ئامادەکاری تیمی بالەی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# بە چڕی بەڕێوە دەچێت و لەو چوارچێوەیەشدا تیمەکە ڕوو دەکەنە وڵاتی ئێران و بەشداری خولێکی دۆستانە دەکەن.
سەبارەت بە بانگێشت کردنیان بۆ ئەو خولە د. (سەڵاح کانەبی) ڕاهێنەری تیمی بالەی یانەکە بۆ پێشمەرگە سپۆرت زانیاری زیاتری داو وتی، تیمەکەمان جیاواز لە وەرزەکانی ڕابردوو ئامادەکاری دەکات بە کۆمەڵێک یاریزانی لاوەوە کە دەبێتە ئەزموونێکی نوێ لە یانەی پێشمەرگە، هەروەک ناوبراو ئاماژەی پێدا کە بە فەرمی بانگێشتی خولێکی دۆستانە لە وڵاتی ئێران کراون کە لە شارەکانی #مەریوان# و #سنە# بەڕێوە دەچێت و تێیدا و چوار یاری ئەنجام دەدەن کە سێ یاریان لە شاری مەریوان و یەک یاری لە شاری سنە دەبێت.
کانەبی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ڕێکەوتی #30-11-2024# یارییەکانیان دەست پێدەکات و لە ڕێکەوتی #03-12-2024# کۆتا یاریان ئەنجام دەدەن.
د. سەڵاح لە درێژەی وتەکانی وتی، تیمەکەمان بۆ یەکەم جارە دەچێتە وڵاتی ئێران کە بە فەرمی بانگێشت کراوین و ئەوەش بۆمان دەبێتە کەشێکی گونجاو تا کەمپێکی مەشقی و یارییەکانی لێ ئەنجام بدەین کە بۆ یاریزانانمان دەبێتە ئامادەکاری بۆ بەشداریان لە یارییەکانی خولی ئێراق کە بڕیارە لە ڕێکەوتی #07-12-2024# دەست پێبکات.
دواجار ڕاهێنەری تیمی بالەی یانەی پێشمەرگە وتیشی ئەو تیمانەی یاریان لە بەرانبەر دەکەین لە خولی پلە یەکی یانەکانی ئێران بەشدارن و لە تیمە بەهێزەکان دەبن.[1]