پاش بانگێشت کردنیان بۆ بەشداریان لە خولێکی دۆستانەی بالە، تیمی بالەی یانەی پێشمەرگە لە شاری #مەریوانی# ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکەم یاری لەو خولە دۆستانەیە ئەنجام داو مەشقە ئامادەکارییەکانیشی دەستپێکرد.
سەبارەت بە بەشداری تیمی بالەی یانەی پێشمەرگە لەو خولە دا، م. #شێرزاد محەمەد حەسەن# سەرۆک شاندی تیمی بالەی یانەی پێشمەرگە بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاندوو وتی، تیمەکەیان لە وادەی ئامادەکارییەتی بۆ بەشداری لە خولی نایابی بالەی یانەکانی ئێراق و دوای بانگێشت کردنیشیان بۆ وڵاتی ئێران و بەشداریان لەو خولە دۆستانەیە بە گرنگیان زانی کە تیمەکە ئامادەبکەن و چەندین یاری دۆستانە لە دەرەوەی خولەنێوخۆییەکان ئەنجام بدەن تا یاریزانان سوودمەندبن و بتوانن بە ئاستێکی بەرزتر لە خولی نایابی بالەی یانەکانی ئێراق ببینرێن.
سەرۆک شاندی تیمی بالەی یانەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشدا کە یەکەم یاریان لە شاری مەریوان و لەنێو هۆڵی زاگرۆس ئەنجام داوە و یارییەکانیشیان بەردەوامی دەبێت و دەبێتە ئامادەسازیەکی زۆر باش بۆ تیمەکەیان تا ئەنجامی بەرچاو لە خولی نایابی بالەی یانەکانی ئێراق بەدەست بهێنن.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە تیمی بالەی یانەی پێشمەرگە لە خولی نایابی بالەی یانەکانی ئێراق لە کۆمەڵەی دووەمی یانە بەشدارەکان یاری دەکات و ڕووبەڕووی هەریەک لە یانەکانی (نینوی، حەبانییە، مقدادیە و نعمانییە) دەبێتەوە.[1]