=KTML_Bold=محەممەد شیاع سوودانی و مسرور بارزانی دەتوانن چی بکەن؟=KTML_End=
#حەسەن ئەحمەد مستەفا#
پەیوەندی باشی نێوان #هەولێر#و بەغدا، بەردی زاوییەی جێگیری و ئاسایشی عێراق و ناوچەکەشە، پەیوەندیە باشەکە بەدیدێت ئەگەر عێراقییەکان بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان چارەسەر بکەن سەروەری عێراق بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە و دەتوانێت بەکاریبهێنێت بۆ ئەوەی باشتر ئاوێتەی جیهان بێت، بۆ ئەوەی باشتر ڕێگیری لە هاتنە ناوەوەی سوپاکانی تورکیاو ئێران بکات.
هەرەشەی عەرەب، بەشیعەو سونەوە ئەگەر ڕابردووی #بەعس#یشی لەگەڵ کۆبکەیتەوە کەمترە لە هەرەشەی تورکیا بەپلەی یەکەم دوایی ئێران بەپلەی دووەم لەسەر ئایندەی هەرێمەکەمان.
کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی، هێزەکانی گەورەی جیهانی، ڕوونتر ، نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکاو فەرەنسا چەندین جار جەختیان کردۆتەوە کە عێراق، بەردی بناغەی سەقامگیریی هەرێمایەتییە.
#11-09-2021# جۆزپ بورێل نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنی / جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا زۆر ڕوون ئەوەی جەخت لێکردەوە کە ئەوان وەک یەکێتی ئەوروپا مەترسییەکی گەورەیان هەیە لە بونیاتنانی عێراقێکی دێموکرات و جێگیر، گوتیشی لەسەردانەکەمدا بۆ بەغدا جەختم لەسەر هەمان پرس کردۆتەوە، هەروەها جەختیان کردەوە لە پابەندبوونی یەکێتی ئەوروپا و پشتگیری ئەو چاکسازییە ئامانجدارانەی کردەوە کە لەلایەن گەلی عێراقەوە داواکراون.
بەندە ئەوکاتە ئیمیڵێکم بۆی ڕەوانەکرد و خۆم وەک شارەزایەک ناساد ویستم پێی بڵێم کە هەرگیز چاوەڕوان مەکەن مسعود بارزانی و بارزانییەکان هەرێمەکە تەسلیمی عێراق بکەن، تکایە فشار لە عێراق بکەن چارەسەری پرسی نەوت و گاز بکات.
=KTML_Bold=عێراقی دوای ئوکتۆبەری 2017=KTML_End=
عێراق لە ساڵی 2017 لەوکاتەوە کە توانی موسڵ و ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی #داعش# کۆنترۆڵ بکات و کوردە خائینەکانیش دەرگایان بۆ عێراق کردەوە کەرکوک داگیر بکات، ئیتر عێراقییەکانی حوکمڕان لەبەغدا پێیان وابوو سەروەری تەواویان بەدەست هێناوەتەوەو هێجگار غرور بوون، هەرچۆنێک بێت، ئەو عێراقەی ئەمڕۆ تاڕادەیەک جیاوازە لە دەساڵی ڕابرودوو جێگیرو ئەمانتر دەبینرێت و ئەم هەرێمەی ئێمەیش کە ئێستە بۆتەوە جێگەی سەرنجی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و ڕۆژانە گەشەدەکات ئەمە بە نرخێکی زۆر بەدەست هات.
زۆرێک لە عێراقیەکان لەناوچوون و زۆر شاریش وێران بوون، هێشتا ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی ناوخۆیی لە عێراقدا هەن کە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان ، حکومەتی ناوەندی وزەیەکی زۆری لە هەوڵەکانی بۆ چۆک پێدادانی هەرێمی کوردستان خەرج کرد لەبەر ئەوە نەیتوانی نە خزمەتگوزاری ئەمنی و نە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی سەرەکی بۆ دانیشتوانەکەی مسۆگەر بکات و بۆشایی بۆ میلیشیاکان بە کراوەیی جێ هێڵرا، سەروەری عێراقیش لە کەرکوک پێشیل نەکرابوو، بەڵکو لە بەغدا پێشیل کرابوو.
سەرەنجام دوای خۆپیشاندانەکانی تشرین و دوای ململانێی سەدرو تەنسیقی، دوای بڕینی بودجەو گەمارودانی هەرێم بەڵام مانەوەی هەرێم لەسەر پێیەکانی خۆی. ئیتر بەڵکو عێراقییەکان لەوە تێگەیشتبن کە ئەبێت ئیدارەی عێراق چاکتر بکەن.
=KTML_Bold=کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خواستی ڕێککەوتن=KTML_End=
لوید ئوستن لە سەردانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردودا، پێشتریش لە چونی شاندەکانی بەغدا بۆ واشنتن ئەم پەیامەی ئەمریکا باش گەیشت کە عێراق دوو پایتەختی هەیەو بەغداد سەرەکیەکەیە، بەڵام هەولێر دوای سی و دووساڵ ئیتر بەشێکە لە جڤاتی تازەی ژیانی سیاسی ئابوری و ئەمنی تەواوی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. جگە لەمەش عێراق و هەرێم ناتوانن چیتر درێژە بە ناکۆکییەک بدەن کە دەگەرێتەوە بۆ پێش جەنگی ئۆکراینا، جیهانی دوای جەنگی ئۆکراینا جیاوازەو پێدەچێت ئەمریکا نەتوانێ هەزمی ڕوسیایەک بکات کە کۆنترۆلی دەرگەیەکی گرنگی دەریای ڕەشی کردووە لەلایەک و لەلاکەی دیکەشەوە ئێرانێک ببینێت کە خاوەنی توانای موشەکی و درۆنی گەوریە.
