لە کاتێکدا پێشهاتی زۆر گرنگ لە تورکیا هەن و چاوەڕوانییەکان لەبارەی پڕۆسەیەکی نوێی چارەسەری لە زیادبووندان، لە قۆناخێکداین کە بانگهێشتەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ ئۆجەلان هێشتا لە ڕۆژەڤە، ڕووداو لە لە بارەگای سەرەکیی پارتی ئاییندە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو دەکات.
داودئۆغڵو هاوکات لە شەقامی کوردیدا بە سەرۆک ئەحمەد دەناسرێت. نازناوێک کە خۆی دەڵێت: دەوڵەت باخچەلی وەکوو سووکایەتی بەرانبەری بەکاری دەهێنێت، بەڵام ئەو لەوەوە بۆی ماوەتەوە کە جیاوازیی لەنێوان گەلانی تورکیادا نەکردووە.
لەبارەی پڕۆسەی چارەسەرییەوە، سەرۆکی پارتی ئاییندە دەڵێت: لە تورکیادا خاڵێک هەیە کە زۆر جار باسم کردووە؛ ئەگەر تورکەکان لە مافی کوردەکان تێبگەن و هاوبەش بن لەگەڵ کێشەکانیان و هەوڵی چارەسەر بدەن، کوردەکانیش لەم وڵاتەدا لە بابەتی یەکێتی، یەکبوون و ئاساییشدا، متمانەیەک بدەن، تورکیا بەئارامی دەگات، بۆیە لەبەر ئەو پرسە پاڵپشتی لە هەنگاوەکەی باخچەلی کردووە.
داودئۆغڵو هەنگاوەکەی باخچەلی بە گرنگ دەزانێت، دەشڵێت: لە کۆبوونەوەی فراکسیۆندا ڕووی دەمم لە بەڕێز سەرۆککۆمار کرد و وتم؛ ئەگەر لەگەڵ باخچەلی لەسەر بابەتێک گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، فەرموون ئێوە سەرۆککۆمارن و دەوڵەت بەڕێوەدەبەن. ڕاستە باخچەلی دەستپێشخەرییەک دەکات، بەڵام ئەوەی دەیخاتە واری جێبەجێکردن، ئێوەن. کەوایە پلانەکەتان بخەنەڕوو و بڵێن ئەمە و ئەوە دەکەین، هەروەها بڵێن پڕۆسەکە بەمجۆرە دەبێت، بەڵام ئەگەر بۆچوونی جیا لەنێوانتان هەیە، ئەوە لەنێوان خۆتاندا چارەسەری بکەن، هەمووان لە چاوەڕوانیدا مەهێڵنەوە. لە کاتێکدا ئاستەکە هێندە بەرزبووەتەوە، با نزم نەبێتەوە. بەداخەوە بە هەمان شێوە و هەمان پشتیوانی لەلایەن بەڕێز سەرۆککۆمارەوە نەهات.
داودئۆغڵو باسی یەکەم دیداری لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان دەکات لە 2015 و دەڵێت: هەمووان دژی ئەوە بوون، تەنانەت بە پارتەکەی خۆشییەوە، بەڵام هێندە بە بێ نەزاکەتی و بێڕێزی پێشوازییان لە من کرد، هەروەک دەزانن وتیان چای قاچاخی دەدەینێ و دەینێرینەوە.
هەروەها ڕایدەگەیێنێت، نابێت هیچ کەسێک لەو جۆرە پرۆسانە لەخۆی دەربچێت. ناشبێت هیچ کەسێک لایەنی بەرانبەر بخاتە دۆخێکی سەخت. ڕۆژی #15-07-2015# ئەو دیدارەمان سازکرد. سەڵاحەدین دەمیرتاش، سڕی سوورەییا ئۆندەر، خاتوو فیگەن یوکسەکداخ لەوێ بوون. پێموتن، بەهۆی هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانەوە لەخۆدەرچوونێک دەبینم. وتم متمانە بەخۆبوونێکی زیاد دەبینم، هەروەها پێتانوایە حکومەت پێکنایەت. وتم من وەکوو سەرۆکوەزیران ڕێگەنادەم ئەو خەڵکە بکەوێتە نێو پشێوییەوە، جا ئاگادار بن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە
ڕووداو: دەمەوێت یەکەم پرسیارم لەبارەی گەرمترین بابەتی ڕۆژەڤ بێت کە ئەویش پرسی چارەسەرییە. ئێمە ئەم بابەتە بە چاوەڕوانی ناودەبەین. لە کاتێکدا هێشتا هیچ هەنگاوێکی بەرجەستە نەنراوە. بەتایبەتیی دوای هەنگاوەکانی بەڕێز باخچەلی، چاوەڕوانییەکی وەها لە شەقام درووست بوو، بەڵام لەولاشەوە قەییوم دانران و پڕۆسەیەکی دیکە کاری لەسەر دەکرێت. ئایا ئێوە لە کەشێکی وەهادا پڕۆسەیەکی چارەسەری بە ئەگەر دەزانن؟ لە ئەگەری پڕۆسەیەکی وەهادا پێویستە چ جۆرە ستراتیجییەک پیادە بکرێت و چی بکرێت؟
ئەحمەد داودئۆغڵو: من بەر لە هەموو شتێک سڵاوی خۆم ئاڕاستەی تەواوی خوشک و براکانم لە هەرێمی کوردستان دەکەم؛ ئەوانەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و زاخۆ و تەواوی خوشک و براکانم. هەمووان دەزانن چەندە لە نزیکەوە چاودێریی ناوچەکە دەکەم و چەندەشم خۆشدەوێ. بێگومان من کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ
ڕووداوەکان دەکەم، تا بکرێت سەرەتا بە گشتی لە پێشهاتەکانی جیهان دەڕوانم، هەروەها لە پێگەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تورکیا لەنێو ئەو پێشهاتانە دەڕوانم. ئینجا دواتر لەوە ورد دەبمەوە کە دەبێت لە تورکیا چی بکرێت و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی بکرێت؟ جا ئەمە چ کاریگەرییەک دەخاتە سەر جیهان؟ جیهان بە گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت. پێویستە ئەمە بزانین. بەداخەوە ڕوودانی گۆڕانکارییە گەورەکان لە ناوچەکەی ئێمە ڕوویدا. جا کاتێک ئێمە وەکوو تورکیا سەیری دەکەین، ئایا دەمانەوێت لەگەڵ ئەو برایانەمان کە لەم ناوچەیەدا دەژین، چ جیهانێک درووست بکەین؟ من هەر بەمجۆرە لێی دەڕوانم. هەر بۆیەش پشتگیریم لە گوتەکانی بەڕێز باخچەلی کرد. لەوانەیە پشتگیرییە ڕوون و ئاشکراکە لەنێو ڕای گشتییەوە لەلایەن منەوە کرابێت. بۆچی پشتگیریم کرد؟ لە تورکیادا خاڵێک هەیە کە زۆر جار باسم کردووە؛ ئەگەر تورکەکان لە مافی کوردەکان تێبگەن و هاوبەش بن لەگەڵ کێشەکانیان و هەوڵی چارەسەر بدەن، کوردەکانیش لەم وڵاتەدا لە بابەتی یەکێتی، یەکبوون و ئاساییشدا، متمانەیەک بدەن، تورکیا بەئارامی دەگات. لەڕاستیدا ئەمە بۆ ئێراق و وڵاتەکانی دیکەش هەمان شتە. ئێستا خۆتان باستان لە نازناوی من کرد کە دەڵێن سەرۆک، جا بەڕێز باخچەلی بەردەوام ئەوە بە سووکایەتییەوە باس دەکات، سووکایەتی بە من و زمانی کوردیش دەکات. منیش وتم، بەڕێز باخچەلی بە من دەڵێت سەرۆک، سەر سەرا سەر چاڤا. لە پەڕڵەمانیش و لە هەموو شوێنێک ئەمەم گوت. باشە بۆچی کوردەکان بە من دەڵێن سەرۆک ئەحمەد؟ بنەچەی من (یۆروک)ە و تورکمانم. بەڵام هەمیشە گوتوومە؛ دەمویست تورکێک بم لە سوپای سەڵاحەددینی ئەیوبی و تورکێک بم لە سوپای ئاڵپئارسڵان. کاتێک ساڵی 2016 چوومە ئامەد کە قۆناخێکی پڕ لە گرژی بوو. لەسەر پاس و لە بەردەم مزگەوتی ئوڵو وتم؛ من کە منداڵێکی تورکمانم و لە چیاکانی تۆڕۆس لەدایکبووم، چەندە مافم لەسەر ئەم خاکە هەیە، مافی ئەو منداڵە کوردەش کە لە کەناراوی دیجلە و لە هەکاری لەدایکبووە، هەمان شتە، نە زیاد و نە کەم. هەروەها زمانە تورکییەکەی من کە لە یونس ئەمرەوە هاتووە، چەندە پیرۆز بێت، ئەو کوردییە ئازیزەم کە لە فەقێی تەیرانەوە دێت، بە هەمان شێوە پیرۆزە. ئەو کات تەواوی ئەو گۆڕەپانە وتیان 'سەرۆک ئەحمەد'. دەوڵەتی کۆماری تورکیا ناچارە دەوڵەتێکی دیموکراسی بێت. دیموکراسی واتا ڕێزگرتن لە فرەیی، ئەوە نییە چینێک لە چینێکی دیکە بە بەرزتر بزانیت، بەڵکوو دەبێت هەموو کەسێک کەڵک لە مافەکانی هاووڵاتیبوون وەربگرن. جا کاتێک ئێمە باس لەمانە دەکەین، بەڕێز باخچەلی زۆربەی کات ئەمەی وەکوو هەڕەشە بۆ سەر یەکێتیی تورکیا لێکدەدایەوە. جا من بۆیە کاتێک ئەوانەم لە باخچەلی بیست، زۆر دڵخۆش بووم. تەنانەت وتم، ئێوە شتەکتان کرد کە چاوەڕێ نەدەکرا. لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنیشدا ئەمەم گوت، بە ئامادەبوونی پەڕڵەمانتارانی پارتی ئاییندە و پارتی سەنەریت وامکرد چەپڵە بۆ باخچەلی لێبدرێت. خۆ باخچەلی ڕەخنەی زۆر قورسیشی لە من گرتووە. بەڵام وەرە بڵێ بۆچی؟ چونکە من کوردم و سوننیم. ئەگەر من مافەکانی کورد بپارێزم، ئەو کات دادپەروەرانە مامەڵەم لەگەڵ کوردەکان کردووە. ئەگەر من مافی عەلەوییەکانیش بپارێزم، ئەو کات دەبمە دەوڵەت. جا ئێستا ئەمە زۆر گرنگە لەڕووی لادانی ئاستەنگی دەروونی. کاک شەوکەت من هەمیشە لەم پرۆسانەدا گرنگی بە باری دەروونی دەدەم. ئەگەر کەشێکی وەها بڕەخسێت کە ئاستەنگی دەروونی لادەدات، شتەکانی دیکە لە ڕێی پڕۆسەیەکی تەکنیکییەوە چارە دەبن. جا بۆیە گوتەکانی باخچەلی بە گرنگ دەزانم. دواتر من هەموو چوارشەممەیەک لە کۆبوونەوەی فراکسیۆندا ڕووی دەمم لە بەڕێز سەرۆککۆمار کرد و وتم؛ ئەگەر لەگەڵ باخچەلی لەسەر بابەتێک گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، فەرموون ئێوە سەرۆککۆمارن و دەوڵەت بەڕێوەدەبەن. ڕاستە باخچەلی دەستپێشخەرییەک دەکات، بەڵام ئەوەی دەیخاتە واری جێبەجێکردن، ئێوەن. کەوایە پلانەکەتان بخەنەڕوو و بڵێن ئەمە و ئەوە دەکەین، هەروەها بڵێن پڕۆسەکە بەمجۆرە دەبێت، بەڵام ئەگەر بۆچوونی جیا لەنێوانتان هەیە، ئەوە لەنێوان خۆتاندا چارەسەری بکەن، هەمووان لە چاوەڕوانیدا مەهێڵنەوە. لە کاتێکدا ئاستەکە هێندە بەرزبووەتەوە، با نزم نەبێتەوە. بەداخەوە بە هەمان شێوە و هەمان پشتیوانی لەلایەن بەڕێز سەرۆککۆمارەوە نەهات. ڕاستە پشتگیریی کرد، بەڵام چاوەڕوانیی من ئەوە بوو لە وتارێکی نیشتمانیدا باس لەمانە بکات. لە پڕۆسەی چارەسەریی 2013 منیش چوومە ئامەد و قسەم کرد، لە زانکۆی دیجلە کۆنفرانسم پێشکەش کرد. بەڕێز ئەردۆغانیش قسەی کرد. ئێستا لەڕووی کەشی پڕۆسەکەوە هەلومەرجی باش هەن. بۆچی؟ لەلایەک تورکە نەتەوەییەکان؛ خودی باخچەلی ڕوونکردنەوەی گرنگی خستووەتەڕوو. لە لایەکی دیکەوە لایەنی بەرانبەر هەیە کە دەبێت بکەوێتەخۆ. بەڕاستی لەمەودوا ئەرک دەکەوێتە سەر شانی ئەو پارت، پێکهاتە و ڕۆشنبیرانەی کە دەڵێن داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی کوردمان دەکەن، ئەوان دەبێت ئەم زەمینەیە بڕەخسێنن. لەو کاتەی پڕۆسەی چارەسەری دەستی پێ کرد من وەزیری دەرەوە بووم، بەدڵسۆزییەوە پشتگیریم لێ کرد، بەڵام بۆ سەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە، دەبێت هەمووان خاوەنداری بکەن. هەروەها نابێت شیرازەی شەقام تێکبچێت. واتا ئەگەر کردەی تیرۆر، تووندوتیژی و لێدانی خەندەق و ئەو کارانە کران کە ژیانی خەڵک سەخت دەکەن، نابێت. پڕۆسەی چارەسەری لەبەر ئەوانە بوو سەرینەگرت. پێویستە پەند لە تەواوی ئەمانە وەربگیرێت. ئەگەر پەند لە هەموو ئەمانە وەربگیرێت، من لەو بڕوایەدام کە دەگەینە شوێنی زۆر ئەرێنی. من هەمیشە بە ئەرێنی و گەشبینییەوە لە بابەتەکەم ڕووانیوە. جا بۆیە لەم ڕوونکردنەوەیەی باخچەلییەوە سەیری قۆناخی دواتر بکەین. هەروەها ئەرک هەیە کە دەکەوێتە سەر دەم (پارتی). ئەو ڕوونکردنەوەیەی دەم بڵاویکردووەتەوە، بە ڕاشکاوی بیڵێم، بەرانبەر ئەو ڕوونکردەوەیەی باخچەلی لاوازە، چونکە لەوێدا ئایدۆلۆژیای ڕەوانبێژییەکی چەپ بەکارهێنراوە. دەبوو زیاتر ڕاستەوخۆ خاوەنداریی پرسەکە بکەن. ئەگەر بەڕێز سەرۆککۆمار ئەمە بکاتە سیاسەتێکی دەوڵەت، دەم و تەواوی ئاکتۆرە پەیوەندیدارەکان؛ ئەدیرنە و سیلیڤری، ئیدی هەمووان ئەمە دەزانن! ئەدیرنە و ئیمراڵی بکەونە نێو بابەتەکە، لەوانەیە پڕۆسەیەکی جوان لە تورکیا دەستپێبکات.
