ناونیشانی بابەت: گۆڕدخمەی ئیسحاق وەند... کۆنترین گۆڕدخمەی کرماشان
ئامادەکردنی: #ڕۆیا سەردار#
گۆڕدخمەی ئیسحاق وەند، (سکاڤەند)، کە سێ گۆڕدخمەن بە قەبارەی جیاواز، بە یەکێک لە شوێنەوارەکانی شاری (#هەرسین#) دادەنرێت.
ئەم گۆڕدخمانە بە دووریی 25 کم لە باشووری ڕۆژئاوای شاری (هەرسین) لە پارێزگای #کرماشان# و لە بەردەکانی قەد چیای باکووری ڕۆژهەڵاتی گوندی (دێ نۆ) هەڵکەوتوون. ناوی (ئیسحاق وەند) بەپێی ئەو گوندەی، کە نزیکە لەم گۆڕدخمانە ناو نراوە.
بەگوتەی هەندێک لە شوێنەوارناسان، ئەم گۆڕدەخمانە کۆنترین گۆڕی بەردینین، گۆڕەدخمەی (ئیسحاق وەند) سەر بە سەردەمی مادەکانە، بەڵام جیاوازیی بۆچوون لەنێوان شوێنەوارناساندا هەیە، کە سەبارەت بە تەمەنی ئەم گۆڕدخمانە گرنگترینی ئەم بۆچوونانە هی (ئێرنست ئیمیل هێرتسفێڵد)ە، کە شوێنەوارناسێکی ئەڵمانییە. هێرتسفێڵد، گۆردخمەی ناوەڕاست بە گەڕاندنەوەی گیۆماتا مغ (بەردیای ساختە) دەزانێت و پێی وایە ناوی (سکاڤەند) لەسەر بنەمای ئەو شوێنەیە، کە گیۆماتای مغ لەلایەن داریۆشی یەکەمەوە کوژراوە، کە قەڵای سکۆند بووە، لەسەر ئەم گۆڕانە دانراوە و بێ گومان مشتومڕی مێژوویی ئاڵۆز سەبارەت بە ڕەوایەتیی ئەم تیۆرییە و هەروەها چیرۆکی (بەردیای ساختە) هەیە.
گۆڕدخمەکانی ئیسحاق ڤەند، لە سێ گۆڕ پێکهاتوون، کە لەناو شاخەکەدا هەڵکەندراون، کە گۆڕی ڕاست لە دوو گۆڕەکەی تر بەرزترە. قووڵایی گۆڕدخمەکە لەلای چەپەوە، کە شێوەی تاقچەی هەیە، 85 سم و پانییەکەی دەگاتە 2.10 مەتر، گۆڕدخمەی ناوەڕاست پانیی 1.75 مەتر و درێژیی 2.10 مەترە. لەدەوری هەریەکێک لەم گۆڕدخمانە بە شێوەیەکی لاکێشە چوارچێوەی بۆ دانراوە.
لەسەرەوەی گۆڕدخمەکەی ناوەڕاست، بەپێچەوانەی گۆڕدخمەکانی لای ڕاست و چەپ، کە هیچ دیکۆراتیان نییە، وێنەی تەواوی پیاوێک بە ڕووخساری لەسەرلا هەیە. ئەم پیاوە، کە جلێکی درێژی پلیسی لەبەردایە، دەستەکانی بە شێوەی نزاکردن بەرز کردووەتەوە. لە بەردەمیدا مەشخەڵێک و ئاگردانێک هەیە، لەپشتی ئاگردانەکەش کەسایەتییەکی بچووک وەستاوە، کە قۆڵی درێژ و شتێکی بەدەستەوەیە.
سەرچاوەی ئەم تەلارسازییە بەردینە بۆ ناشتنی مردووەکان، دەگەڕێتەوە بۆ شانشینی #ئارارات# و شارستانییەتی #ئورارتو#، کە لە شارستانییەتەکانی هەزارەی دووەمی پێش زایین دادەنرێت. ئورارتۆکان باوباپیرانی کوردن، کە لە ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەی #وان# لە باکووری #کوردستان# و بەرزاییەکانی ئەرمینیا، کە بەشێک بووە لە پانتایی جوگرافیای شارستانیەتی ئورارتۆ، ژمارەیەکی بەرچاو لەو گۆڕدخمانە هەن.
گۆڕدخمە گۆڕێکی چوارگۆشەیە، کە یەک یان چەند شوێنی ناشتنی هەیە. ئەم گۆڕدخمانە لە دڵی شاخ و بەردەکاندا هەڵکەندراون، هەندێکجاریش ئەوەندە گەورە بوون، کە شوێنی دانیشتن و دانانی کەلوپەلی تایبەتی ئایینی و تەنانەت ئەنجامدانی مەراسیمی پرسە بوونە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!