بۆیە ململانێی توند لەسەر ئاستی دەوڵەتان چاوەڕێکراوە، لەوانەیە پڕیشکی ئاگری ئەم ململانییە بەر عێراق و هەرێمیش بکەوێت، ئەگەر کێشەکانمان چارەسەر بکەین باشتر بەرگە دەگرین، ئافەرین بۆ سعوودییەیە کە توانی بۆ هەر ئەگەرێک گریمانەی پڕیشکی ئاگرەکە لەخۆی دوور بخاتەوە.
لە #22-07-2022# پەیمانگای واشنتن کۆڕێکی لەگەڵ جەیمس ئێف جێفری و ماثیو ئامیترانۆ و بیلال وەهاب ساز کرد لە زنجیرەیەکی سێ بەشیدا لە یادی سی ساڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێفری سەرۆکی بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەنتەری ویلسۆن و باڵیۆزی پێشووی ئەمریکایە لە عێراق و تورکیا ئەمیترانۆ شیکەرەوەی وزەیە لە وەزارەتی دەرەوە لە بەشی زانیاری و لێکۆڵینەوە و جێگری سەرۆکی پێشووی ئابووری لە نووسینگەی کاروباری عێراق.
=KTML_Bold=هەرێم بەشدارە لە سیستەمی ئەمنی جیهانیدا=KTML_End=
لێرەدا ئەگەر ئاماژە بەجێفری بکەم، چونکە کەسێکی پڕاگماتیکە لەقسەکانیدا سەپۆرتێکی بەهێز بۆ ئاگومێنتەکەم دەدۆزمەوە کە ئیتر دۆخی عێراق و ئۆکراین پێکەوە باس دەکرێن چونکە ئەویش گوتی: بەهۆی دەستدرێژییەکانی ڕوسیا بۆ ئۆکرانیا بازاڕە نەوتییە جیهانیەکان تا ئێستا توندتر بوون بارودۆخەکە ئەوەمان پێدەڵێت سەبارەت بە گرنگی سیاسەتی زلهێزی خاوەن دەسەڵات، بەتایبەتی ئەو ڕاستییەی کە وڵاتان هەڵوێستی جیاوازیان بەرامبەر بەسیستمی ئاسایشی بەکۆمەڵی جیهانی وەرگرتووە کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات، سەبارەت بە عێراق ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری ئەم سیستەمە ئەمنییە دەکات، بەڵام بەغدا هەر لەو بارەیەوە ناکۆکە و ئێرانیش بە ئاشکرا دژایەتی دەکات.
=KTML_Bold=هەوڵەکانی هەردوو سەرۆک وەزیران بارزانی و سودانی=KTML_End=
ناکۆکییەکانمان لە گەڵ بەغدا لەو کاتەدا چوە قۆناخێکی مەترسیدارەوە کە هەڵسو کەوتەکانی دادگای فیدڕاڵی یان تەحەدا یاساییەکانی عێراق ئاماژەی ئەوپەڕی ناپەرپرسیارییەتی بوون، هەرچەندە #مەسرور بارزانی# بە سروشتەکەی کە لە باوکی وەرگرتووە، بە زوویی دادگاکەی خستە ژێر پرسیارەوەو تەنانەت لە هەیبەتەکەشی هێنایە خوارەوە، فشارەکان لە ئێرانەوە ئاڕاستەدەکران ئەمەش ئەوە ڕووندەکاتەوە چونکە دەستێوەردان هەیە و تەحریکی بەغدا دژی هەرێم دەکرێت ئەوافشارێکی ڕاستەقینەی دەولی پێویست بوو بۆ ئەوەی هەرێم و بەغدا بگەنە ڕێکەوتن.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە سەرۆک وەزیران سوودانی بەڕێکەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان فۆڕمی کابینەکەیکردووە. بۆیەش بێ حسابکردن بۆ دادگا ئاڕاستەکراوەکە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە ڕۆژی #11-01-2023# سەردانی محەمەد شیاع سودانی هاوتا عێراقیەکەی کرد لەبەغداو تێیدا باس لەکێشە گرنگەکانی نێوان هەولێرو بەغدا کرا کەبریتیبوو لەبودجەی 2023ی فیدراڵ.
بارزانی بە سودانی ڕاگەیاند کە هەردوو حکومەت دەتوانن ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن ئەگەر مەبەست هەبێت، هەروەها هەردوو سەرکردەکە باسی پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد لەبودجەی 2023ی فیدراڵ و کێشەی نەوت و گاز و ڕێککەوتننامەی #شنگال# و مافە فیدراڵییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە تویتێکی بارزانیدا هاتبوو : لە کاتی خۆیدا کۆبوونەوەی بەرهەمدار لەگەڵ سەرۆک وەزیران سودانی ئەنجام داوە. ئەمەی لەم سەردانەیش چاوەڕوان دەکرێت نزیک بوونەوەیەکی زیاترو خۆ ئامادەکردنی عێراق و هەرێمە بۆ بەرگەگرتنی ئەوەی لە هەگبەی ناوچەکەدایە دوای جەنگی ئۆکراینا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=