ڕووداو: ئێمە هەڵوێستەکانی پێشووی بەڕێز باخچەلیش لە نزیکەوە دەزانین. پێشتر دەستەواژەی سەرۆکی بە ڕەخنەی تووندەوە کردە ڕۆژەڤ، بەڵام ئێستا هەژەند (سوپرایز)ی کرد. ئایا هۆکاری ئەم هەنگاوە چییە؟ جگە لەوەش ڕاڤەی ئێوە لەسەر ئەوە چییە کە ڕوونکردنەوەیەکی وەها گرنگ لەلایەن سەرۆککۆمار بەڕێز ئەردۆغانەوە ناکرێت و بەڕێز باخچەلی ڕایدەگەیێنێت؟
ئەحمەد داودئۆغڵو: بەڕێز باخچەلی، لەم قۆناخە هەستیارەدا و سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی لەو بابەتەدا ڕوون بووە، تەوقەکردن و سڵاوکردنی لە پەڕڵەمانتارانی دەم پارتی، دەکرێت بە نمایشێکی جوان لە قەڵەم بدرێت، بەڵام ئێستا ئەمە لە نمایش دەرچوو. سێ هەفتەیە دەڵێت لە پشت گوتەکانی خۆمم. باشە کەواتە دەبێت ئەوەی پێویستە بیکەن. لەڕاستیدا ئەگەر لەم بابەتە هەر پرسیارێک ئاڕاستەم بکرێت و داوای پشتیوانی بکرێت، من ڕاستەوخۆ پشتیوانی دەکەم. ئەم خەڵکە تاڵیی زۆری چەشت. من هەرگیز ئارەزوو ناکەم تورکیا بچێتە نێو ئەو کەشی پێکدادانە نەژادی و مەزهەبییەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. لە پێناوی پێشگرتنیش لەمە ئەوەی پێویست بێت دەیکەم. لە کاتی خۆیدا پەنا بەخوا دێمە باکووری ئێراق. لەو کاتەی من چوومە نێو سیاسەت، شوێنێکی تایبەت لە هەولێر هەیە، نازانم دەزانن یان نا؟ لە کۆتاییەکانی 2007 قۆناخی گشتپرسیی کەرکووک هەبوو. لەوێ گفتوگۆکان بە جۆرێک هەڵکشان! جا لەو کاتەدا سەربازانی ئێمە لە باکووری ئێراق ئۆپەراسیۆنیان کرد. پێشمەرگە کە لەگەڵ سەربازانی ئێمە شانبەشان بوون، بەڵام کاتێک ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە، من سەردانی بەغدام کرد. مانگی شوبات بوو. ئەگەر ئەو ڕووداوانە ڕوویان نەدایە، کانوونی دووەم من دەستم دەکێشایەوە، جا شوبات چوومە بەغدا. لەگەڵ خوالێخۆشبوو تاڵەبانی نانێکی خۆشمان خوارد. ساغ بێت، زۆر باش خواردنی پێشکەش دەکرد. دواتریش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە هەولێرەوە هات. منیش پێموتن؛ با تەواوی ئەم کێشانە لەنێوان خۆماندا چارەسەر بکەین، چونکە ئەو کاتە لە تورکیادا چەند جینێکی تێکدەر، تەنانەت بە پێویستیان زانی سەربازانی تورک هەولێر بۆردوومان بکەن. بیرتان دێت، با ئێستا ناوی ڕۆژنامە نەهێنم. گەورەترین ڕۆژنامەکان مانشێتی 'با هەولێر بۆردوومان بکەین'یان بڵاوکردەوە. من لە ئەرکدام و ڕاستە ئێمە دەڵێین بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵام هەولێر شارێکە میراتی هەموومانە. شتی وەها دەبێت؟ جا لەوێ لەگەڵ بەڕێز تاڵەبانی و دواتریش لەگەڵ کاک مەسعوود؛ کاک مەسعوود و مام جەلال! دواتریش لەگەڵ کاک نێچیرڤان کۆبووینەوە. چارەسەری ئەو گرژییەمان کرد. سەربازانی ئێمە کشانەوە. دواتریش دوای 15-20 ڕۆژ، مانگی ئادار بوو بەڕێز تاڵەبانی وەکوو سەرۆککۆمار هاتە تورکیا. ئەو ساڵە لەگەڵ ئێراق 48 ڕێککەوتننامەمان واژۆ کرد. بەشی گرنگی ئەو ڕێککەوتنانەش لەبارەی هەرێمی کوردی بوو. ئێستا بۆچی باسی ئەمە دەکەم؟ دەمەوێ بڵێم، ئەرکەکەی من بەو هۆکارە درێژبووەوە. ئەوەبوو لە مانگی ئادار سکاڵای داخستنی ئاکپارتی تۆمارکرا. ئەو کات من وتم، کەوایە ئەرکەکەم جێناهیڵم، چونکە داخستنی ئاکپارتی دیموکراسییانە نییە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم، ئێمە نەک تەنیا کە تورکیا، بەڵکوو پێویستە پشتێنەی ئاشتی لە دەوروبەریشماندا درووست بکەین. لێرەدا ئەرک دەکەوێتە سەر بەڕێز ئەردۆغان. ئێستا لەنێوان من و بەڕێز ئەردۆغاندا جیاوازیی بۆچوون هەیە. هۆکارەکەشی لە هەمووان ڕوونە. یاسای ڕەوشتی سیاسی و زۆر بابەتی دیکە. بەڵام پێشنیازم بۆ ئەو وەکوو هاوڕێی دێرینی و هاوکاری کە بەیەکەوە کارمان کردووە، پێشنیازەکەم ئەوەیە کە بەردەوام گوتوومە، ئەو بابەتە بکاتە پلانێک و بۆ خەڵک بڵاوی بکاتەوە. دوای ئەوەی وازم لە پۆستی سەرۆکوەزیران هێنا، یەکێک لەو بابەتانەی زۆر دڵگرانی کردم ئەوە بوو. لە کاتی گشتپرسیدا ئەو گرژییانەی ڕوویاندا، ئەو کاتیش بە بەڕێز سەرۆککۆمارم وت کە ئەو بابەتە لە ڕێی دیالۆگی ڕووبەڕوو چارەسەر بکرێت. بەکورتی ئێستا دەرفەتێکی گرنگ هاتووەتە پێشەوە. ئەگەر سێ کەس لە سێ خاڵی دەرەوە بکەونە جووڵە بەرەو یەکدی، ئەوانەی ژوورەوە ئاسانتر جووڵە دەکەن. واتا بە هەر جۆرێک بێت، کاتێک نەتەوەییە تورکەکان و نەتەوەییە کوردەکان پشێوییان لەنێواندا درووست بوو، ئەوانەی ناوەند دەکەونە ژێر گوشار، بەڵام ئەگەر ئەوان نەرمی بنوێنن، ئەوانەی ناوەند باشتر دەتوانن چارەسەر بدۆزنەوە. بەڕێز باخچەلی لەم کەنارە بوو، هاتنی بەرەو ناوەند دڵخۆشکەرە. باسی ئەنجام ناکەم، دەڵێم هیوادارم ئەنجامی باش بێت و هیوامان هەیە.
