ناونیشانی بابەت: چارەسەرکردنی قەیرانی پەروەردە، باشکردنی ژیانە
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
چارەسەرکردن یان بەڕێوەبردنی قەیران، بریتییە لە خۆئامادەکردن بۆ ئەوەی ناڕێکی ڕوونەدات و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی ڕوویداوە و دیاردەی قەیرانەکان یاوەری دامەزراوەکانە، لە هەموو قۆناغەکانی سەرهەڵدان و بەرزبوونەوە و دابەزین و بۆ بەدواداچوونی ڕەوتی ڕووداوەکان چ قەیرانێک بە هەموو جۆرە ڕۆڵێک کاریگەریی لەسەر دامەزراوەکانی پەروەردە، چ لەسەر ئاستی ڕووخاندن و چ لەسەر ئاستی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ڕۆڵی قەیرانەکان بەگشتی وامان لێ دەکات دەست بۆ ئەو تاڵە باریکە ببەین کە پەیڕەوکردنی هەڕەمی سەرکردایەتی دامەزراوەکانی پەروەردەیە، بە تایبەت و ئەوانەی توانای مامەڵەکردن و ئیدارەدانی باشیان هەیە لەسەر ئەو گرفت و قەیرانانە، زیاتر کەسە بە ئەزموونەکان و کارامە و لێهاتووەکان، تا لەو ڕێگەیەوە بتوانرێت پلان و ستراتیژێکی گونجاو دابنرێت و لە ڕێگەیەوە دەستنیشانی خاڵە نەرێنییەکان بکرێت و هەنگاوی چارەسەریان بخرێتە بەردەم وبکرێنە هەنگاوی کردەیی.
مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان دا هەروا کارێکی سانا و سادە و ئاسان نییە، قورس و تاقەتپڕوکێنە پێویستی بە پابەندبوون و بەردەوامی هەیە، وەک لەوەوپێش لە وڵاتان کاری لەسەر کراوە، کە شێوازێکیان گرتۆتەبەر کە بریتییە لە چارەسەرکردن و مامەڵەکردنێکی پەروەردەیی و زانستی و سەردەمیانە کە گونجاوبێت لەگەڵ ڕاییکردنی ململانێ و گرژییەکاندا، لە ئەنجامدا بووەتە هۆی نەهێشتن و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانیاندا.
دامەزراوەکانی پەروەردە، دامەزراوەی کارگێڕی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتین کە چەندین توێژی مرۆیی لەخۆ دەگرن وەک ئەندامانی دامودەزگا کارگێڕییەکان و مامۆستایان و قوتابییان و فەرمانبەران و کرێکاران، بەدڵنیایی هانی هەمووان دەدەن کە بەردەوامبن لەسەر ئەرکەکانیان و پاڵپشتی هەنگاوەکان دەکەن لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان کە خەونیان نەمانی قەیرانەکانە.
لە سەرەتادا بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی قەیرانمان ناساند، دەکرێت ئێستا قەیرانی پەروەردە پێناسە بکەین، تا لە ڕێگەی ناسین و زانینی ئەو قەیرانانەوە هەنگاو بنرێت بۆ چارەسەرکردنیان.
قەیرانی پەڕوەردە بریتییە لە کۆمەڵێک کێشه و گرفتی قووڵ له سیستەمی پەروەردەدا ، کە بوونیان هەیە و دەبنە لەمپەڕی گەورە لە بەردەم پڕۆسەکەدا، کە لەمانەدا کۆ دەکرێنەوە:
- نزمی ئاستی خوێندن و زانستی قوتابییان
- نەبوونی پلانی باش بۆ بەرزکردنەوەی توانایی مامۆستایان
- کەمی بودجەی پەروەردە
- گرنگی نەدان بە پڕۆسەی پەروەردە و فەلسەفەی پەروەردەیی
- تێکەڵکردنی پڕۆسەی پەروەردە بە مەبەستی بەرژەوەندی تایبەت و بازرگانی
- بوونی کێشە وگرفت لە بەشەکانی هەیکەلی #وەزارەتی پەروەردە#
- نەبوونی پلانێکی داڕێژراوی تاقیکراوەی پەروەردەیی لە پێناو کواڵیتیی بەرزی خوێندن و فێربوون
- گرفتی خراپی پرۆگرامەکان و نەگونجاندنیان لەگەڵ ژیان و ژیاریدا
- نەبوونی پەروەردەیەکی گونجاو لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم وەک بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و هۆکارەکانی تر.
