کۆسار عوسمان
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕووی دەمی کردە حکومەتی تورکیا و ڕایگەیاند، ئەگەر جیدین سەرەتا دەرگای گرتووخانەی ئیمراڵی بکەنەوە و #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# ، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئازاد بکەن.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، لە وتارێکیدا کە ڕۆژی یەکشەممە #17-11-2024# لە میتینگی دیموکراسی و ئازادی پێشکەشی کرد، باسی لەو پێشنیازانە کرد کە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کرا و لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پاڵپشتی کرا.
هاتیمئۆغوڵڵاری جەختی لەسەر هەنگاوەکانی دەوڵەت باخچەلی کردەوە کە ئێستا وەکوو دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی نوێی چارەسەری لێی دەڕوانرێت و ڕایگەیاند، ئەو پڕۆسەیە بە تەوقەکردنێکی ناو پەڕڵەمان دەستی پێ کرد، بەڵام هێشتا دەم پارتی نازانێت کە ئەوان چییان دەوێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها ڕووی دەمی کردە ئەنقەرە و وتی: ئێمە لە هەر دەرفەتێک و هەر کاتێکدا ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرین لە زەمینەیەکی ئاشتی و دیموکراسیدا. جا وتیشمان ئەگەر ئێوە لەم بابەتەدا یاری ناکەن، ئەگەر گاڵتە بە هیوای خەڵک ناکەن و جیدین، بە جیدییەتی دەوڵەتەوە ڕەفتار بکەن و سەرەتا دەرگاکانی ئیمراڵی واڵا بکەن. با بەڕێز ئۆجەلان بێتە دەرەوە و پەیامەکەی بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبکاتەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕەخنەی لە دەوڵەتی تورکیا گرت و وتی: ئێمە ماوەی 40 ساڵە لە پێناوی دەستەبەرکردنی ئاشتی خەبات دەکەین. لە پێناوی ئەوەی دادپەروەری و دیموکراسی بێتە وڵاتەکە و برایەتی و یەکسانی لەنێو خەڵکەکەی جێگیر بێت، خەباتمان کرد. ئەوان چییان کرد؟ هەموو جارێک هەوڵی ژێرپێکردنی کوردیان دا. هەروەها هەوڵی ژێرپێکردنی ئەو شۆڕشگێڕانەیان دا کە لەگەڵ گەلی کورد هاوپشت بوون، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
ڕۆژی #22-10-2024# دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەڕڵەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیێنێت، بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.
ئەگەرچی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پشتگیریی خۆی بۆ هەنگاوەکەی باخچەلی ڕاگەیاند، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لەمبارەیەوە نەنراوە.[1]