ناونیشانی بابەت: ژيانی لاوانی گەڕەکی گۆيژەی سلێمانی لە سەردەمی بەعسدا
ناوی نووسەر: #بەختیار شەمەیی#
#گۆيژە#، يەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی #سلێمانی#، ماڵمان لە گەڕەکی #گردی سەيوان#ی گۆيژە بوو. ئەم گەڕەکە لە گەڕەکەکانی کەنار شار بوو، تا ئەندازەيەک گەڕەکێکی هەژارنشين بوو. بەڵام لە هەموو بابەتێکی تێدا بوو. زۆربەی پياوەکانی گەڕەک سەردەمانێک پێشمەرگە و تێکۆشەری سياسی بوون. بەکورتييەکەی بارودۆخێکی تەواو کوردەواری و گيان و ژيانی کوردايەتی لە گەڕەکەکەماندا هەبوو. ئێمە کۆمەڵێک لاو بووين و نێوانمان زۆر گەرموگوڕ و خۆش بوو. باسوخواسەکانی يەکتر بينينەکانمان زۆرتر لە بازنەی لێدوان لە ئازايەتیی پێشمەرگە و دەنگوباسەکانی ناو شۆڕش و دوژمنايەتی کردنی رژێمی #بەعس#دا دەخولانەوە. باس هەر باسی کوردايەتی و پێشمەرگە بوو. کۆمۆنيستێکی زۆريش، سەر بە حيزبی شيووعيی عێراق لە گەڕەکەماندا هەبوون، ئەوانيش لە بواری خۆياندا چالاک بوون و هەر خەريک بوون. ناو بە ناويش مەفرەزەی ئەمن و مولازم موحسينی تاوانباريش دەهاتنە وێزەمان و بەر شەپازلە و شەق و جنێودانيان دەکەوتين. هەتا ساڵی 1979، له و گەڕەکەدا گوزەراندم و پاش گيرانەکەم و ئازاد بوونم، خۆم گەياندە ناو شۆڕش و لە نێو هاوبيرانی #پاسۆک#دا خۆم بينيەوە. لێرەدا ويستم وەکو يادگارييەکی سەردەمی لاوێتی، بەتايبەتی باسێک لە ئه و جۆرە نووسراوانە بکەم کە له و سەردەمانەدا جێگەی گرنگی و بايەخی ئێمەی لاوان بوون. يەکێ له و ناميلکانەی کە زۆر دەستاو دەستی دەکرد لە نێوانماندا، ناميلکەی (لين پياو، بژی سەرکەوتنی جەنگی گەل) بوو. هەروەها چەند پەڕتووک و ناميلکەيەکی ديکەی ياساخيشمان دەستکەوتبوون و بەردەوام لەنێو خۆماندا دەستاودەستمان پێدەکردن. وەکو و ژيان بەرهەمەکانی ئەرنستۆ چی گيڤارا، چەپکێک لە وتەکانی ماوتسی تۆنگ، مانيفێستی پارتی کۆمۆنيست، چەند ژمارەيەکی گۆڤاری (کادر)ی پارتيی سەردەمی شۆڕشی ئەيلوول، بێگومان، گۆڤارەکانی بەيان و رۆشنبيريی نوێشمان دەخوێندنەوە. هۆنراوەکانی مام هەژاری موکريانی، ديوانی تاريک و روونی مام هێمنی موکريانی، بەتايبەتيی پێشەکيی ئەم ديوانە کە بيرەوەرييە سياسييەکانی مام هێمن خۆيان بوو، زۆر خۆش و کاريگەر بوو، بەناوی لەکوێوە بۆ کوێ؟ هەروەها، ديوانەکانی: #بێکەس#، #ئەحمەد موختار بەگی جاف#، #کامەران موکری#، #قانيع#، شێخ #سەلام#، #شێرکۆ بێکەس#، #لەتيف هەڵمەت#، #عەبدوڵا پەشێو#.... ئەم ديوانانە زۆرترين هۆنراوەی شۆڕشگێڕانە و کوردايەتييان لەخۆيان گرتبوو، بۆ ئێمە زۆر خۆشەويست و گرنگ بوون و جێگەی بايەخمان بوون. زۆربەی هۆنراوە شۆڕشگێڕييەکانی ئه و ديوانانەمان لەبەر بوون و لە دانيشتنەکانماندا بۆيەکترمان دووبارە دەکردنەوە. لە راستيدا،ئەم هەلومەرجە رامياری و کوردايەتييەی نێو گەڕەکەکەمان، دەستی هيچ کەس و لايەنێکی تێدا نەبوو، خۆبەخۆ دروست بوو بوو و ئێمە بە خۆبەخش و لەخۆمانەوە ئه و کارانەمان دەکرد. خوێندنەوەی ئه و نووسراوانە و لەبەرکردنی هۆنراوە، بەشێکی تايبەتی و گرنگ بوو لە ژيانی ئه و سەردەمەماندا. ئەم يادەوەرييانە هەموويان کاريگەريی زۆريان لەسەر بيرکردنەوە و ژيانی هەموومان دانا بوو، کەسانی خراپ و گومانلێکراو، بەهيچ شێويەک لەنێو ئێنمەدا جێگەيان نەدەبووەوە..... ئێستاش لەگەڵ ئه و هەموو ترسولەرز و داپڵۆسين و ناخۆشيانەشدا، هەميشە دەڵێم: ئای خۆزگەم به و بارودۆخه و ئه و سەردەمەی ژيانی لاوێتيمان. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!