وا دە ساڵە ژیانی کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی بێپلانی و گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پێگەکان و پایەکانی شێوازی حوکمڕانی لەم هەرێمەدا، شیواوی و پاشاگەردانی و بەرەو دوا گەڕانەوە و عەقڵی تەسک وبچوکی خێلگەرا و ئابووری بەناو سەربەخۆ، خەڵکی ئەم هەرێمەیان تووشی داڕمان و بێئومێدی و گرفتی گەورە کردووە، کە لایەنەکانی ( ئابووری، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، زانستی، ....) گرتووەتەوە، کە جگە لە چەند بنەماڵەیەکی خاوەندەسەڵات و خۆسەپێنی بێمۆڕاڵ، کەس لێی بێبەش نەبووە.
سێکتەری پەروەردەش وەک هەموو بەش و سێکتەرەکانی تر بێخزمەت و پەراوێزخراوە.
دەتوانین بڵێین کرمی گەندەڵی لەو باخەی داوە و هەرچی داری سەوزە بەڕوونی نایەتە بەرچاو و بەرەو وشکبوون دەچێت.
لە ڕوانگەی ڕاستی ژیانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، لەلای ئەوان تاکە ڕێگەی شادبوون بە ژیاری تەنیا پەروەردەبووە، بۆیە هەر کۆمەڵگەیەک تا پەروەردە نەخاتە پێشەوە و نەیکاتە هەنگاوی یەکەمی چارەسەری گرفتەکانی خۆی، هیچکاتێک ئارامی و خۆشنودی و ژیاری نابینێت.
لەمساڵی خوێندنی 2024بۆ 2025 لە سەرەتای مانگی دوانزەداین مووچەی مانگی دە نەدراوە، هەرچەند دەسەڵاتی کوردی خۆی لێبێبەری دەکات و دەیخاتە ئەستۆی حکومەتی ناوەند، بەغداش داوای داهاتی ناوخۆ داکات، لەم نێوانەدا ئەوەی زیانی بەرکەوتووە تەنیا خەڵکی ئەم هەرێمە بێخاوەنەیە.
لەسەر گرنگی و بایەخی پەروەردە بۆ گۆڕانکاری ژیان (نیلسۆن ماندێلا ) وتوێتی: (پەروەردە بەهێزترین چەکە بۆ گۆڕینی جیهان و گەشەی مرۆڤایەتی).
بۆ دەرچوون لە قەیرانی فێربوون و پڕۆسەی پەروەردە، دەتوانم چەند ڕێگەچارەیەکی گرنگ پێشنیاز بکەم:
- باشترکردنی دۆخی ژیانی مامۆستایان لە ڕووی دارایی و کۆمەڵایەتییەوە
- دانانی شکۆ و ڕێز بۆ مامۆستایان وەک پارێزبەندی
- ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایان و خولی بەهێزکردن بۆیان
- درووستکردنی سیستەمێکی دادپەروەرانەی هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستایان نەک وەک ئەوەی ئێستا
- پەرەپێدانی خوێندنی ئەلیکترۆنی
- درووستکردنی ژینگەیەکی فێربوونی چالاک و بەشداری پێکەر
- گرنگیدان بە پەروەردەی زیرەکی هەستیار
- دۆزینەوەی سەرچاوەی داهاتی نوێ بۆ پەروەردە
- کەڵک وەرگرتن لە یارمەتیی نێودەوڵەتی و ئەزموونە سەرکەوتووەکان
- بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە پڕۆژەکانی پەروەردەدا
- گرنگیدان بە پەروەردە وەک پڕۆسەیەکی بەردەوام
- گرنگیدان بە گەشەی کەسایەتی قوتابی و بە چەقکردنی لە پڕۆسەکەدا
- پەروەردەی ئاکاری و نیشتمانی
- دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان.
- لابردنی کۆسپەکانی بەردەم پڕۆسەی پەروەردە و فێربوون.
وتارەکەم بە وتەیەکی گرنگی (جۆن دیوی) فەیلەسوفی پەروەردەی ئەمریکی دەهێنم کە دەڵێت:
(پەروەردە ژیانە، نەک ئامادەکردن بۆ ژیان، پەروەردە گرنگترە لە زانیارییەکان، گرنگترە لە چۆنییەتی بیرکردنەوە). [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=