ناونیشانی بابەت: #نێرگز لە دۆزەخی ئەنفالدا#
نووسەر: سەباح عەلی جاف
خاتوو #نێرگز عەزیز بابا# ناسراو بە هەرمێ، خۆی گۆتەنی دوو ساڵ پێش ناونوسینەکە مەبەست لێی سەرژمێری ساڵی 1957 لە گوندێیکی سنوری تەکیەی جەباری لە #چەمچەماڵ# لە دایک بووە، یەکێکە لە دەرباز بووەکانی دۆزەخی ئەنفالی گەرمیان، چیرۆک و تراژیدیای زۆری ئەنفالی لایە، برای ڕۆژنامەنووس #عارف قوربانی# لە تشرینی یەکەمی 2019 دیدارێکی وەک یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ئەنفال لە تەک دا سازداوە، پاشتر لە کتێبێکدا بەناوی (#نێرگز لە دۆزەخی ئەنفالدا# ) چاپ و بڵاوی کردەوە.
کتێبەکە دەیان ئەدگار و خەمی گەورەی ڕۆژە شومەکانی ئەنفالی ئەم ژنەی لە خۆ گرتووە، نێرگز خانم لە پەڕەیەکی کتێبەکەدا دەڵێت:
هەروا سێ چوار ڕۆژێک بوو گەیشتبووینە ئەوێ ئیتر ئەو ژنانەی مناڵی بەر مەمکەیان پێبوو کەوتنە عەزابێترەوە بەهۆی ئەوەی لە شەو و ڕۆژێکدا هەر سەمونێ ڕەقیان ئەخوارد، ورد وردە شیریان کەمیکرد، بەشی ئەوەی ناکرد مناڵەکانیان تێری پێبخۆن، هەر زیڕەیان ئەهات لە برساو دایکەی قوڕ پەسەریش چی بکات، شیر لەجی دروست بێ، خۆ ئەمە ماڵو ماڵ خۆمان نەبوو، ئەگەر شیرەکەیش کەم بکات ئاردەواپە شنێکی بایتێ، هیچ نەبوو، مناڵ گشتی وردە وردە وشکبوونەوە و لێی کەوننە مردن.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەمە 23 ی تشرینی دووەمی 2024، لە پەراوێزی یەکەمین ڤیستیڤاڵی ئەدەبی جینۆساید بۆ شیعر و چیرۆک، یەکێتی نوسەرانی جینۆساید بە هەمەهانگی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی لە ڕزگاری سازیان دا، خاتوو نێرگس لەوێ ئامادەبوو، کتێبەکەیان بە دەستی ئەو بەسەر بەشدار بوواندا دابەشکرد، دەیان دیمەنی تراژیدی ئەنفالی لە خۆ گرتووە و شیاوی خوێندنەوەی وردە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!