ڕووداو: دوای ڕوونکردنەوەکانی سەرۆکی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی، کۆمێنتی زۆر جیاواز و سەرنجڕاکێش دران. یەکێک لەو کۆمێنتانە ئەوەیە کە باس لە درووستبوونی ناکۆکی و جیاوازیی بۆچوون لە هاوپەیمانیی جمهوور دەکات. ئایا ئێوە پێتانوایە بەڕێز باخچەلی بەر لە ڕوونکردنەوەکەی، ئەو بابەتەی لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان باس کردبێت؟ ئایا ئەم بابەتە سیاسەتی هاوبەشی نێو هاوپەیمانیی جمهوورە؟ یانیش بەڕێز دەوڵەت باخچەلی هەوڵێکی تاکەکەسیی خۆی داوە؟
ئەحمەد داودئۆغڵو: لەو باوەڕەدا نیم بەڕێز باخچەلی ئەم هەوڵەی بە شێوەیەکی تاکەکەسی دابێت. ئەوە ماوەی سێ هەفتەیە بەڕێز باخچەلی دەیڵێت و بووەتە جۆرێک لە پێداگری، بەڵام لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان تا چەند کۆکن، من دڵنیا نیم، چونکە ئەوەی لە بەڕێز ئەردۆغان چاوەڕێم دەکرد، پاڵپشتیی تووند بوو، بابەتەکە دەرکەوتنی ئۆجەلان نییە لە پەڕڵەمان، لەڕاستیدا ئەمە شتێکی سیمبوولییە و دەبێتە هۆی درووستبوونی گرژیش. بابەتەکە گۆڕانی کەشە. بابەتەکە قسەکردنە لەسەر ئەم بابەتانە. بەڵێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ هەموو وڵاتێک مەترسی هەیە، بەڵام بۆ تورکیا، من بە متمانە بەخۆبوونەوە دەڵێم، تورکیا وڵاتێک نییە دابەش بکرێت. کێ دابەشی دەکات. تورکە نەتەوەییەکان وا دەڵێن، کە منیش تورکم. باشە ئەوان وا دەڵێن، بەڵام کێ و چۆن دابەشی دەکەن؟ تورکیا لە وڵاتانی دیکە ناچێت. چۆن بە وڵاتانی دیکە ناچێت، جا من کە ئەمەم گوت، بەڕێز باخچەلی تووڕە بوو، بەڵام ئێستا دەزانێت بە چ مەبەستێک ئەمەم گوتووە. من وتم ئەگەر شارێک هەبێت زۆرترین کوردی لێ بژی، نە هەولێر، نە ئامەدە، بەڵکوو ئیستەنبووڵە. ئێستا ئەو شارەی لە جیهاندا زۆرترین کوردی لێ دەژی و زۆرترین ناسنامەی کوردی لێیە، ئیستەنبووڵە. کەوایە کێ و چۆن دابەشی دەکات؟ پێویستە متمانەمان بەخۆمان هەبێت. ئەو دەوڵەتەی متمانەی بەخۆیەتی، لە زمان ناترسێت. ئەو دەوڵەتەی متمانەی بەخۆیەتی لە ناسنامەی جیاواز ناترسێت. لە تورکیادا کەمایەتییەکان هەن؛ ئەرمەنەکان هەن و ناموسڵمانەکان هەن. هیچ کات بە پێدانی ماف بەوانە، تورکیا دابەش نابێت. ئەوە شتەی تورکیا دابەش دەکات، لەخۆنەگرتنە. هەمیشە داکۆکیم لەمە کردووە. ئەگەر بەمجۆرە سەیری ڕووداوەکانمان کرد، لایەنی بەرانبەریش بە هەمان شێوە زمانەکەی تۆ دەگرێتە خۆی. لە تورکیادا هێشتا کەسانێک بە تووندوتیژی و تیرۆر، هەروەها وای نیشاندەدەن گوایە داکۆکی لە مافی کورد دەکەن، خەندەق لە شارەکان لێدەدەن و ژیانی هاووڵاتییانی کورد تێکدەدەن. لە ئامەد دەبنە هۆکاری گیانلەدەستدانی گەنجانی وەکوو یاسین بۆروک. ئێستا هەمان شت لە باکووری ئێراق زۆر جار ڕوویدا. داخڵبوونی مەسعوود بارزانی بۆ هەولێر بە پشتیوانی سەربازی تورک لە دژی تیرۆر بوو. هیچ شتێک بە تووندوتیژی چارەسەر نابێت. لێرەدا پێویستە ئەو بانگەوازەی بەڕێز باخچەلی لەلایەن ئەردۆغانەوە خاوەنداری بکرێت. لەولاشەوە بە دەم پارتییەوە، جا قەندیل، سیلیڤری و ئیمراڵی، ئیدی کێ هەیە، نابێت ئەم دەرفەتە لەکیس خۆیان بدەن. ئەمە دەرفەتێکە نابێت لەدەست بدرێت. سەیرکەن ئەگەر من ئەمە بڵێم، بە ئاسایی وەریدەگرن، بەڵام ئەگەر باخچەلی بیڵێت، کەوایە کارەکەی ئێمە ئاسان دەکات. بۆچی ئێمە سەرنج بدەینە مەبەستەکەی و بڵێین ئایا بە چ مەبەستێک ئەمەی گوتووە؟ پەنا بەخوا مەبەستەکەی خێردارە، خۆ نیازەکەی خراپ نییە، بەڵام با وای دابنێین خراپە، من سەرنج دەدەمە ئەنجامەکەی. ئایا لە ئەنجامدا برایەتیمان تۆکمە و ئاشتەواییمان زیاد دەکات؟ ئەوەتا من زۆرترین جار بەرەنگاریی باخچەلی بوومەتەوە، چیی بە من وت ئەو؟ سیاسەت بە تووڕەیی ناکرێت، ئەوە لە ڕابردوو مایەوە. جا من لەو باوەڕەدا نیم ئەو بە تاک ئەم کارەی کردبێت. ناچارم ئەو ڕاستییەس بڵێم کە نابێت ئەو لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان کۆک بێت. ئەگەر کۆک بووایە بەڕێز ئەردۆغان دەبوو بە شێوەیەکی باشتر لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا داکۆکیی بکردبا. هیوادارم ناکۆکییەکانیان نەهیڵن و کۆک بن. ئێمە پشتیوانی دەکەین و هەرگیز ئاستەنگ نابین.
ڕووداو: وەک دەزانن لە تورکیادا ئەزموونێکی پڕۆسەی چارەسەری هەیە. بەڵام ئەو پڕۆسەیە سەرکەوتوو نەبوو. هێشتا پرسیار لەوە دەکرێت کە ئایا بۆچی سەرکەوتوو نەبوو؟ کێ مێزەکەی سەروژێر کرد؟ لەولاشەوە هەروەک دەزانن لەگەڵ لەبارچوونی پڕۆسەکە قۆناخێکی خوێناوی هاتە پێشەوە و خەندەق لێدرا. ئایا ئێوە هەست بە بەرپرسیارییەتییەک لەو سەردەمە دەکەن؟ هەروەها بۆچوونتان لەبارەی بەرپرسیارییەتیی بورۆکراتی سیاسی و سەربازی چییە؟
ئەحمەد داودئۆغڵو: سەرەتا دەمەوێ بڵێم من شەفافانە قسەدەکەم، چونکە قسەکردن بە پەردەپۆشییەوە هیچ واتایەکی نییە. پێویستە هەمووان وانە وەربگرن. پڕۆسەی چارەسەری چۆن دەستی پێ کرد؟ نەورۆزی 2013 دەستی پێ کرد. ئامادەکاریی پڕۆسەکە دوورودرێژە با نەچمە ناوییەوە، منیشی تێدا بوو. هاکان فیدان کە ئێستا وەزیری دەرەوەیە و ئەو کات ڕاوێژکاری میت بوو، ئەردۆغان بەڕێوەی دەبرد. بەڕێز عەبدوڵڵا گول وەک سەرۆککۆمار خاوەنداریی دەکرد، هەموومان خاوەنداریمان دەکرد. لۆژیکی پڕۆسەکە ئەوەبوو، لە تورکیادا مافی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کوردان بێ کردنەوەی هیچ مامەڵەیەک، بۆ نموونە من کاتێک ماف بە هاووڵاتییەک دەدەم، بە ڕاستی نازانم ئەمە بکەمە مامەڵە لەگەڵیدا. بۆ نموونە زمانی کوردی بابەتی مامەڵە نییە، لە پرۆگرامی پارتەکەشماندا هەیە. زمانی کوردی لە خوێندن و هەموو شوێنیکدا دەکرێت بەکاربێت. واتا ئەمە ئەوە نییە بڵێیت ئازادیم بە زمانی کوردی دا. لە بنەڕەتدا ئازادە. لە پڕۆسەی چارەسەریدا بڕیاری دوولایەن لەسەر ئەوە هەبوو کە چەکدارانی پەکەکە مانگی حوزەیران چەک دابنێن. هەردوولا لەسەر ئەمە ڕێککەوتن، بەڵام لەو کاتەدا چەند ڕووداوێک سەری لە ڕێکخراوی تیرۆرستی تێکدا، یەکەمیان ڕووداوەکانی گەزی بوو. لەگەڵ ڕووداوەکانی گەزی ئەوەبوو وتیان، باشە ئێمە لەگەڵ حکومەت ڕێککەوتین، بەڵام ئایا بابەتەکە بەرەو کوێ دەچێت؟ گومانیان هەبوو. دووەمیان ئەوەبوو لەو کاتەدا داعش پەیدا بوو. ساڵی 2013، من لەبارەی ئەوساڵە پەرتووکێکی تازەم نووسیوە بەناوی بوومەلەرزەی سیستماتیک. ساڵی 2013 ساڵی گۆڕانکاری بوو لە ناوچەکەدا. لە دوایەوە کودەتای میسر ڕوویدا. هەروەها بەدوایەوە لە سووریا چەکی کیمیایی بەکارهێندرا. لە ناوچەکەدا لەبری دیموکراسی، تیرۆر و ئۆتۆکراسی هاتەپێشەوە. لە سووریاش زۆر شت ڕوویاندا. ڕووداوی سێیەم، ڕووداوەکانی 17-25 کانوونی یەکەم بوو. کاتێک لەنێوخۆی وڵاتەوە جووڵەیەکی هاوشێوەی کودەتا لە دژی ئەردۆغان کرا، پەکەکە، یانیش با بڵێم لایەنی بەرانبەری پڕۆسەکە، هێزە چەکدارەکانی نەکشاندەوە و لەسەر قسەی خۆیان نەوەستان. ئەو کاتەش لە هاوینی 2013 لە کەجەکە چەند گۆڕانکارییەک لە ئەرکەکان ڕوویدا، با نەچمە وردەکارییەوە. ئەوەی باڵتەی لە پڕۆسەی چارەسەری وەشاند و متمانەی لەرزاند ئەوەبوو ئەو هێزە چەکدارانەی دەبوو حوزەیرانی 2013 لە تورکیا دەربچن، دەرنەچوون. ئەمە گومانێکی لای دەوڵەت درووستکرد و وتیان، باشە کەواتە ئەمانە بە مەبەستێک ئەو کارە ناکەن. ئەگەر نیازیان باش بووایە لەسەر قسەی خۆیان دەبوون. لایەنی بەرانبەریش دەیوت، ئاخۆ دەبێت حکومەت تا چەند تۆکمە بێت؟ ڕووداوەکانی گەزی و ڕووداوەکانی 17-25ی کانوونی یەکەم. لە کاتێکدا حکومەت تۆکمە بوو، ئەوانەش قسەیان لەگەڵ ئەردۆغان، داودئۆغڵو و گول بوون. باشە ئێمە لێرەین. ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان دابوو، نەیانگەیاندە سەر. وتیان واز لە خەباتی چەکداری دەهێنن. ئێستاش لە هەمان شوێندان، سەیرکەن باخچەلی هەمان بانگەواز دەکات و دەڵێن چەکەکانتان دابنێن. ئەگەر ئەو هاوینە ئەمە بکرابا، پڕۆسەی چارەسەری بە سەرکەوتن دەگەیشت. یەکەمیان ئەوان کەوتنە وەهمێکی وەها کە لە تورکیادا هەکانێک هەیە و ئاخۆ تورکیا چی بەسەر دێت؟ دووەمیان، لە دوای پێشهاتەکانی سووریا، من لە کاتی ڕووداوەکانی کۆبانێ تازە پۆستی سەرۆکوەزیرانم وەرگرتبوو. چەند وتاریکم بە 'سڵاو بۆ برایانی کۆبانێم' دەستپێکرد. پێشمەرگەمان لە سنووری تورکیا وەرگرت و ناردمانن بۆ کۆبانێ. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان چوونە دۆخێکەوە کە هاوشێوەی سووریا، تورکیاشیان کردە کانتۆن کانتۆن. ئەمەش لەلایەن دەوڵەتەوە وەکوو هەڕەشەی بینرا. لەو نێوەندەدا لەنێو بیورۆکراتیی سەربازیدا جەماعەتی گولەنییەکانیش هەن.
من کاتێک لە ئەرکی سەرۆکوەزیراندا بووم بەردەوام ئەمەم گوتووە. ئێستاش هەمان شت دەڵێم. پڕۆسەی وەها لەسەر دوو بنەما دادەمەزرێندرێت. یەکەمیان دیموکراسیی بێ سازش و بی کەموکووڕی. ئێمە لە بابەتی دیموکراسیی تەواوەتیدا دەستمان بە کارەکان کردبوو و دەشمانکرد. دووەمیان متمانەی شەقامە. کاک شەوکەت کاتێک بوومە سەرۆکوەزیران سەیرێکم کرد، چونکە لەو کاتەی وەزیری دەرەوە بووم هەستم پێ نەکرد، دەبینین لە شارەکاندا خەندەق لێدراوە. باشە ئەمە بۆ دەکەیت و مەبەستت چییە؟ بەربەستی ئاسن درووستکرابوو. ناوی هاوشێوەی کانتۆن و ئەمانەیان لێنابوو. دەوڵەت ئەمە قبووڵ ناکات، جا ئەگەر ئەمە ببێتە وانە، نابێت متمانەی شەقام بخەیتە مەترسی. دەوڵەت چی دەکات لەو کاتەدا؟ هیچ کاتێک یاسا فەرامۆش ناکات. هاوشێوەی پێشوو تاوانی بکەر نادیار و ڕفاندنی خەڵک بۆ شاخ، ئەمانە ڕوونادەن. ڕێکخراو (پەکەکە) سەربەخۆ دادگە دادەمەزرێنێت. بازرگانە کوردەکان نامەیان بۆ من دەنووسی. ئایا ئێمە باج بە دەوڵەت بدەین یان ڕێکخراو؟ دەیانوت ئەوان باج کۆدەکەنەوە، بۆ نموونە لە یوکسەکئۆڤا لەو شوێنە، لە بەدلیس لەو شوێنە، شوێنی وەرگرتنی باج هەبوو. من وەکوو سەرۆکوەزیرانێکی ئەم وڵاتە، ڕاستە تورکم، بەڵام لە بەرگی سەرۆکوەزیراندا نە تورکم و نە کورد. من سەرۆکوەزیرانم. ئەرکی من پاراستنی ئاساییشی تەواوی هاووڵاتییانە. جا خەڵک لە کۆنیا و ئیزمیرەوە نەیدەزانی لەوێ چی ڕوودەدا، نیگەران دەبوو لە بیستنی هەواڵی شەهید، بەڵام نەیدەزانی لەوێ چ دەگوزەرێ، ئەوەی تاڵییەکە دەچێژێت، خەڵکی کوردە. ئەوان بەهۆی خەندەقەوە نەیاندەتوانی بڕۆنە قوتابخانە و نەخۆشخانە. سەرنجمدا ئێمە ماوەی ساڵێک وەکوو دەوڵەت ئاراممان گرت. ئەمەمان کرد بۆ ئەوەی پڕۆسەی چارەسەری لەبارنەچێت تا هەڵبژاردن. ئەوەی دوای هەڵبژاردن گورزی لە پڕۆسەکە دا، ڕێکخراو وا بیری دەکردەوە ئاکپارتی زۆر لاواز بووە، بانگەوازی خەباتی چەکداریی کرد. ئەوەبوو 23ی تەممووز دوو پۆلیسیان لە کاتی خەودا کوشت. زۆر باش بیرمە. ڕاوێژکاری هەواڵگری پێی وتم دوو پۆلیسمان شەهید بووە، منیش وتم دەکرێت کارێکی تێکدەرانە بێت و سەیرکەن بزانن کێ ئەمەی کردووە. دواتریش هەواڵم پێ بدەن، وتم با دووبارە ڕووبەڕووی پشێوییەکی زۆر نەبینەوە. تا کاژێر 8-9 ڕێکخراو خۆی وتی ئێمە کردمان، هێشتا نەمان گوتبوو ڕێکخراوی تیرۆرستی ئەم کارەی کردووە. ئەگەر ڕێکخراو ئەمەی نەگوتبا، ئێمە لە لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبووین. ئەگەر ڕێکخراویکی بیانی بووایە دمانوت مەبەست لێی درووستکردنی پشێوییە، بەڵام کاتێک ڕێکخراو خۆی دەڵێت ئێمە کردوومانە، دەوڵەت دەبێت بەرەنگاری ببێتەوە، بەڵام ئێوە بابەتەکە یەکلایەنە مەبینن. لای دەوڵەتیش، سازشکردن