ناونیشانی بابەت: تا ئێستا ئەم زانیارییانەت لەبارەی زاهیر عەبدوڵا بیستووە؟
هونەرمەند #زاهیر عەبدوڵڵا# خدر لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی #تەیراوە#ی شاری #ھەولێر# لە دایک بووە، قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە ھەولێر خوێندووە و بەشی کارەبای لە ئامادەیی پیشەسازی ھەولێر تەواوکردووە.
لە ساڵی 1972 بۆ یەکەمجار بەشداریی شانۆگەرییەک دەکات بە ناوی ئەنجامی پووڵپەرستی، هەروەها بەشداریی دەیان شانۆگەری و دراما و فیلمی سینەمایی کردووە.
جگە لە کاری هونەری، لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە دەستی بە چیرۆکنووسین کردووە و کۆمەڵە چیرۆکێکی بەناوی (خەرەند) بڵاو کردووەتەوە.
لە ساڵی 1980 ژیانی هاوسەری لەگەڵ #شیرین سابیر# پێکدەهێنن و بۆ یەکەمجاریش لەساڵی 1984 دەستی هاوسەرەکەی دەگرێت و دەیباتە سەر تەختەی شانۆ و دواتر لە چەندین دراما و فیلمدا بەیەکەوە رۆڵ دەبینن. هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا باوکی سێ کوڕ و دوو کچە.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا بەشداریی دەیان شانۆگەریی و درامای کردووە کە دیاترینییان درامای هەبوو نەبوو بوو کە یەکێکە لە کارە جوانەکانی و زۆر کاردانەوەی گەورەی لەنێو خەڵکدا ھەبوو، ھاوکات کۆمەڵێک ھونەرمەند لە رێگای ئەم کارەوە چوونە نێو خەڵک، لەوانەش زاھیر عەبدوڵڵا بوو کە بە رۆڵی عومەر چاوچنۆک بەشداریی ئەم کارەی کردووە.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا لە ساڵی 1979 کاتێک قوتابیی ئامادەیی پیشەسازی دەبێت، سوود لە حەیرانێک وەردەگرێت و وەکو شانۆ نامەیەک دەینووسێتەوە و دەیکاتە شانۆگەریەک بەناوی محەمەد و سێوێ و دواتر لە تەلەڤزیۆنی #کەرکووک# شانۆگەرییەکە تۆمار دەکەن و لە ناوەڕاستی تۆمارکردنە ھونەرمەند زاھیر عەبدوڵڵا بەهۆی پەیوەندیی بە رێکخستنە سیاسییەکانی #کوردستان#ەوە، لەلایەن رژێمی بەعس دەستگیر دەکرێت و ناتوانێت زیاتر درێژە بە رۆڵەکەی بدات لە شانۆگەرییەکەدا و دوای چوار مانگ لە دەستگیرکردنی ئازاد دەکرێت.
دواتر لە ساڵی 1989 بەشداری لە تەمسیلی کەونە دەرکە دەکات. لە ساڵی 1993 بەشداری زنجیرە تەمسیلی کەوەکانی #قەرەچووخ# دەکات کە رۆڵی جەوهەر ئاغا دەبینێت و ستەم لە دانیشتوانی گوندەکەی دەکات و لە ساڵی 2007 بووەتە بەڕێوەبەری #کتێبخانەی گشتیی ھەولێر# و ماوەی شەش ساڵ لەم پۆستەدا خزمەتی کردووە.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ساڵی 2019 کتێبێکی بیرەوەریی بڵاوکردەوە بەناوی (#تەیراوە هەر بە پیاسە#) کە تیایدا باسی سەردەمی منداڵیی خۆی دەکات تا رۆژی راپەڕینی ساڵی 1991 و لەم کتێبەدا هەوڵی داوە واقیعی ژیانی خۆی بنووسێتەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=