لە چوارچێوەی چالاکییە بەردەوامە نێو خۆییە وەرزشییەکانی شاری #سلێمانی# و بە سەرپەرشتی فێرگەی سلێمانی نوێ و بە بەشداری 16 تیم خولی دۆستانەی تۆپی پێی شاری سلێمانی بەردەوامە و تێیدا و دوایی پیشاندانی ئاستێکی بەرز خونچەکانی پێشمەرگە توانیان لە بەرانبەر فێرگەی بڵند براوە بن و سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین مسۆگەر کرد.
سەبارەت بە ئەنجامی تیمەکەیان (فەرمان محەمەد) سەرپەرشتیاری هونەری قوتابخانەی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، تیمەکەمان لەسەر ئاستی خونچەکان بۆ تەمەن 2013 -2014 بەشداری لەو خولە دۆستانەیە کردووە و خۆشبەختانەش توانیمان سەرکەوتن لە یارییەکاندا بەدەست بهێنین و گەیشتینە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین.
هەروەک ناوبراو ئاماژەی پێکرد کە بۆ قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین تیروپشک ئەنجام دەدرێتەوە و دواتر و کاتی یارییەکانی ئەو قۆناغە دیاری دەکرێت و وەک تیمی خونچەکانی یانەی پێشمەرگەش بۆ ئەو قۆناغە ئامادەکاری دەکەین. [1]