لە متمانەی شەقام هەڵەی گەورە کرا. لەولا ڕاستە پڕۆسەی چارەسەری بەردەوامە، بەڵام بۆ نموونە لە بەدلیس چەند کیلۆمەترێک لە دووری پارێزگا، نەدەبوو ڕێگە بدرێت کە ئەوان دادگەیی درووست بکەن. بەشێک لەنێو سەربازیشدا لە ئەندامانی گولەنییەکان بوون، دەیانویست ئەو پێکدادانە گەورەتر بێت، لە تورکیادا پشێوییەکی نێوخۆ درووستببێت و ئەوانیش کودەتا بکەن. من بەرەنگاری تەواوی ئەمانە بوومەوە و هەمووان دەزانن. من نە لە بابەتی متمانەی شەقام، نە لە بابەتی پاراستنی مافی هاووڵاتییانی کوردمان سازشم نەکرد و ڕێگەم نەدا. هەر هەواڵێک هات ڕاستەوخۆ چاودێریم کرد و بەدوایدا چووم. لە جزیر لە ئامەد لە زۆر شوێن. هەوڵمدا بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتیمان زەوت نەکرێت. بەردەوام ئەمانە ڕوویان دەدا. ئێستا پێویستە پەند لەمانە وەربگرین. نابێت دەوڵەت ئەمە بکاتە کەرەستەی مامەڵەکاریی خۆت، دەوڵەت دەبێت هەڵوێستی ڕوون بێت و بڵێت، هاووڵاتییان تورک چۆن مافێکیان هەیە، هاووڵاتییانی کوردیش هەمان مافیان هەیە. ڕێکخراویش ئەگەر لە ڕێی سیاسەتەوە خەبات دەکات، ئەوا پێویستە بزانێت ئەو خەباتە بە چەک ناکرێت. دێنە پەڕڵەمان و هەموو شتێک قسەی لەسەر دەکرێت. وازبینن با لەوێ قسە بکەین.
ڕووداو: لە دوای هەڵبژاردنەکانی 7ی حوزەیران، ئێوە بۆ پێکهێنانی حکومەت دیداری سیاسیتان سازکرد. ئایا لەو کاتەدا هیچ دیداریکتان لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان هەبوو؟ هیچ داواکارییەکتان بۆ بەشداربوونیان لە حکومەت کرد؟ ئەگەر هەبووە، وەڵامی ئەوان چی بوو؟
ئەحمەد داودئۆغڵو: دیدارم لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان سازکرد. تەنانەت بە پارتەکەی خۆشمەوە کە هەمووان دژی ئەوە بوون، بۆ یەکەم جار سەرکردەیەکی سیاسی، سەرۆکوەزیرانێک، چووە بارەگای پارتی دیموکراتی گەلان. جا من وتم دێمە ئێرە وەکوو ڕێزێک بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەنگیان بە هەدەپە داوە، بەڵام هێندە بە بێ نەزاکەتی و بێڕێزی پێشوازییان لە من کرد، هەروەک دەزانن وتیان چای قاچاخی دەدەینێ و دەینێرینەوە. نابێت هیچ کەسێک لەو جۆرە پرۆسانە لەخۆی دەربچێت. ناشبێت هیچ کەسێک لایەنی بەرانبەر بخاتە دۆخێکی سەخت. من لە ژیانی سیاسیمدا ڕیسک دەگرمە بەر، چونکە تا ئێستا هیچ سەرکردەیەکی سیاسەی سەردانی هەدەپەی نەکردووە. ئەمە دەکەم، چونکە من جیاکاری لەنێوان پارتەکان ناکەم، کاتێک دیداریان لەگەڵدا دەکەم، جەهەپە و مەهەپە و هەدەپەم بە یەک چاو بینی. هەموویان دەنگی خەڵکیان بەدەستهێناوە. من ئەمە دەکەم، بەڵام ئەوان زۆر بە بێ نەزاکەتییەوە پێشوازییان کرد. ڕۆژی 15ی تەممووزی 2015 ئەو دیدارەمان سازکرد. سەڵاحەدین دەمیرتاش، سڕی سوورەییا ئۆندەر، خاتوو فیگەن یوکسەکداخ لەوێ بوون. پێموتن، بەهۆی هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانەوە لەخۆدەرچوونێک دەبینم. وتم متمانە بەخۆبوونێکی زیاد دەبینم، هەروەها پێتانوایە حکومەت پێکنایەت. وتم من وەکوو سەرۆکوەزیران ڕێگەنادەم ئەو خەڵکە بکەوێتە نێو پشێوییەوە، جا ئاگادار بن. پێموتن ئەگەر بەو متمانەبەخۆبوون و خۆبەزلزانییەتان شتێکی هەڵە بکەن، سەیری ئەوە مەکەن من سەرۆکوەزیرانێکم دەنگی تەواوی متمانەم لە پەڕڵەمان نەهێناوە، بەڵام ئەوەی پێویست بێت دەیکەم. هەفتەیەک دواتر ڕۆژی 23ی تەممووز پۆلیسەکەمان شەهیدکرا. ئێستا ئەمانە هەمووی یادگاریی تاڵن، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەزموونن. یادگاریی تاڵ ئەزموونە و پێویستە ئەزموون بە باشی هەڵبسەنگێندرێت. جا ئەگەر پڕۆسەیەکی نوێ دەکەوێتە کار، پێویستە هەمووان بزانن کە هیچ کەسێک لە ڕێی تیرۆر و تووندوتیژییەوە ناگاتە هیچ کوێیەک. پرسی کورد لە تورکیا سێ پێچکەی هەیە. یەکێکیان بە دیموکراسی بوونی تورکیایە. بە دیموکراسی بوونی تورکیا پرسێکی تایبەت بە کورد نییە. ڕۆژی 28ی شوبات دیندارەکان ڕووبەڕووی کێشە ببوونەوە. ساڵانی 70کانیش چەپەکان دەیانچەشت... بە دیموکراسی بوون پرسێکی گشتیی تورکیایە، بە بەکارهێنانی زمانی کوردیشەوە، مافە دیموکراسییەکان، لە هەموو شوێنێکی تورکیادا لە ڕێی دیموکراسییەوە چارەسەر دەکرێت. یەکێک لە پێچکەکانی ئەمەیە. دووەمین پێچکەی کێشە تایبەتەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتە. بۆ نموونە دانانی قەییووم. دانانی قەییووم ئەگەرچی ئێستا گەیشتووەتە ئیستەنبووڵیش، بەڵام گەورەترین کێشەکانی ناوچەکەیە. بۆ نموونە ئێستا لە من بپرسیت لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ گەورەترین کێشە چییە؟ دەڵێم بێکاریی گەنجان و ماددەی هۆشبەر. سێیەمیش کوردانی ئەودیو سنوورن. برا کوردەکانمان لە ئێراق و سووریا. جا من هەردەم دەڵێم کوردانی سووریا هاوشێوەی تورکمانەکانی ئێمە هاوڕێشەن لەگەڵمان. کاتێک دەڵێن هاوڕێشە بە تورک لە قەڵەم دەدرێن. من وەکوو تورکمانێک وەکوو تورکێک دەڵێن، هاوڕێشە بوون بە تورکەوە سنووردار نییە. چۆن بۆسنییەکان هاوڕێشەی ئێمە کە هاوکارییان دەکەین، خۆ ئەوان تورکیش نین، کوردەکانیش هاوڕێشەی ئێمەن و هاو مێژووی ئێمەن. کوردانی سووریا و کوردانی ئێراق بۆ ویژدان و بەزەیی هێزی وڵاتانی دیکە و هێزە دەرەکییەکان جیناهیڵین. بێگومان دەوڵەتی ئێراق و سووریا جیاوازن، چونکە ئەو کوردانە هاووڵاتیی ئەوێن. بەڵام تۆ بێیت و بڵێیت ئەمریکییەکان دێنە بن پاڵی ئێمە لە سووریا، ڕووسەکان دێن، وەک بڵێین کوردەکان لە تورکیا دەپارێزن، یانیش دێنە ئێراق و کوردەکان لە ئێمە دەپارێزن، لەو ناوچانەدا لە جەیلان پنار و ڕەئسولعەین چی دەکات و کێ لە کێ دەپارێزێت؟ ئێمە بەم تێگەیشتنەوە سەیری بابەتەکە دەکەین.
