نیاز مستەفا
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێویستە دڵنیایی لە پاراستنی سەلامەتیی کوردەکانی سووریا بدرێت و ڕێگری لە هێرشی ئیسلامییە پەڕگیرەکان بۆ سەریان بکرێت.
ڕۆژی یەکشەممە، #08-12-2024# ، گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و یان لیپاڤسکی، وەزیری دەرەوەی چیک پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان سەبارەت بە دۆخی سووریا کرد.
لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، گفتوگۆیان سەبارەت بە پاراستنی کوردانی سووریا کرد. دەشڵێت، پێویستە دڵنیایی لە پاراستنی سەلامەتیی کەمینە کوردەکانی سووریا بدرێت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، کوردەکانی سووریا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە. جەخت لەوەش دەکاتەوە، کوردەکان ئازایانە شەڕیان دژی #داعش# کرد و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دڵنیایی پاراستنیان لە هێرشی ئیسلامییە پەڕگیرەکان بدات.
ئەو نووسینەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپۆزسیۆن و میدیای فەرمی سووریا ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدیان ڕاگەیاند.
بەپێی لێکدانەوەکان، نزیکەی 2.5 ملیۆن هاونیشتمانیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دەژین و زۆرینەیان لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێن. [1]