هێمن عەساف
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: نەوتی زۆریان لە هەندێک ناوچەی باکووری کوردستان دۆزیوەتەوە و ئێستاش لەو ناوچانەدا کار دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی #22-11-2024# ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆڕبەندی وزەی ئیستەنبووڵ قسەی کرد و لە بەشێکیدا لەبارەی دۆزینەوەی نەوت و کارکردن لەو ناوچانەی نەوتیان تێدایە، قسەی کرد.
سەرۆککۆماری تورکیا وتی، پێشتر لە چیای گابار (پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان) بەهۆی تیرۆرەوە نەماندەتوانی پشکنین و گەڕان لە بواری نەوتدا بکەین. ئێستا نەوتی زۆرمان لەو ناوچانە دۆزیوەتەوە و کاری لەسەر دەکەین.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2024 دا لە ناوچە جیاوازەکان و لە سەرووی هەموویانەوە شرنەخ، جۆلەمێرگ و وان لە باکووری کوردستان 84 کاری هەڵکەندنیان تەواوکردووە و 66 ملیۆن بەرمیل یەدەگی نوێیان دۆزیوەتەوە.
دەربارەی کاریگەریی جەنگی ڕووسیا -ئۆکراینا لەسەر کەرتی وزە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، ئەو جەنگە هەزار ڕۆژی تێپەڕاندووە و مەترسییەکانی پابەندبوونی بە دەرەوە خستەڕوو، بەتایبەتیی لە بواری وزەدا. تورکیا لە سایەی ئەو پەیوەندییە هاوسەنگەی لەگەڵ هەردوو لایەنی شەڕەکە درووستیکرد، یەکێک بوو لەو وڵاتانەی بەئاسانی لەم قۆناغە نالەبارە ڕزگاری بوو.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، سوورین لەسەر ئەوەی وڵاتەکەمان لە هیچ بوارێکدا، لەوانەش بواری وزە، چاوی لە دەستی دەرەکی نەبێت و ئاماژەی بە زیادبوونی بەرهەمی نێوخۆیی تورکیا لە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی گاز کرد و ڕایگەیاند، بەرهەمی ڕۆژانەمان لە کێڵگەی گازی ساکاریا لەسەر دەریای ڕەش گەیشتووەتە حەوت ملیۆن مەتر سێجا. لەگەڵ کێڵگەکانی دیکەمان تێکڕا بەرهەمی ڕۆژانەی نێوخۆییمان بۆ هەشت ملیۆن مەتر سێجا بەرزکردووەتەوە.
ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی لە بواری وزەی ئەتۆمیدا کرد و ڕایگەیاند، ئامانجمانە لە بواری وزەی ئەتۆمییدا تاوەکوو ساڵی 2050 ببین بە خاوەنی توانایەکی 20 هەزار مێگاواتی. وتیشی: ناچارین پابەندی ئەوەش بین کە لەپاڵ بەرهەمهێنانی وزە، هەوڵی کەمکردنی بەکارهێنان و ڕێگریکردن لە زێدەڕۆییەکەی بدەین.
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە وێستگەی ئەتۆمی ئاکویو کرد و ڕایگەیاند، کاتێک ئاکویو کەوتەکار 10٪ی پێویستی کارەبای تورکیا دابین دەکات. [1]