ڕووداو: کاتێک وەزیری دەرەوە بوون و کاتێکیش سەرۆکوەزیران بوون، لە دیدی تورکیاوە سووریا دۆسیەیەکی گرنگ بوو. ئێستا دوای هەڵبژاردنی ئەمریکا، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و ڕۆژاڤا لە ڕۆژەڤدایە. بەشێک لە شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن لەگەڵ ئەو کشانەوەیە تورکیا لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەر، لەگەڵ یەپەگە دەکرێت ڕێکبکەوێت. ئێوە چۆن لەمە دەڕوانن؟ ئایا ڕێککەوتنی تورکیا لەگەڵ یەپەگە، پەیەدە، لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەر دەبێتە جێی باس؟
ئەحمەد داودئۆغڵو: هەموو ئەمانە پەیوەندیدارن بەوەی ئەکتەرەکان چۆن هەڵوێست وەردەگرن. من با شتێکی پرەنسیپیت پێ بڵێم. نموونەی دوو برا هەیە؛ ئەگەر لە ئاشتیدا بن لەنێو ماڵێکدان، ئەگەر لە شەڕیشدا بن هەر لەوێن. بێگومان ئەگەر شەڕ نەکەن باشتر، بەڵام ناوبەناو دەمەقاڵێ دەبێت. ئەمە کاری کەسێک نییە کە دوورە لێیان. من لەگەڵ کوردێکی سووریا لە ڕێی ئەمریکاوە قسە ناکەم. ماوەیەک وتیان کوردەکان لە ناوچەکەدا هیچ دەوڵەتێکیان نییە، با دەوڵەتیان هەبێت. وتم کوردەکان دەوڵەتیان هەیە، کۆماری تورکیا دەوڵەتی تورک و کوردیشە. من ئەوە بە سووکایەتی دەزانم کە لە ڕێی ئەمریکا و ڕووسیاوە لەگەڵ کوردێکی ڕۆژاڤا قسەبکرێت. بۆ نموونە کوردیکی هەولێر..! ئاخر بۆیە ئێمە لەگەڵ مەسعوود بارزانی، هەر ساغ بێت هەموو کاتێک بە ڕووێکی پێکەنینەوە کۆبووینەتەوە، وەکوو کۆبوونەوەی ماڵباتی بووە. هیچ کاتێک وەکوو دوو لایەن دانووستاندنمان نەکردووە. واتا وەکوو دوو لایەن کۆبوونەوەمان نەدەکرد. بۆ نموونە گەورەترین کێشەی تورکیا و هەرێمی کوردستان ئاڵای هەرێمی کوردستان بوو و لە تورکیا لە ئەنقەرە دانەندەنرا، من دام نا. یەکەم جار وەکوو وەزارەتی دەرەوە داماننا. ئەو کاتە بەڕێز باخچەلی سووکایەتی کرد. وتم ئاڵای ئێراق هەیە، بەگوێرەی دەستووری ئێراق هەرێمێک لەو وڵاتەدا هەیە، ئەویش ئاڵای هەیە، ئێ ئاڵای تورکیش هەیە، چی تێدایە؟ نموونەم دا و هەر لەسەر ئەو بابەتە سەرۆکوەزیرانی ناخچیڤانم بانگ کرد. سەرۆکی حکومەتی ناخچیڤان هاتە ئەنقەرە. لەوێشدا ئاڵای ئازەربایجان، ئاڵای ناخچیڤان و ئاڵای تورکیا هەیە. وتم باشە چ جیاوازیی هەیە؟ بەشار ئەسەد ئەگەر لەگەڵ خەڵکی خۆیدا شەڕی نەکردبا، لەوێدا کۆمەڵکوژیی گەورە نەکرابا، چەکی کیمیایی بەکارنەهێندرابا، ڕۆژی 6ی نیسانی 2011 لە سووریا لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆبوومەوە. ئەو کات تازە ڕووداوەکان دەهات بڵێسە بسەنن، یەکێک لە داواکارییەکانم، هەتا با نەشڵێم داواکاری! وتم ئەگەر ئەمانە بکەن زۆر باش دەبێت کە یەکێک لەو خاڵانە پێدانی وڵاتینامە بوو بە کوردان. ئەو وڵاتینامە بە کوردان نادات و کورد وڵاتینامەی نییە. حوکمڕانییەکی وەها تووشی کێشە دەبێتەوە. ئەگەر لەمن بپرسن دەڵێم، پێویستە هەموو کەسێک لەگەڵ هەمووان قسە بکات. من ناڵێم نابێت لەگەڵ سووریا قسەبکرێت. بەتایبەتیی دوای ڕووداوەکانی غەززە و سیاسەتی پەلهاوێژیی ئیسرائیل، پێویستە هەمووان لەگەڵ هەموواندا قسە بکەن. بۆ ئەوەی ئێمەش لەو ئاستەنگە ڕزگارمان بێت و هیچ کەس ئەوەی دیکە نەخاتە دەرەوەی بازنە.
ڕووداو: بابەتێکی دیکە هەیە کە ڕۆژەڤی تورکیای سەرقاڵکردووە، ئەویش بابەتی دەستووری نوێیە. لەگەڵ هەر کردنەوەیەکی پەڕڵەماندا ئەم بابەتە دەبێتە ڕۆژەڤ و جا ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەسەر چوار یەکەمین مادە و مادەی 66 دەکرێت کە تایبەتە بە هاووڵاتیبوون. جا ئەو گفتوگۆیانەش بێ ئەنجام دەمێننەوە. لە قۆناخی تازەدا ئێوە لەو باوەڕەدان دەستوورێکی نوێ بێتە ئاراوە؟
ئەحمەد داودئۆغڵو: من لە ژیانی ئەکادیمی و سیاسیمدا بەردەوام دژایەتیی دەستووری 12ی ئەیلوولم کرد. چونکە دەستووری 12ی ئەیلوول، دەستووری زۆرەملێ و کودەتایە، بۆ بابەتی مافە بنەڕەتییەکان بەس نییە. دواتریش زۆر گۆڕانکاری کران و بە ڕادەیەکی دیار بە دیموکراسی کرا. بێگومان بە ڕادەیەکی دیاریکراو، بەڵام سیستمی حوکمڕانیی سەرۆکایەتیی کۆمار ئەو دەستوورەی زیاتر بەرەو خراپی و تێکشکان برد. جا من بە تووندی لە دژی سیستمی حوکمڕانیی سەرۆکایەتیی کۆمارم، لەو باوەڕەدا نیم سیستمێکی دیموکراسی بێت. هەرگیز لەگەڵ سیستمی سەرۆکایەتیدا نیم. لەوێدا هاوسەنگیی نێوان یاسادانان و جێبەجێ کردن پارێزراو نییە. هەروەها میکانیزمی کۆنترۆڵکردنی بەڵانس نییە. ئێمە پێویستمان بە دەستوورێکی نوێ هەیە. بەڵام ئەگەر ئەم دەستوورە تازەیە ئەوە بێت کە دەسەڵاتی ئێستا بیهێنێت و بڵێت، جگە لە سیستمی سەرۆکایەتی قسە لەسەر شتەکانی دیکە بکەن، ئەوە نابێتە دەستووری نوێ. گفتوگۆی چوار یەکەمین مادەی دەستووریش. من بە سیمبوڵی دەیبینم نەوەک ڕاستەقینە، چونکە هیچ هاووڵاتییەکی تورک بەوە ناڕەحەت نابێت کە ئەنقەرە پایتەخت بێت و مارشی ئیستقلالیش مارشی نیشتمانی بێت، چ کورد چ تورک، بەمە ناڕەحەت نین، بەڵام ئەمەیان بردووەتە جەمسەرێکی ئایدۆلۆژیی وەها، ئاستەنگ بۆ ئەوە درووست دەکەن کە دەست بۆ مادەکانی دیکەی دەستووریش ببرێت. لە کاتێکدا ئێمە پێویستمان بە دەستوورێکی سادەی وەهایە کە مافی 85 ملیۆن هاووڵاتی بپارێزێت.
