پەیکەری ئاشتی و ئازادی خانمانی کوردستان دانرا. بە ئامادەبوونی د. زیکرا عەلوەش ئەمینداری بەغدا و نەوزاد هادی پارێزگاری #هەولێر# و پەخشان زەنگنە ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و دینا زۆربا بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی UN-Women لە ئێراق و تاهیر عەبدوڵڵا جێگری پارێزگاری هەولێر و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئافرەتان UNWOMEN لە مەراسیمێکدا پەردە لەسەرپەیکەری ئاشتی و ئازادی خانمانی کوردستان لادرا. ئەم پەیکەرە دەکەوێتە شەقامی 100 مەتری لە چوارڕیانی بەرانبەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و ئاشتی و ئازادی ژنانی هەرێمی کوردستان، بەرجەستە دەکات و گوزارشت لە هەموو کچان و ئافرەتانی جیهان دەکات بە تایبەتیی کوردستان، کە هەمیشە بوونەتە قوربانی کۆمەڵگە، ئەمە یەکەمین پەیکەرە لە کورستان کە ناوی ئاشتی و ئازادی لێبنرێت. پێکهاتەی پەیکەرەکە بە فایبەرگڵاس درووستکراوە، ماددەیەکە توانای خۆڕاگری هەیە بۆ کەشوهەوای گەرم و ساردو هەر بارودۆخێکی نەخوازراو. شێوە و جۆری کارەکە بە ڕەنگی سپی ڕووپۆش کراوە، مانای پاکی و بێگەردی دەگەیەنێت، بنکەی پەیکەرەکەش هەمان ڕەنگ و شێوە و ماتریاڵی پەیکەرەکەی لەخۆگرتووە. ئافرەتێکی باڵابەرز و سەربڵند ڕووی لە ئاسمان کردووە سەیری هەڵفڕینی کۆترەکە دەکات، جلوبەرگێکی کوردانەی پۆشیووە قاچێکی ڕووی لە پێشەوەی نیمچە بەرزکردووەتەوە. بە دەستی ڕاستی کۆترێکی سپی لەناو لەپی گرتووە، کۆترە خەریکە لەشەقەی باڵ دەدات، جووڵەی کۆترەکە بەردەوامی هەیە، کۆتر لە هەموو ڕووکارێکی هونەری گوزراشت لە ئاشتی و ئاشتەوایی دەکات و بە دەستەکەی تریشی گۆزەیەکی پڕ لە ئاوی هەڵگرتووە، گوزارشت لە مێژووی مرۆڤایەتی دەکات، ئافرەت هەردەم قوربانی کۆمەڵگە بووە و ئاوی ناو گۆزەکەش هێمای بەردەوامی ژیانی هەمیشەیی مرۆڤبوونە. ئەم پەیکەرە ڕووە و ڕۆژهەڵات جێگیرکراوە، بە واتای: =KTML_Bold=ئافرەت هەردەم بەرەو ئاسۆ دەڕوانێت.=KTML_End=[1]