دوایی سەرکەوتنە بەرچاوەکانیان لە پاڵەوانێتی موایتایی یانەکانی ئێراق تیمی موایتایی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# خەڵات کران.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە #25-08-2024# و لەنێو بارەگەی سەرەکی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بەڕێز حاکم #مەحمود ئەحمەد موڕاد# جێگری سەرۆکی یانە بە ئامادەبوونی م.#شێرزاد محەمەد حەسەن#ی سکرتێر و (ئەدیب شکور و خاتوو کەلسوم محەمەد) ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و #ئەسعەد ئیسماعیل# سەرپەرشتیاری گشتی تیمی شەتڕەنج پێشوازی کرا لە تیمی موایتایی یانەی پێشمەرگە کە توانیان لە پاڵەوانێتی یانەکانی ئێراق بۆ ئاستەکانی پێشکەوتوان و تازەپێگەیشتووانی کوڕان و لاوانی کچان پلەکانی دووەم و سێیەم بەدەست بهێنن.
لەو میوانداریە وەرزشییەدا جێگری سەرۆکی یانە وێڕایی پیرۆزبایی لە تیمەکە هیوایی سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی بۆ خواستن و وتی خوازیارم هەمیشە لە لوتکەدا ئەم تیمە بەهێزە ببینم و لە پاڵەوانێتییەکاندا بە درەوشاوەی سەرکەوتن دڵخۆشمان بکەن چونکە ئەنجامەکانی ئێوەی پاڵەوان بۆ شارێک و کوردستانێکی ڕەنگینە.
پاشان (بەرهەم محەمەد) ڕاهێنەری گشتی تیمی موایتایی یانەی پێشمەرگە سوپاسی جێگری سەرۆکی یانە و تەواوی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کرد بۆ ئەو پێشوازی و پاڵپشتیانەیان و بەڵێنی دوپات کردەوە کە بۆ سەرکەوتن کۆڵنەدەر دەبن.
لە کۆتایی ئەو میوانداریەشدا جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگە خەڵاتی تیمەکەی کرد کە لەسەر ئاستی پێشکەوتوان و تازەپێگەیشتووانی کوڕان پلەکانی سێیەمیان بەدەست هێنا و لەسەر ئاستی کچانیش بە ئەنجامەکانیان میدالیایی زیو جامی دووەمیان بۆ شاری #سلێمانی# گەڕاندەوە. [1]