بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگار بوون لە باری تەندرووستی و هەواڵ پرسینیان، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە #19-08-2024# بەڕێز حاکم #مەحمود ئەحمەد موڕاد# جێگری سەرۆکی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# بە یاوەری م. #شێرزاد محەمەد حەسەن# سکرتێر و (ئەدیب شکور، کەلسوم محەمەد و نەشمیل محەمەد) ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانە سەردانی بەڕێز م. ئیبراهیم قاسم ڕاوێژکاری وەرزشی سەرۆکی یانەیان کرد.
لەو سەردانەیاندا و سەرەتا جێگری سەرۆکی یانە وێڕای هەواڵ پرسین و لێپرسینەوە لە باری تەندرووستی ڕاوێژکاری وەرزشی سەرۆکی یانە هیوای خواست بە زووترین کات و بە تەندرووستییەکی باشەوە بگەڕێتەوە نێو یانەکەی، یانەی وەرزشی پێشمەرگە و ئاماژەی بەوەشکرد کە هەمیشە یانەکەیان م. ئیبراهیم قاسم یان بە نموونەی وەرزشکاران بینیوە و هەروەک تەواوی پاڵپشتی یانەی بۆ دووپات کردەوە.
لە بەرانبەردا م. ئیبراهیم قاسم سوپاسی حاکم مەحمود ئەحمەد موڕاد و سکرتێر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکەیانی کرد بۆ ئەو سەردانەیان و دڵسۆزی و خەمخۆرییەکانی جێگری سەرۆکی یانەی بەرز نرخاند کە هەمیشە پاڵپشتی وەرزشکاران دەکات و لە نزیکەوە چاودێری تەندرووستی و هەواڵپرسی کردووە و هەروەک هیواشی خواست کە بە زووترین کات بتوانێت بگەڕێتەوە نێو یانەکەی کە ماڵی هەمووانە.[1]