دوایی سەرکەوتنە بەرچاوەکانی لە پاڵەوانێتی کاراتێی یانەکانی ئێراق #هەریاد هەردی# یاریزانی تازەەپێگەیشتووی تیمی کاراتێی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# توانی بگاتە ڕیزی هەڵبژاردەی ئێراق و بەشداری دەکات لە پاڵەوانێتی کاراتێی وڵاتانی ئاسیا.
سەبارەت بە بەشداری یاریزانەکەیان (توانا سەعید) کارگێڕی تیمی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، ساڵانە یەکێتی کاراتێی ئێراق پاڵاوتن بۆ یاریزانانی یانەکانی ئێراق ئەنجام دەدات و لەم ساڵ و دوای ئەوەی یاریزانانمان بەشداریان لەو پاڵاوتنەدا کرد خۆشبەختانە یەکێک لە پاڵەوانانی تیمەکەمان لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان توانی بگاتە ڕیزی هەڵبژاردەی ئێراق کە ئەو یاریزانەمان (هەریاد هەردی) پاڵەوانە و لەنێو پێنج یاریزانی خاوەن پلەی یەکەم توانی بە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی هەڵبژاردەی ئێراق دیاری بکرێت و ئەو بە ئاڵای نیشتمانەوە بەشدار بێت.
هەروەک توانا ئاماژەی پێکرد کە هەریاد هەردی بۆ تەمەن (16 و 17) ساڵ واتە لە ئاستی تازەپێگەیشتووان بەشداری لەو پاڵەوانێتییە دەکات و لە کێشی -68 کغم بەشداری لە ڕکابەرییەکانی دەکات وەک یاریزانێکی هەڵبژاردەی ئێراق.
جێگەی باسە بڕیارە یارییەکانی پاڵەوانێتی کاراتێی وڵاتانی ئاسیا لە ڕێکەوتی #22-08-2024# و لە وڵاتی فلپین یارییەکانی دەست پێبکات.[1]