەدا لە شاری #دهۆک# قۆناغی یەکەمی پاڵەوانێتی باسکەی پێشکەوتوانی کچانى یانەکانی ئێراق بەڕێوەدەبات.[1]