ڕووداو: بەم نزیکانە سەردانێکتان بۆ دهۆک و هەولێر دەبێت. لەم نێوەندەدا چۆن هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا دەکەیت، بەتایبەتیی بەراورد بە جاران؟ جگە لەمەش دەزانن هەولێر شارێکی مێژوویی و گەشتیارییە، زیاتر دەتانەوێت بڕۆنە کام شوێن؟ هەروەها لە دەتانەوێت زیاتر تامی کام خواردن لە ناندینی هەولێر بکەن؟
ئەحمەد داودئۆغڵو: بێگومان تەواوی وردەکاریی پەیوەندییەکانی ئێستا نازانم، نامەوێت نادادی بکەم، بەڵام ئەوە نیگەرانم دەکات کە ئەو گەرموگوڕییەی جاران نابینم. جاران، مەبەستم کاتی خۆمانە. چ کاک نێچیرڤان، چ کاک مەسعوود، ساڵانە چوار بۆ پێنج جار هەمووان هاتوچۆیان دەکرد. بێگومان دوای گشتپرسییەکە لە ساڵانی 2017-2018 بەدواوە سەردانییەکان کەمتر بوونەوە. پەنابەخوا من هیواداریشم زۆر باشتر بێت. من ناڵیم بۆ باشبوونی ئەو پەیوەندییە تەنیا دەبێت ئێمە لەوێ بین. هەر بۆیە ئەرک دەکەوێتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیاش. کاتێک دەڕۆمە ئەوێ شتەکان دەبینم و هیوادارم بتوانم لەگەڵ هەمووان دیدار بکەم. لەگەڵ کاک مەسعوود، کاک نێچیرڤان و کاک مەسروور، لەگەڵ هەموویاندا ئاشنایەتیمان هەیە. هەروەها لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی، لەگەڵ هەموویاندا مافی ڕابردوومان بەسەر یەکەوە هەیە. کە ڕۆیشتمە ئەوێ لە نزیکەوە دۆخەکە دەبینم، بەڵام مێژوو و جوگرافیا زۆرمان لەسەر دەکات بۆ بوونیاتنانی پەیوەندیی باش. لەم ناوچەیەدا یان دەبێت شەڕ بکەیت یان لە ئاشتیدا بیت. کاتێک شەڕ دەکەن، هیچ کەسێک بەسەر ئەوی دیکەدا سەرناکەوێت، هەمووان دەدۆڕێن، بەڵام کاتێک ئاشت دەبنەوە، هەموو کەسێک سوودمەند دەبێت. هەولێرم زۆر خۆشدەوێت، تەنانەت بە هاوژینەکەمم گوت؛ ئەم هیچ کات لەگەڵ من نەهاتووەتە هەولێر و باکووری ئێراق. بەداخەوە لەبەر بابەتی منداڵبوون لەوانەیە هەر نەتوانێت. جا دوێنێ لەگەڵ هاوڕێیانم باسم دەکرد، کاتێک لە دوورەوە هەولێر دەبینن، لەوانەیە بڵێن شاری پشێوییە و کەشێکی جیای هەیە، بەڵام کاتێک دەچیتە نێو بازاڕە داخراوەکەی هەولێر، وەک ئەوە وایە بچیتە بازاڕەکانی کۆنیا و ئیستەنبووڵ. من کاتێک ڕۆیشتمە ئەو بازاڕەی هەولێر، هەمووان هاتن، ئۆۆۆ! سەرۆکوەزیران.. وەزیری دەرەوە بەخێربێیت، کاک ئەحمەد! هەمووان چاودێریی تورکیا دەکەن. هەمووان کەمێکیش بێت زمانی تورکی دەزانن. باشە خۆ لەگەڵ ماردین، تەنانەت لەگەڵ کۆنیاش جیاوازییەکی نییە. بە هەموو شێوەیەک دەمەوێت بڕۆمە ئەو بازاڕە، ئەو بازاڕە کلاسیک و دێرینە. منارەی موزەفەریە کە نیشانێکی هاوبەشی کورد و تورکمانە. بێگومان قەڵای هەولێر کە هێشتا یەکێک لە قەڵا هەرەکۆنەکانی ناوچەکەیە. تاوەری کاتژمێرییەکەی هەولێر، هەمووی یەک لە یەک جوانترن. بەداخەوە من حەزدەکەم چەند ڕۆژێک تەنیا بە نیازی پشوودان و گەڕان لەوێ بم، بەڵام هەمیشە بۆ کاری فەرمی چووم. جارێکیان ڕەمەزان بوو بەپەلە بووین. بابەتی خواردن، سەختترین و درێژترین نان خواردنی ژیانم لەگەڵ خوالێخۆشبوو تاڵەبانی بووە. ئەو زۆر بە باشی خواردنی دەخوارد. هەمووان دەزانن، ئەو کلێنێکسی بەمجۆرە دەبەست، ئینجا دەیخوارد. جا بە زۆر خواردنی پێشکەشکی میوان دەکرد. لەگەڵ کاک مەسعوودیش خوانی زۆر جوانی نانخواردنمان بینی. بێگومان کەبابی هەولێر، جگە لەوەش لە دۆڵمەی هەولێر شتێک هەیە کە یەکەمجار لەوێ بینیم، خەیار لە دۆڵمەدا بەکاردەهێنن و ئەمە تایبەتە بە هەولێر. کوببە، زۆر جار خواردنی کولتووریی هەولێرم خوارد. لەڕاستیدا زۆر لێکچوون، بۆ نموونە بریانی کە لەنێوان سێرت و هەولێر جیاوازییەکی زۆر نییە. بەڵام خواردنی تایبەت بە هەولێر هەیە؛ بۆ نموونە دۆڵمەکەی زۆر جۆراوجۆرە. هەروەک وتم دانانی خەیار لەنێو دۆڵمە، لای ئێمە دەگمەنە. شتی تایبەت بە هەولێر هەیە، بێگومان لە خواردن هاوشێوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر دەوڵەمەندە. من بە خواردنی هەولێر دڵخۆش دەبم، هەروەها بۆ خواردنی بیرۆکەش دەڕۆمە ئەوێ. بۆ پێدان و وەرگرتنی بیرۆکە. من بۆ وەرگرتن و پێدانی دڵ دێمە ئەوێ.
ڕووداو: بەڵێ بەڕێزم. زۆر سوپاستان دەکەم هەر ساغ بن. میوانی هەڤپەیڤینی ئەمجارەمان لە بارەگای پارتی ئاییندە بەڕێز ئەحمەد داودئۆغڵو بوو. تا هەڤپەیڤینیکی دیکە هەر شاد بن.[1]